گوڵبەریشم چوو
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
846 بینین
هەموو ساڵێ خەزانی گوڵ بوو بۆ من، گوڵبەریشم چوو
گوڵم چوو، سونبولیشم چوو، دڵم چوو، دڵبەریشم چوو
چەمەن تەنیا گوڵی چوو، من بە جارێ ماڵی وێرانم
کەسم چوو، سەروەریشم چوو، موڕەببی و ڕێبەریشم چوو
لە باغا بەرگی گوڵ چووبوو بە تاراجی خەزان، بۆ من
قەڵەم چوو، نامە چوو، تەبعی ڕەوان چوو، دەفتەریشم چوو
عەجایب پاییزێ بوو، شەختەکەی جەرگ و دڵی بردم
دڵ و جەرگ و هەناو و ماڵ و حاڵ و هەم سەریشم چوو
خەڵک شووشەی گوڵی دەشکێت و من شووشەی دڵم، چ بکەم
خەڵک سووسەنبەری دەڕژێت و من مووعەنبەریشم چوو
خەڵک خانوێکی دنیایی دەڕووخێ مات و حەیرانە
ئەمن ئەی خاک بەسەر خۆم، مزگەوت، هەم مینبەریشم چوو