کاتی بەهارە
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
1126 بینین
کاتی بەهارە چاوەکەم! بێ بچینە باغی دووبەدوو
گوڵ بچنین بە هەردوو دەس، بێینە سەما و جوستوجوو
ساقی بە هەڵپەڕینەوە دێت و دەچێ لە نێو چەمەن
خونچە بە پێکەنینەوە دڵ دەڕفێنێ زوو بە زوو
بولبول و قومری هەر تەڕەف سازی تەڕەب دەکەن، کەچی
لە شاخی گوڵ، لە داخی دڵ خۆ دەنوێنێ کوندەبوو
عەڕعەڕ و سەرو و نارەوەن پاکی بە دەم نەسیمەوە
بە ڕەقس و شەوق و زەوقەوە دێن و دەچن بە ئارەزوو
ئەدەب دڕا دەفی لەبەر تەرەب لە باخ و گوڵشەنا
لە لای بەشەر لەبۆ دەوا نەما حەیا وو ئابڕوو
خۆشییە، کەیفە، شادییە، بەزمە، هەرایە، چۆپییە
بە عەشقی بووکی بولبولە، خونچە کە بووکە، دڵ خەسوو
ڕاز و نیازی دڵ دەکەن بولبول و قومری پێکەوە
هەردوو بە فکری بیکرەوە، خونچە بە یەک دەدەن بە شوو
هەر بەتەنێ «ئیمامیناسناوی ئەدەبی»یە بێ بەش و بەهرە مایەوە
خەرمەنی خەم بە با دەدا، دەنکی ئەسەف دەکا بە توو