حاسڵی من

لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
 1 خولەک  866 بینین
وەی کە هەر کاتێ شین ببێ گوڵی من
کە بپشکوێ، چ خۆش دەبێ دڵی من
ڕابوەستن هەتا دەگاتە بەهار
جا دەبینن گوڵیش لە سەر گڵی من
ئەوکەڕەت کیژوکاڵ لە من پرسن
تێدەگەن باش کە قەبرە مەنزڵی من
مەنزڵی چی؟ پڕە لە خیز و بەرد
پاکی هەر دڕکوداڵە باخەڵی من
کەسێ بچنێ گوڵێک لە سەر گۆڕم
هەڵدەچێ زوو لە دەستی پێکوڵی من
بەرهەمی ساڵیانەکەم پرسن
سەری خەرمان جەفایە حاسڵی من
من بە «ئاواتناسناوی ئەدەبی»ی خۆمەوە سووتام
داخۆ کەنگێ بڵند بێ مەشقەڵی من