پێشەکی (٣)

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 18 خولەک  943 بینین

ئەحمەد حەمدی لەگەڵ هەموو ئەفرادی ئەرتەشا بە موحەببەت بوو؛ هەموو خۆشیان ئەویست و لێشی ئەترسان. لەگەڵ من زۆر مێهرەبانتر بوو، بۆ نموونە جارێکیان داوام کردبوو کە لە بەشی پزشکییەوە بمخەنە دامپزشکی کە حقووقەکەی زیاتر بوو. بانگیان کردم بۆ حوزووری ئامێر، کە چاوی پێم کەوت پێکەنیی و وتی: «بۆ، کوڕم، ئێمە خراپیمان چی بوو وا حەیوانت بە سەر ئێمەدا تەرجیح دا؟!» لە سەربازییا لای ئامێر پێکەنین گوناحێکی گەورەیە، بەڵام خۆم پێ نەگیرا وتم: «قوربان، حقووقەکەی زیاترە.» وتی: «منیش بڕێکی لێ ئەزانم. بۆ مەبلەغێکی کەم ئێمە مەگۆڕەوە بە حەیوان؛ ئەوانیش کاریان گرانترە و، بێسەبەب نییە حقووقی ئەوان زیاترە. ئیسە قانێع بووی؟» وتم: «بەڵێ.» وتی: «ئێستە لەسەر عەریزەکەت بنووسم موافق نیم؟» وتم: «بەڵێ.» لەبەر چاوی خۆم نووسیی موافق نیم هەڵیگرن. کەم کەسم دیبوو ئەوەندە شێوەی گەورەیی و فەرماندەهی بزانێت. بێینەوە سەر باسی ئازادیم لە زیندان: حقووقم وەرگرت و چوومە سەر کار و خزمەت، بەڵام دڵم لە خزمەت هەڵکەنیابوو، ئەو شەوقەی جارانم نەمابوو، پەیمانی ٥‏ ساڵەم تەواو ببوو.

لەبەر شەڕی دووهەمی جەهانی وەرەقەی خاتمە خزمەتیان بە هیچ سەربازێک نەئەدا. دوای چەندێ، شەڕیش کێشایە عێراق و شەڕی عێراق و ئێنگلیس و، قەزیەی ڕەشید عالی گەیلانی بەرپا بوو. من لەو شەڕەدا بووم و بەسڵامەت دەرچووم. لێرەدا باسێکی خۆشتان بۆ ئەگێڕمەوە. زوان بێڵێ سەر سڵامەتە و ئەگەر خواش مەیلی نەبێ کەس ناکوژرێ. ئەو کاتە ئەچووین بۆ شەڕ دەستەی ئێمە لە شاری فەللوجە بووین لە قەراخی چەمی فۆراتا، بە تۆپی زیددی هەوایی تەیارەیەکی ئێنگلیسەکانیان پێکابوو. لای خوارووی شارەوە، بە ئەندازەی دوو کیلومیتر و نیوێ، تیارەکە نیشتبووەوە. خەڵکی فەللوجە نزیکەی پەنجا نەفەرێک ڕایان کرد (وەگەع وەگەع) «کەوت کەوت» بە دەنگی بەرز و بە خۆشی و هەرا چوونە نزیکی تەیارەکەوە. تەیارەچییەکان موسەلسەلیان لێ خستبوونە کار و، کوڕێکی چواردە ساڵەیان لێ کوشتبوون. بە شین و ڕۆڕۆ گەڕانەوە بۆ ناو شار. لەلایەن ئەرتەشەوە تانکیان بۆ دەرچوو؛ من و چەن سەرباز لە دوورەوە لە بەرزایییەکەوە چاومان تێوە بوو تەیارەکە ئاگری گرت. کە پرسیمان وتیان: «هەرچی بەنزینیان بووە ڕژاندیانە بەسەر خۆ و تەیارەکەدا؛ پێیان عەیب بووە بە ئەسیری بکەونە دەس عەرەب.» منیش لەبەر خۆمۆ وتم: «ئەی ئافەرین، ڕۆڵە! ئەم عەرەبە بێدەرپێ سەگبابانە ئاخری هەموومان بە کوشت ئەدەن! دەوڵەتێ بەم گەورەیییە سەربازی وا فیداکاری بێ، چۆن شکەست ئەخوا؟!» ئەم قسەم لە دەم دەرپەڕی و لەبیرمە وتم. مانگ و نیوێکی پێ چوو لەشکەری عێراق شکا، لەشکەری بریتانیا بەغدای گرت فەوجەکەی ئێمە نەقڵی هەولێر بووین.

ئێوارەیێ لە حەوشی خەستەخانە عەسکەرییەکەی هەولێرا گە جێگایەکی باسەفا و درەخت و گوڵی تیا بوو، چەن کەسێک مێز و بساتی خواردنەوەمان بوو. لەناومانا نایب زابتێکی کوێرەمووشەی حیسابداری عەرەبیش بوو. زمنی قسە و خواردنەوە وتی: «نافێع، تۆ کوڕێکی عاقل و تێگەیشتووی. لەبیرتە کە فڕوکەکەی ئێنگلیس لە فەللوجە کەوتە خوارەوە وتت ئەم عەرەبە پێپەتییە باوەحیزانە دەرەقەتی ئێنگلیس نایەن؟» وتم: «ئا.» وتی: «بە خەیاڵت من کوردی نازانم؛ من ئەو تەوهینەم زۆر پێ ناخۆش بوو و، وتم ئەمە کوردە غایێنە: ئێنگلیسی خۆش ئەوێ. هاتم بتکوژم، نازانم چۆن پەشیمان بوومەوە. بەس نەبوو نەمکوشتی!» کە ئەمەی وت وەک مووسایییەکەی زرێبارم لێ هات و مچوورک و تەز هات بە سەر پشتما؛ هەوای خۆشی بەتەواوی لەسەرم دەرچوو، بەڵام خۆم نەشڵەژان. ئەویش مەست بوو بەپێکەنینەوە. لەسەرخۆ وتم: «جا ئەوە کەریش ئەیزانی کە ئێمە شیکەست ئەخۆین!» وتی: ««چۆن؟» وتم: «حەفتەیێ بەر لە شەڕەکە، ئەوە نەبوو ئێنگلیسەکەکان هاتن تەفتیشی هەموو شتێکیان کردین؟ هەر چەکی کۆنەی خۆیان بوو بە ئێمەیان فرۆشتبوو. دیارە وەزعی ئێمەیان جوان لێ مەعلووم بوو.» وتی: «ئافەرین! هەموو کەس ئەم تەشخیسەی نییە.» سەری ماچ کردم و پێکەنیی.

بگەڕێینەوە سەر باسی شەڕ: زۆر لە ڕفێقەکانم— نزیکەی سەد کەسێک— کوژران. پاش ئەوە کە عێراق شکا و ئێنگلیس زاڵ بوو، فەوجەکەمان گەڕانەوە بۆ بەغداشوێن. لای ئەفسەرە مافەوقەکانم زۆر بەڕێز و حورمەت بووم. بەتاریفی خۆم نەبێ لام وا بوو خزمەتی جوانم کردبوو. بۆ نموونە، لە سەرەتای شەڕا ئەفسەرێکی دوکتورمان بۆ هات؛ کە زانیی خەریکە شەڕ دائەگرسێ، هەڵات و خۆی گوم کرد. ناچار من کە چوار کوڕی باشم لەبەر دەسا بوو دووانیان کورد و دووانیان عەرەب بوون، تەسمیممان گرت خۆمان یەک بگرین، گوێ بۆ سەرپەرەست شل نەکەین و لە خۆمانی نەشەوێنین. چوار سنووقی گەورەی دەوا و دەرمانمان پێ بوو کە بە قاتری بارەبەر تا ئاخری شەڕ لە گەل فەوجەکەی خۆماندا هەڵمان گرت. لە هەر جێگایەک بحەسایەتینەوە زوو چادری خۆمان هەڵ ئەدا و، ئامادە بووین بۆ تەداویی نەخۆشەکان. تا ئاخری شەڕ من جێگای دوکترێکم گرتبوو. ئەفسەر و دەرەجەدار و نەفەر کە ئێحتیاجی بە ئێستراحەت بوایێ، بۆم ئەنووسین و فەرمانم ئەدا سواریان کەن و بە پیادە نەڕۆن. ئەگەرچی جبهەی شەڕ بوو، کەس لە فەرمانم سەرپێچیی نەئەکرد و منیان خۆش ئەویست. کە شەڕ تەواو بوو دیسان هاتینەوە بەغدا. شەش فەوج لە دوو سێ باغی گەورەی توو شیرینا کە تووی جوان و قەڵەو و شیرینی بوو خۆمان حەشار ئەدا.

ئەو فەوجانە بە هەموویان سێ دوکتریان بوو. هەر من دەرمانی زۆرم پێ مابوو. دوکتورەکان وایان ئەزانی گەنجیان دەس کەوتووە. فەوجەکانی ئەوان نەخۆشیان زۆرتر بوو. دوکتورەکان ئافەرینێکی زۆریان لێ کردم چونکا بەعزێ لە ڕفێقەکانم لە فەوجەکانی ترا تەنانەت کۆڵەپشتییەکانی خۆیان کە سووک بوو، کەمێ دەرمانی تیا بوو، فڕ دابوو. چەن کەسیان کە ڕفێقی کۆنم بوون بە گەوجیان ئەزانیم کە ئەوەندە دڵسۆزیم بۆ ئەرتەش کردووە، بەڵام ئەوان گەوج بوون؛ کەس ئاگای لە کەس نەبوو. هەر خۆمان بووین و بۆ نەخۆشی خۆمان بوو، کەس نەبوو مەمنوون بێ یا نەبێ.

پاش مونتەقیلبوونم بۆ هەولێر نزیکەی شەش ساڵیک ئەبوو خزمەتم ئەکرد. گەرچی وەزعی دنیا ناجۆر و تێکەڵ و پێکەڵ و شێواو بوو، بەڵام باری ژیانی من باش بوو؛ لە کاری خۆم سەرودڵخۆش بووم، لە داخڵ و خارجا زۆر بەڕێزیان ئەگرتم. لە گۆشە و کەنارەوە ئەمبیست کە دایکم بۆ دووریی من زۆر بێتاقەتی ئەکا؛ هەر ئەگری و دائەبارێنێ. لە لایەکی تریشەوە هیوای زۆرم بوو دنیا بشێوێ و کوردی وڵاتی ئێمەیش تۆزێ ڕۆشن ببنەوە، ترس و پەردە لە سەر چاویان لاچێ، پەی بە حقووقی خۆیان بەرن. بۆ چاوپێکەوتنی دایکم و بەم ئارەزووەوە داوای مانگێ مەرەخەسیم کرد بۆ یەکێ لە شارە مەرزەکانی نزیکی ئێران. ئەو کاتە شەڕ هێشتا تەواو نەببوو؛ ڕووسشوێن و ئێنگلیسشوێن پێکەوە هەڕەشەیان لە ئێرانشوێن ئەکرد، مەرەخەسییان بە کەس نەئەدا. بەڵام چون منیان خۆش ئەویست موافەقەتیان لە سەر مەرەخەسییەکەم کرد. ئەو کاتە من لە هەولێر بووم. زۆر ئامشۆی عەکاسخانەکەی عەبدوڕەحمان گیوی موکریانیم ئەکرد. ئەیوت: «ئێمە لە ئەسڵا خەڵکی سونجی لای سەقزشوێنین.»

ئەو ئەیوت: «مەچۆرەوە بۆ ئێرانشوێن. ئێنگلیس و ڕووس هەڕەشە لە ئێران ئەکەن؛ ئەویش ئەپاڕێتەوە.» بەڵام بەقسەم نەکرد و گەڕامەوە بۆ ئێران.

گەڕانەوەم بۆ ئێران: لە مانگی موردادی ساڵی ١٣٢٠ی ھ. بە ئێجازەی کەڵانتەری مەرزی بانە، سەرهەنگ عەزۆدپوور، هاتمە بانە و لە ماڵی میرزا عەلی عەلاییکەس، کە تاجرێکی ناودار و پیاوێکی باش بوو، میوان بووم. پاش سێ ڕۆژ لەگەڵ مەئمووری ژاندارمری ڕەوانەی سەقز کریام. بەداخەوە ئەمانیش زیندانییان کردم. پێشهاتی شەهریوەری ١٣٢٠ ڕووی دا. هەر سێ ڕۆژ لە زیندان بووم و بێمنەت ئازاد بووم و ئیتر نەگەرامۆ بۆ عێراق و لە ئێران نیشتەجێ بووم. ئەو وەختە سەقز پڕ بوو لە دەسەی تفەنگچیی حەمە ڕەشید خان و مالیکە زۆردار و نەفامەکانی دەوروبەری سەقز. دانیشتنی نێو شارم پێ خۆش نەبوو. چون کارەکانیان هەموو نائێنسانانە و تاڵان و بڕۆ و زوڵم و زۆر و بێداد بوو؛ ناچار چووم بۆ دێی سەید ئاوایی، لای مەرقەرەنی مڵکی خۆمان. ماوەیێ کە لە ئەوێ بووم ڕۆحم زۆر لە سەختی و عەزابا بوو، چون من بە جۆرێ تر و ڕەوشتێکی ترا ڕاهاتبووم؛ نە ئەخلاق و ڕەفتارم نە قسەم نە لەگەڵ ئەوان و نە لەگەڵ خەڵکی شارەکەی خۆیشمانا ڕێک نەئەکەوت، چون باس و قسەیان یا ڕاوڕووت یا خەوارێقی مەشایخ گێڕانەوە بوو کە من مەیلم بە هیچیان نەبوو. مەگەر خوا بزانێ چەنێ نارەحەت بووم، لە دڵی خۆیشما پەشیمان بوومەوە لە گەڕانەوە بۆ ئێران. نەیشمئەتوانی تازە بگەڕێمەوە، بە فەراری و هەڵاتوو لە قەڵەم درابووم.

ساڵی ١٣٢١‏ ھ. کە دەوڵەت دامەرزا، لە فەرهەنگی سەقز بووم بە ئامۆزگار. حقووقی زۆر کەمیان پێ ئەداین و بەشی نەئەکرد. من تازە هاتبوومەوە بۆ ئێران، ئەیانوت ئەم حقووقە جاران باشتر بووە؛ ئێستا دە بەرابەر شت گرانتر بووە.

دەوڵەت هیچ دەربەسی موعەلیم نەبوو؛ هەر هاواریان ئەکرد و کەس جواوی نەئەدانەوە، هەر کەسێک زۆر لە سەری بڕۆشتایێ بەرچەسپی تودەگەری (کۆمونیستی)یان پێوە ئەچەسپان و دەریان ئەکرد و، دەسی لە هەوانەوە دەرئەچوو. یەکێ وەک من کە هیچ هومێد و هیوا و ڕۆشنایییەکم نەبوو، مەجبوور بووم نقە نەکەم، ئەگەرچی لە زۆر کەس زیاتر نقەم ئەکرد وەلێ فایدەی نەبوو.

وەزعی ئیدارە: من لە هەوەڵی کارەکەمەوە لە دەفتەری فەرهەنگا کارم ئەکرد و ئەوەی کە سەرنجی ڕاکێشابووم زۆرم پێ سەیر بوو، ئەمە بوو کە ئەمدی ئیدارەکان بەئاشکرا بەرتیل ئەخۆن و دزی ئەکەن و کاری خەلک ڕێ ناخەن تا شتێکیان پێ نەدەن. تۆزێ ویجدانیان نەبوو، زۆر لەو کەسانەیش کە کاریان بە ئیدارە بوو دەسەی هەژار و بێچیز بوون. ئینسافەن ئەم نەوع کارانەم لە عێراقا نەدیبوو، زۆرم پێ سەیر بوو، سەرم سڕمابوو. کارمەند بۆیە حقووق وەرئەگرێت کاری خەڵک بەڕێ کات، نە لە خوا و نە دەوڵەت و نە لە خەڵک نەئەترسان. چەن جاریش لە سەر دوو سێ فەقەرەیش هاتمە جواب، دیم بێدەنگ بم چاترە. من هەر خۆم پێ ئەپارێزرا نەمئەتوانی خەڵک بپارێزم، بەڵکوو زۆریشیان خۆشیان لێم نەئەهات، ئەیانوت تۆ خۆت نایکەیت کارت بە سەر خەڵکەوە چییە؟ من تەنها کەسێ بووم خۆشم لە دزی نەئەهات و زۆری پێ قەڵس بووم! ئەیشمزانی کە بە پیاوێکی بێ عورزە و پەخمە هاتوومەتە پێش چاویان. ئەمەیشم لەهەموو پێ سەیرتر بوو، نە مەلا نە شێخ نە هیچیەک لە پیاوە موسڵمانەکان دەنگیان نەئەکرد و لە لایان کارێکی عادی بوو و، من هەروا مامەتەوە وخەڵکیش هەر وەهان! بەڵام ئەبینم بڕێ لە لاوە تازەپێگەیشتووەکان دزی و ڕشوەیان لەلا خراپە و، ئەزانم ئەم دەسەیشە لای زۆر کەس تەنانەت لای کەس و کارەکانی خۆیشیان سووکن، جا وردە وردە نووری هومێدێ لە دڵما پەیدا بووە؛ ئەمەیە کە ئەم بەرە کە تەشریف بەرین، ئەو بەرەی وا دێن زۆر ئەبن. لەسەر ئەمە زۆر ڕۆیشتم، دەردەدڵێ بوو لەسەر دڵما ببوو بە گرێ بمنووسیایەت چاتر بوو؛ ئەوەی موافێق بێت ڕەحمەت و ئەوەی موخالیف بێ لەعنەتم بۆ ئەنێرێ (گەردنی هەردووکیان ئازا بێت.) بێمەوە سەر باسی خۆم: زۆری پێ نەچوو لە ئامۆزگارییەوە بووم بو دەبیری عەرەبی و دینی، بەڵام هەر ناوی بوو و حقووقم هەر حقووقی ئامۆزگاری بوو. لە سالی ١٣٢٢دا ژنم هێنا و خەرجی خۆم گران کرد و، ڕێوی هەژگێکی‏ بەست بە کلکیەوە! لە ساڵی ١٣٤١‏ی ھ. لەبەر ئەمە کە لە شناسنامەدا عومرم زیاد نووسرابوو بازنشەستیان کردم و حقووقم بوو بە نیوە و هەرچی هاوارم کرد و تەقالام دا و کار کێشایە دادگا، بە قەولی قانیع میکائیل هەر ئەوەندەی مەیل بوو، فایدەی نەبوو؛ ناچار لە ساڵی ١٣٤٣‏ی ھ.دا لە دارووخانەی شێر و خۆرشیدی سەقز، لە بەر ئەوە سەرم لە دەوا و دەرمان دەرئەچوو، بە حقووقێکی زۆر کەم دامەزرام. ئەم مانگانە کەموکوڕە کومەکێکی ناچیز بوو بە ژیانی خۆم و ماڵ و منداڵ. ئێستەش هەر لێرەم و چونکا خزمەتی خەلکی فەقیر و هەژاری وڵاتەکەمە، پێی ڕازیم و سەرودڵخۆشم و، ئەزانم خەڵکیش لە خزمەتەکەی من زۆر ڕازین و دوعای خێرم بۆ ئەکەن. تا ئێرە هەرچۆنێ بوو ژیانم بردە سەر. ئێستە شوکری خوا منداڵ گەورە بوون و زۆریان لێ ڕازیم و شوکر ئێحتیاجیان بە من نییە و خەمی ئەوان ناخۆم. دوو کوڕم هەیە بە ناوی عەبدوللـەتیفکەس و عەبدولناسرکەس و سێ کچ بە ناوی سەروەرکەس و موفیدەکەس و گەوهەرکەس. کچەکانیشم بەقەی کوڕەکانم خۆش ئەوێن و، تا ئەو جێگا لە تواناما بووبێت پێم خوێندن، بەڵام من حەزم ئەکرد زیاتر بخوێنن؛ هەر ئەوەندە قسمەت ببوو. ئەڵبەتە هیچیان لە دیپلۆم کەمتر نین. ئێستا هەر تەنیا خۆم و دایکی مناڵەکانین بەم حقووقە عادەتمان کردووە بژین، خۆشی ڕائەبوێرین. ئەمە بوو تا ئێرە مەسیری کار و ڕەوڕەوەی ژیانی من. چۆن بووم بە شاعیر؟ نازانم بۆ بووە بە ڕەسم هەر ئەبێ شاعیر چارەنووسی خۆی بنووسێت یا بینووسن. ئەی خەڵکی تر کە شاعیر نەبن بۆ ناینووسن؟! ئیتر جوابی ئەمە بە من نییە؛ بە خەڵکی ترە! بێمەوە سەر باسی شاعیریەتیی خۆم: شاعیریی من لە نەتیجەی خەم و ناڕەحەتی و نالەباریی ژیانێ بوو کە بە پێچەوانەی ئاواتم پێک هاتبوو. هەر لە سەرەتای مناڵیما زەوقی شێعر و قافیەم بوو، بەڵام لە ساڵی ١٣٠٧دا هەروا جاروبار شێعرم ئەوت، هەم بە فارسی هەم بە کوردی. خۆم شێعر وتنم بە کوردی پێ خۆشتر بوو و لام ئاسان بوو چونکا زبانی دایکیم بوو، بەڵام لەو زەمانەدا لە لای ئێمە، مەخسووس لە شارا، کەمتر شێعری کوردی ڕەواجی بوو و، خەڵک شێعری کوردییان بە گۆرانیی دێهاتی ئەزانی و لە لایان بێقەدر بوو و گوێچکەیان بۆ شل نەئەکرد. ناچار هەوڵم دا بە فارسی زۆرتر شێعر بێژم. مەخسووس لە هەوەڵی شاعیریما شێعری فارسیم زۆرترە لە شێعری کوردی، ئەمما شێعرە هەوەڵە فارسییەکانم کاڵن و سەرەنجڕاکێش نین. شێعرەکانم بە سێ دەستەی خوارەوە تەقسیمبەندی و دابەش ئەبن: -١‏ دەستەی هەوەڵ، هیی زەمانی مناڵییە لە تەمەنی ١٢ تا ١٨ ساڵەیی کە زۆرتری سکاڵایە و دەردەدڵە لە مەحدوودبوون و ناڕەحەتی لە مەحەللی خۆما لە شاری سەقز و بێزاری لە وەزعی ژیانی ئەم جێگامە و ئەشکەنجەی ڕۆحی بە هەموو جۆری. -٢‏ دەستەی دووهەم هیی زەمانێکە لە عێراق بووم لە تەمەن ١٩ تا ٢٠‏ ساڵەیی تەقریبەن شێعری نیشتمانی و عەلاقە و مەیل بە ئاو و خاک و کۆمەڵایەتی و زبان تا حدوودێ خۆشبینی بە پێچەوانەی زەمانی دەسەی هەوەڵ. ٣-‏ دەسەی سێهەم هیی زەمانێکە لە سەقز پاش گەڕانەوەم بۆ خاکی ئێران لە ساڵی ١٣٢٠‏ی ھ.دا، لە تەمەنی ٢٩‏ تا ٣٠‏ ساڵەیی و پێشهاتی شەڕی جیهانیی دووهەم تا ئەم تاریخە کە لە هەموو جۆرەیێ تێکەڵە بە تەرتیب نووسیومن، بەڵام زۆر موڕەتەب نین و پاکنووس نەبوون. ئەوەی کە تاریخم بۆ دانابێ، تاریخەکەی ئەنووسم و، ئەوەی کە لە بیرم نەبووبێ تاریخی بۆ دانێم لە سەری ئەنووسم دەسەی هەوەڵ یا دەسەی دووهەم یا سێهەم. لە هەوەڵی شێعر وتنما دایکم و کاکەم و خاڵەکانم پێیان ناخۆش بوو شێعر بڵێم چونکا ئەیانوت ناخوێنێ و تەحسیلی لەکیس ئەچێت. لەو وەختەوە شێعر ئەڵێم هەتا ئێستە. وەختی وا بووە چەن ساڵ بەکوللی شێعرم نەوتووە یا لە زەرفی ساڵێکا، سێ یا چوار قەتعە شێعرم وتووە. لام وایە پیاو ئەگەر مەجبوور نەبێ شێعر وتن کارێکی باش نییە و حەیفە وەختی عەزیزی خۆی بە شێعر وتن ڕابوێرێ، مەخسووسەن بەو قسانە کە لەلایان خەڵکی ترەوە زۆر جار وتراون. من حەزم ئەکرد نووسەرێکی باش، یا دوکترێکی باش، یا موهەندسێکی باش، یا پیشەسازێکی (سەنعەتکار) باش، یان وێنەگەرێکی باش بم، نەک شاعیرێکی باش. ئەمە عەقیدەی خۆمە و نابێ ڕەخنە و ئینتیقادم لێ بگرن؛ عەقیدە ئازادە. لام وایە ئەگەر خاوەندم ببوایێ، ئەبووم بە یەکێ لەو هونەرمەندانە کە خۆم حەزم لێ ئەکرد. مەخسووسەن عەقیدەم وایە کە قوتابی ئەبێ لە وەختی خوێندنیا لە دوو شت لابدا، یەکێ لە شێعر وتن دووهەم لە سیاسەت. پاش ئەوە کە لە خوێندن بووەوە، لە هەردووکیان بدوێت زۆر باشە، چونکا ئەمجارە بە سلاحێکی مودێرن و تەجهیزاتێکی تەواوە دەچێتە مەیدانەوە؛ خۆیشی و خەڵکیش کەڵکی لێ وەرئەگرن. لەگەڵ رژیمی پێشوودا چۆن بووم؟ بەڕاستی چون هەر لە مناڵییەوە خووم بە ناڕەحەتی گرتبوو هەرچی بیرم لێ ئەکردەوە ڕێگەیەک بۆ نەجات پێش چاو نەئەهات؛ ناچار بووم لەگەڵ ماڵی خۆمان لەگەڵ دەوڵەتی خۆمان کە هەموو کارەکانیان دژ بە ئارەزووی من بوو بساچێنم. بەم بۆنەوە لەگەڵ دەوڵەتی پێشووش سازاندبووم. چۆن لەگەڵ دەوڵەت سازابووم؟ لەگەڵ ساواک هاوکاریم نەکردووە، لێشیان نەترسام. ئەوەی بمزانیایێ خەلافی قانوونە نەمئکرد؛ شێعرە سیاسییەکانیشم بۆ هەموو کەس نەئەخوێندەوە. بەینێ لەگەڵ ڕادیۆ قاهیرە _بەشی کوردی_ هاوکاریم ئەکرد، بەڵام وەختێک میسر لەگەڵ ئێران بەینیان تەواو تێک چوو، سەفیری یەکیان بانگ کردەوە، منیش قەتعی ڕابیتەم کرد چون ئەمزانی کاغەزەکانم سانسۆڕ ئەکەن و تووشی دەردەسەر ئەبم. حەز ناکەم درۆ بکەم! بڕێ کاری شام پێ باش بوو وەکوو ئێسڵاحاتی ئەرزی، ئەگەرچی خۆیشم کۆنە مالیک و چەکمەڕەق بووم. وەکوو ئازادیی ژنان، گەرچی من لە خانەوادەی ڕۆحانی بووم، ئەمە لای ئەوان گوناحێکی گەورە بوو، وەکوو کوتانی بەعزە مەلایەک کە من لە خەڵکی تر باشتر ئەمناسین، هەروا سپای زانین و چەن کاری تریش. زۆر کاریشم پێ خراپ بوو کە منیش وەکوو خەڵکی تر نەمئەوێرا دەنگ بکەم لە شێعرەکانما ئەمنووسی و ئەمشاردەوە. لە زۆر شێعری فارسیما تاریفی شام کردووە هەر ماوە. بڕێ لە دۆس و ڕفێقە دڵسۆزەکانم ئەڵێن ئەو شێعرانە لا ببە و بیدڕێنە و بیشارەوە، بەڵام من ئەوەی کە عەقیدەم پێ بووبێت لای نابەم. لام وایە ئەم شا دواجۆری شایییە لە ئێران، بۆ یادگار با هەر بمێنێتەوە. من ئەم یادگارەم بە شێوەی قەدیم بەجێ هێشتووە؛ خەڵک هەرچی ئەفەرموون ئازادن. ئەڵێن ئێران ئەبێ بە دێمۆکراسی، ئەو وەختە کەس حەقی بەسەر منەوە. نابێت ئەمڕۆ تاریف ئەکەم، بەیانی جنێو ئەدەم، مەیلی خۆمە. ئەگەر زانیم باز دیکتاتۆری و سانسۆرە ئەمانیشە وا ئەشارمەوە جنۆکەیش ڕێی پێ نەبات! ڕژیمی تازەم پێ چۆنە: ئێمە هەر لە مناڵیمانەوە بانگی ئەڵڵاهو ئەکبەر دراوە بەگوێچکەمانا و عەلاقەیەکی قووڵمان بە وشەی ئێسلام هەیە. من لام وایە ئایینی ئێسلام زۆر پێشکەوتووە؛ ئەگەر بەتەواوی بەڕێوە ببریەت، هیچ نالەباری و ناتەواوییەک لە کۆمەڵا ڕوو نادات. ئەم دەوڵەتە کە بە ناوی ڕژیمی ئێسلامی دامەزراوە زۆر پاک و پیرۆزە. ئەمە لەلایەکەوە، لەلایەکی تریشەوە هەموو چینە سیاسی و ڕۆشنبیرەکان لە زندان ڕزگار بوون و، ئەوانە ستەمیان لە خەڵک کردبوو بە سزای کردەوەی خۆیان گەیشتن. بەمە شاد بووم و زۆرم پێ خۆش بوو. بەڵام ئەم دەوڵەتە هێشتا کارێکی وایان نەکردووە کە جێگەی ئومێد و دڵخۆشی بێت، وەکو خودموختاریی کوردستان کە قەرار وا بوو موافەقەتی لە سەر بکرێ. زۆر کاری خراپیشی کردووە، وەکوی کوشتاری گونبەد، سنە و نەغەدە... وەکوو کار بە نەزان سپاردن، وەکوو سانسۆری ڕادیۆ و تێلویزیۆن و ڕۆژنامەکان، وەکوو ڕقەبەری و دوژمنایەتی لەگەڵ ئەو کەسانەی کە موخالفی عەقیدەی خۆیان بێت. بەبێ دەلیل و مەنتێق بەرچەسپ پێوەنانی زێددی ئێسلام و ئێنتەسابیان بە کوفر و بێدینی، ئەگەر بفامن کەلەمەیەکی زۆر گەورەیە و، پێچەوانەی ئیسلامی ڕاستەقینەیە کە مەبنای لەسەر چاوپۆشی و عەقڵ و داد و بیر و باوەڕە کە خوای گەورە لە زۆر جێگای قورعانا ئێشارەی پێ کردووە. ئەزانم لە خەت دەرچووم بەڵام نووسینی بڕێکم بە واجب زانی.

ئیتر خۆشیتان هیوامە.