کزەبای شەماڵ

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  937 بینین
بە سروەت پێ دەڵێم چاوم، کزەی دێ بای شەماڵ ئەوشۆ
چزەی دێ جەرگی برژاوم، بەبێ پۆلوو و زوخاڵ ئەوشۆ
ئەوا تیپی بەهاری دەست بە نێزە چوونە سەر بەفرێ
شکا پشتی کلیلەی قوڕبەسەر وەک پیرەزاڵ ئەوشۆ
سەراسەر فەڕشە چیمەن بۆ قودوومی بووکی گوڵ، بۆیە
زمانی گرتووە هەر چەشنی تووتی، کوندە لاڵ ئەوشۆ
بە تەشریفی شنە، شەوبۆ و نێرگس پاکی پشکووتن
لە خۆشیان بولبول و قومری دەکەونە قیل و قاڵ ئەوشۆ
کوڕوکاڵ دەم بەخەندەن، کیژوکاڵ پڕ عیشوە وو نازن
بزەی دێ غەمزە وو ڕەمز و ئیشارەی چاوی کاڵ ئەوشۆ
ئەوا هەر چاوەڕێیە نێرگسی شەهلا بە تەنیایی
بە جارێ بوو سپی چاوی بە ئوممێدی ویساڵ ئەوشۆ
بە دەنگی بولبول و قومری، تەماشا دڵ چلۆن دەگری!
دەڵێ بگرن بە دڵ قەدری، جەماڵی کیژوکاڵ ئەوشۆ
«ئیمامیناسناوی ئەدەبی»ش هەروەکوو بولبول بە هیوای پێکەنینی گوڵ
دەناڵێنێ لە سەر هەر چڵ، بە یادی خەتت و خاڵ ئەوشۆ