ئەوشۆ

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  988 بینین
چ خۆش بەزمێکە بەزمی یارە ئەوشۆ
دڵم جێڕاوگەیی دڵدارە ئەوشۆ
دەڵێن یارم لە شەودا دێ و لە خەودا
لە بێداری دڵم بێزارە ئەوشۆ
سەبا، موژدەی بەرە بۆ شاری عوششاق!
کە مەجلیس خۆش و بێ ئەغیارە ئەوشۆ
لە نێو پێچپێچی زولفی، بولبولی دڵ
خەریکە دێ و دەچێ، سەییارە ئەوشۆ
گوڵی دڵ سیس و پەژموردە و چەمیبوو
بە وەسڵی یاری شەونمدارە ئەوشۆ
وەکوو یۆسف لە زیندانێ وەدەرکەوت
بە سەد عیززەت عەزیزی شارە ئەوشۆ
لە وێرانەی دڵمدا ئێستە دڵدار
بەبێ میننەت شوکور میعمارە ئەوشۆ
تەماشا قافیە و شێعرم لە شۆقی
چ مەوزوونە و چ چابوکسوارە ئەوشۆ
لە جەولانگەی سەنا و تاریفی یارم
قەڵەم ئەسپێکی تەعلیمدارە ئەوشۆ
ئەگەر موو بێ، لغاوی نایپسێنێ
ئەگەرچی کارەکەی هەر غارە ئەوشۆ
ڕەقیب زانی: بە کار نایە «ئیمامیناسناوی ئەدەبی»
لە خۆی بێزارە، تارومارە ئەوشۆ
عەسەس بێکارە ما، دەرچوو لە مەیدان
کوتی سەردەرکە، ماڵ بسیارە ئەوشۆ
«ئیمامیناسناوی ئەدەبی»ش وا لە سایەی قەندی لێوت
وەکوو تووتی شەکەرگوفتارە ئەوشۆ