نەسیمی نەوبەهار
لە کتێبی:
شاری دڵ
بەرهەمی:
سەید کامیل ئیمامی (1903-1989)
1 خولەک
1138 بینین
بە تەڕدەستی نەسیمی نەوبەهار هات
بە گورجیش ڕۆیەوە، من مام و ئاوات
ئەرێ ئەی سەروی باڵابەرزی خۆشڕەنگ!
ئەوندە بۆ لەبارە بەژن و باڵات؟!
لە بەر بەرزی، وەباڵی عاشقانت
نەگەییە گەردنت، هەیهاتە هەیهات!
بە دڵسەردی بەجێ ماوم لە هاواڵ
چ سەرگەرمم بە عەشقی ئاڵ و واڵات
دەمێ دڵسەرد و گا سەرگەرمی تۆم من
کەچی تۆشی دەگەڵ من بێ موبالات!
لە دووری تۆ وەکوو بولبول دەناڵم
بە هەڵبەست و وتەی خۆش و مەقالات
لە شەترەنجی خەیاڵت بازیگەر بووم
بە دەس فیلی فیراقت بووم کش و مات
بە قوربانی وەفات بێ، گەرچی نیتە
«ئیمامیناسناوی ئەدەبی» هەر دەڵێ دوور بی لە ئافات