پێشەکی (٢)

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 18 خولەک  128 بینین

پاش دەوام (سرویس)، دوای نیمەڕۆ و شەویش تا درەنگێ لەگەڵ بەعزێ ڕفێقان خەریکی قسەکردن بووین. من لە سەعات یەکی پاش نیمەڕۆوە هەتا دەی شەو ئازاد بووم چونکا زیاتری کاری دەفتەرم ئەکرد. نەئەبووم بە خەفەر، یانی کێشکم نەئەکێشا. بەهۆی بەنگینەوە چوومە خزمەت حاجی تەوفێقی پیرەمێردکەس_ مودیری ڕۆژنامەی ژیان و ژین. پیرەمێرد پیاوێکی ڕووخۆش و بەلوتف بوو. هەر بەهۆی بەنگینەوە ڕێم کەوتە زانستی کوردان. تابلۆیەکی گەورە بە شێوەخەتی نەستەعەلیقی فارسی بە درگای زانستییەوە هەڵواسرابوو. پیاوی بەتەمەن و مناڵی بێپارە و فەقیر شەوانە لەوێ ئەیانخوێند.

ئەم مەکتەبە بە سەرپەرەستیی حاجی تەوفێقی پیرەمێرد و مودیریەتی مامۆستا مەلا سەعید ئەفەندیکەس بەڕێوە ئەچوو؛ مەلا سەعید هەوەڵ جار کتێبی سەرف و نەحوی کوردیی دانابوو. زێوەر، تەقریزی بە چەن شێعری کوردی کردبوو کە لە ئاخرا ئەڵێ:

وەکوو من شوکری مامۆستا سەعید کەن
لە ئەم ئاسارە خۆتان موستەفید کەن

بە مناڵی لە سەقزی خۆمان کتێبەکەیم دیبوو، لە زانستی ناونووسیم کرد کە شەوانە لەوێ بخوێنم. لەگەڵ زۆر لە جوانە ڕۆشنبیر و ماقووڵەکانی سلێمانیدا کە شەوانی جمعە و سێشەممە بۆ

بۆ (محازرە) قسەکردن و شێعرخوێندنەوە کۆ ئەبوونەوە بووم بە ئاشنا. وەکوو مامۆسا ئیبراییم کوردی کە خۆی قوتابیی ناوەندی بوو، شەوانە دەرسی پێ ئەگوتین.

کوڕێکی پێکەوتوو و جوانچاک بوو؛ شێعری کوردیی زۆر جوان و بەسۆز ئەخوێندنەوە.

لەگەڵ عوسمان بەگ کوڕی شاعیری بەناوبانگ ئەحمەد حەمدی بەگی ساحیبقەران کە کوڕێکی ئازا و پێکەوتوو و زانا و چالاک و ڕەشید بوو، شایستەی ئەوە بوو بەڕێز بگیرێ و زۆریشیان ڕێز لێ ئەگرت. سەرپەرەستیی ئەوانە وا مەقالە یا شێعریان بخوێندایەتەوە بەو سپێررابوو. لە پێشدا تماشای نووسراوەکانی ئەکرد کە بخوێنرایەتەوە، قوتابیی ساڵی ئاخری ناوەندی بوو.

هەروا لەگەڵ نووری کاکە حەمە کە شاعیر و قوتابیی ناوەندی بوو، ڕەئووفی فەقێ موحەممەد دڵسۆز، ڕفێق چالاک و، زۆر دەبیر و قوتابیی ناوەندی کە ناوی هەموویانم لەبیر نەماوە، بە عەلاقە و شەوقێکی تەواو بەشدارییان ئەکرد.

لە ڕفێقە بازاڕییەکانم کە فەقیر بوون وەکوو جەلالی هیوا مسگەر بوو مەقالەی جوانی بۆ ڕۆژنامەی ژین ئەنووسی و شێعری باشی ئەوت، ماتەم کە خەیات بوو دەنگی زۆر خۆش بوو بۆ سروود. مژدە کە نانەوا بوو، ئاکام مناڵێکی زۆر زرنگ و وریا بوو؛ شێعری زۆر جوان ئەخوێندەوە.

دەرسی تازەمان ئەخوێند وەکوو حیساب و هێندەسە، تاریخ، جۆغڕافیا، مەدەنی، ئێنگلیسی و شتی تر... کەمێ لە حێسابا کۆڵ بووم؛ لە دەرسەکانی ترا باش بووم. ئێستەش هەر لە حێسابا کۆڵم ئەگەرچی حەزیشی لێ ئەکەم و بە چاترین عێلمی ئەزانم.

وەکوو لە سەرەوە باسم کرد لە شەوانی موحازرەدا ڕۆشنبیران و مامۆسایان و دەبیرانی کارمەندانی ئیداری و پیاوانی ناوداری مەحەللی وەکوو حاجی تەوفێق بەگی پیرەمێردکەس، مامۆسا زێوەرکەس، فایەق زێوەریکەس کوڕی، شێخ لەتیفی شێخ مەحمووکەس، کە قوتابیی ناوەندی ڕۆژانە بوو، دەبیرە عەرەبەکان، بە نۆرە کۆ دەبوونەوە.

مامۆسا عەبدوڵڵا زێوەر جارێ شێعرێکی خۆی خوێندەوە. فایەق زێوەر جار جار شێعر و سروود کە خۆی هەڵی بەستبوو ئەیخوێندەوە. شێخ لەتیف دووجار شێعر و سەرگوزەشتی خوێندەوە. جارێ لەبارەی گەڵباغییەکانی ئێرانەوە کە دەورەی ڕەزا شا هەڵیان بڕیبوون لە زستانا و ئاوارە ببوون، شێعرێکی بەسۆزی خوێندۆ کە گۆیا زۆریان پایان سەرما بردوویەتی، چەن کەسیشیان ڕەق هەلاتبوون. جارێ سەرگوزەشتێکی گێڕاوە کە لە خزمەت باوکیا بۆ جێگایەک چووبوون، حەکایەتەکەم لەبیر نەماوە، بەڵام مەبەستی ئەوە بوو کە نەتەوەی کورد هێشتا زۆر پابەندی دینن و، ئەگەر کەسێ گەرەکی بێ مەتڵەبێکیان پێ بڵێ لە ڕێگەی دینەوە دەست پێ بکات و بچێتە پێشەوە ئەینا موەفەق نابێ.

منیش کە قوتابیی زانستی بووم زۆر جار شێعر و مەقالەی خۆم یا هیی کەسانی ترم ئەخوێندەوە. جارێ دەبیرێکی عەرەب شێعرێکی عەرەبیی زۆر بە ئێحساس خوێندەوە کە من هیچم لێ حاڵی نەبوو. لام وایە زۆریان وەکوو من وا بوون، جار جار چەپلەمان بۆ لێ ئەدا! ئەوانیش کەمتر لە کوردی حاڵی ئەبوون، بەڵام جار جار سەریان بۆ ئەلەقاند یانی حاڵی ئەبین. جارێکیان حاجی تەوفێق پیرەمیرد وتی: «کوڕگەل! ئێمەی کوردی عێراقی ئەبێ شوکری خوا کەین کە بەئازادی بە زبانی خۆمان قسە ئەکەین و بە زمانی خۆمان ئەنووسین؛ لە تورکیاشوێن هیچکەس ناوێرێ بێژێ کوردم یا بە کوردی قسە بکات. لە ئێرانشوێنیش نووسین بە کوردی قەدەغەیە. لە دایرە و مەدرەسەکانا کەس ناوێرێ بە کوردی قسە بکا یا شێعری کوردی بخوێنێتەوە. من دوو چاوم هەیە: یەکێکی ڕۆژنامەکە، دووهەمی زانستییە. زۆر توندڕەوی مەکەن، نەکوو خوانەخواستە چاوەکانم لێ بسێنن. پارەکە زۆری نەمابوو ڕۆژنامەکەم تەواو دابخەن، تەنیا چوار مانگ داخرا.» دوای قسە و ئامۆژگارییەکانی پیرەمێرد کوڕێکی مناڵی سەفی چوارمی سەرەتایی شێعرێکی توندی قانێعی زۆر جوان و ڕەوان بە ئێحساسەوە خوێندەوە؛ پیرەمێرد ئێحساسات گرتی خۆی پێ نەگیرا، دڵی پڕ بوو وتی: «ڕۆڵە! یاخوا من و قانێعیش و باوکیشت بین بە قوربانت!» بوو بە چەپڵەڕێزان و هەڵەلایێ هەر نەبێتۆ. ئەمە لای من یەکێ لەو خاتراتە تاڵ و شیرینانەیە کە قەت لەبیر ناچێتەوە؛ ئێحساسات و عێشق هەموو شتێ لەبیر ئەباتەوە با پیری حەفتا ساڵەیش بێ. وەکوو لە پێشەوە باسم کرد، لە سولەیمانی ئاشنای زۆرم پەیدا کرد؛ لەگەڵ قانێعکەس بووین بە دۆسێکی وەها کە بۆ لای زۆر کەس پێکەوە ئەچووین. ئەڕۆیشتین بۆ حوجرەی فەقێکان.

قانێع خەڵکی زۆر ئەناسی بە هۆی ئەوەوە لەگەڵ مەلا عەبدوڵڵای توتنچی_ موفتیی پێنجوێنکەس_ بووینە ئاشنا. موفتی شێعرە جوانەکانی لە ڕۆژنامەی ژینا کە حەفتەیی بوو زۆر جار چاپ ئەبوو. شاعیرێکی ڕۆشنبیر بوو؛ لەگەڵ خەرافات و باوەڕی عەوامانەدا بێباکانە بە شێعر و قسە مۆبارەزەی ئەکرد و، هەروا لە گەڵ ئەحمەد شوکری کە مۆڕەتێبی (حرووفچین) مەتبەعەی زبان بوو کە ڕۆژنامەیێ بوو بەلەدیە (شارەداری) چاپی ئەکرد، زیاتر ئاگاهی و ئێعلانی شەهرداری و سەبتی تیا بوو، جار جاریش مەقالە و شێعری کوردییان تیا ئەنووسی. بەشە ئەدەبییکەی لەژێر چاودێری و مەسئولیەتی حاجی تەوفێقی پیرەمێردا ئەنووسرا، بووین بە ئاشنا. شێعری ئامۆژگاریی باوکانەم کە تەرجمەی شێعری ئیرەج میرزا بوو لەم ڕۆژنامەدا بڵاو بووە پاشان حاجی تەوفێق خۆی چاپخانەیەکی بە ناوی ژیان چاپ ئەکرد کە لە ئاخرا موددەی چەن مانگێ داخرا و ناچار بە ناوی ژین دووبارە ڕۆژنامەی بڵاو ئەکردەوە تا ئەو کاتەیش من گەڕامەوە بۆ ئێران ئەم ڕۆژنامە بەردەوام بوو بە ناوی ژین دەرئەچوو.

ناوهەڵبژاردنی کوردی: لەم ئاخرەدا هەریەک لە کوڕە ڕۆشنبیرەکان و قوتابییەکانی زانستی و ناوەندی ڕۆژانە ناوێکی کوردییان بۆ خۆیان هەڵئەبژارد، وەکوو سەردار کە ناوی عوسمان بەگی ئەحمەد بەگی ساحێبقەران، یان غەمبار ناوی شێخ مەحموو بوو، هەروا بێباک، دڵسۆز، هێمن، هەژار، هیوا، ماتەم، ناکام... منیش ناوی شپرزەم بۆ خۆم هەڵبژارد؛ ئەم ناوە یادگاری ئەو زەمانەیە. جەلالی هیوا بەم بۆنەوە دەستەیێ شێعری داناوە، بۆ یادگار لە خوارەوە ئەینووسم. ئەگەر ماوە یادی بەخێر ئەگەر نەیشماوە خوا بیبەخشێ:

گەلمان خەریکە زبانی بەرخات
بە زانین ئەیەوێ نیشتمان سەرخات
ناویان ئەگۆڕن بە کوردیی پەتی
ئەمەیش لە سایەی هۆشی زانستی
یاخوا هەر بژی زانست و زانین
چونکا ئەوانن ڕەهبەرن بۆ ژین
منیش بە بیری بێهۆش و پەستم
ئاوا بەم جورە هەڵیان ئەبەستم
شێخ لەتیفی شێخ مەحموو «غەمبار»ە
ئەحمەد بەگ «سەردار»ە
تەها ئاغا «جەهانگیر»ە
عارف ناوی «ژیر»ە
حەمە سەعید ئاغا «جەنگاوەر»ە
عەبدوڕەحمان «دلاوەر»ە
نووری کاکە حەمە «بێباک»ە
سەعیدیش «چالاک»ە
ئەمین ئاغا «شێرزاد»ی ناوە
حەمۆری میرزا ئەحمەد «هۆکەڵ»ی ناوە
نووری ئەمین کە «زانا»یە
جەلال قادریش «هیوا»یە
جەلال عەبدوڕەحمان لە جێی «شێرۆ»
حوسێن ئەحمەدیش بووە بە «شێرکۆ»
حەمەمین «سەربەست»ی پێخاسە
محەممەد خزریش «کەسنەناس»ە
حەمەی عومەر ناوی «غەمگین»ە
حاجی باقییش «بەنگین»ە
حەمەی شێخ عارف «غەمناک»ە
سدیق موحەممەدیش «دڵپاک»ە
کەریمی میرزا ئەحمەد «نەورۆز»ە
ڕئوفی فەقێ موحەممەد «دڵسۆز»
عەبدوڵڵا عەزیز «ڕێبوار»ە
ئەمین عەلییش کە «هەژار»ە
حەسەن سەعید ناوێ «جوان»ە
حەسەن فەرەج «نەریمان»ە
ئەوڕەحمان عەزیز «زاری»یە
موحەڕەم ئەمین «دلاوەری»یە
موحەممەد مەحموود «دوورئەندێش»ی ناوە
عەلی کەریم لە جێی «کاوە»
ڕەشید عەبدوڵڵا «ئازا»یە
فەرەج ڕەشییش «وریا»یە
کەریم ساڵح «بێنەوا»یە
کەریم ئەوڕەحمان «شەیدا»یە
حسێن موحەممەد «لاوچاک»ە
عوسمان شەریفیش «بێباک»ە
نەجمەددین مەلا «ئەستێرەی ئایین»
شێخ نافێع «شپرزە»یە بۆ ژین
ئەنوەری حەمە ئاغا «دڵسووتاو»ە
مەحموود سەعیدیش «سالار»ی ناوە
عەلی حەمەتیکە «ڕەشپۆش»ە
شێخ موستەفاش بە «پەرۆش»ە
حەمەی شێخ عەلی ناوی «مژدە»
ئەحمەد شەریفیش «نەبەرد»ە
غەفوور سەعید «شێرکوژ»ی ناوە
مەجید عەزیز بە «ناکام»ی ماوە
حەمۆل غەفوور «پەڵەهەور»ە
شێخ عەول ناوی «دڵخۆش و بێجەور»ە
نووری جەلال «دڵشاد»ە
فایەق مەحموودیش «فەرهاد»ە.

ئەمانە کورتەیەک بوو کە جەلال هیوای مسگەر ئەوی لەبیری بووبێت نووسیویەتی.

ئەتوانم بڵێم هێشتا هەشت یەکی لەوانەی ناویان گۆڕیبوو نەینووسیوە، چونکا من خۆم زۆر کەسم لەبیرە کە ناویان لەم شێعرانەدا نییە.

ئاڵ و گوێز: پاش ساڵ و نیوێک ئەبوو کە دیسان لە سلێمانییەوە نێررام بۆ کەرکووک. کەرکووک مەرکەز بوو. لەوێ تەرفیعم کرد، یانی دەرەجەم وەرگرت؛ بوومە «جندي اول طبيعەرەبی» گرووهبان ٣‏ی پزیشکی. پاشان نایب عەریفی تیببی گرووهبان ٢‏ی پزیشکی. لە کەرکووکەوە شێعرم ئەنارد بۆ ڕۆژنامەی زبان و ژیان چاپیان ئەکرد و ئابوونمان بووم.

حاجی بەنگینە هەموو حەفتەیەک بۆی ئەناردم، بە هەویرەکەی دەسی خۆی کە نانەوا بوو عنوانی سەر ڕۆژنامەکەی ئەچەسپان، کە نیشانەی عەلاقە و شانازی بە کارەکەی خۆی بوو. پاش چەندێ نێررام بۆ ڕەواندز. لەوێش زیاتر لە جاران ڕۆژنامە و نامەم لە ڕفێقەکانەوە وەرئەگرت. لەبیرمە مامۆسا قانێع نامەیەکی بۆ ناردبووم لە سەرەکەی نووسیبووی:

سڵامت لێ بێ ئەی دوور وڵاتان
مەر کۆتر بە باڵ بگاتە لاتان

لە ڕەواندز ئەونە نامەی ڕفێقانم بۆ ئەهات کە کابرای پۆستەچی (نامەبەر) ئەیوت: «دایەرەی بەریدی ڕەواندز لەسەر تۆ تاپۆ بووە.» پاش چەندێ نەقڵی کەرکووک کرامەوە. ساڵێ تەواوی پێ ئەچوو، ڕۆژێ کتوپڕ هاتنە شوێنم، وتیان لە مەرکەزی لەشکەرەوە بانگت ئەکەن. هەر ئەو بانگکردنە بوو شەش مانگی تەواو حەبسیان کردم. هیچیان لێ نەئەپرسیم. لە گۆشە و کەنارەوە ئەیانوت ئێرانییە و جاسووسە، هەموو ڕۆژێ خەویان بۆ ئەدیم کە ئێعدامی ئەکەن. ئەمما جوان بووم و هیچیشم لە خۆما شک نەئەبرد. نەئەترسام هەر مەقامێکی گەورە نامەم ئەنووسی جوابیان نەئەدامەوە.

ڕفێقە زۆرەکانم هیچیان نەیانوێرا بێن هەواڵم بپرسن. هەر ڕفێقێکم نەبێ بە ناوی ئەحمەد ئێسمائیل عەسری، خەڵکی دێی خەرابەدراوی ڕەواندز کە مەلایەکی زۆر باش و ڕۆشنبیر بوو. پاش ئێجازەوەرگرتنی مەلایی، لە داخی بێحورمەتیی مەلا ببوو بە عەسکەر. هەموو جارێ ئەم شێعرەی ئەخوێندەوە و پێئەکەنیی:

فیکری عەسری وا نەبوو ئەوڕۆ کە کەوتە عەسکەری
مەحزی تەقدیری ئێلاهی گەر بکەی لۆمەی کەری!

هەر ئەو ئەیوێرا سەرم لێ بات، ئەویش چووبوو هەرچی ڕۆژنامە و کاغەز و مەدرەکم بوو، بێ ئەمە تەماشایان بکات، هەمووی ئاگر دابوو_ سووتاندبووی. وتم: «برا، هیچ مەوزووعێکی سیاسیی تیا نەبوو، بۆچی وات کرد؟» وتی:« وەڵڵا چا بێ و خرا بێ سووتاندم و ئا!» منیش زانیم لە دڵسۆزییا وای کردووە پێم ناخۆش نەبوو، وتم: «چاکت کردووە؛ دەستت خۆش بێ.» جوانێکی باڵابەرزی ڕەشتاڵەی شووش و ڕەزاشیرین و باشەهامەت و نەترس بوو. ئەحمەد عەسری پاش قەزیەی شەهریوەری ٢٠‏١٣ لەگەڵ عەلا مستەفا بارزانی و مستەفا خۆشناودا هاتن بۆ ئێران بۆ مەهاباد و لای قازی موحەممەد. لەو وەختەدا مەهاباد لەژێر سەڵتەی ئێران دەرچووبوو. ئەحمەد عەسری پاش من ببوو بە ئەفسەری سەرڕشتەداری (ظابط الاعاشەعەرەبی) بەو ڕوتبە و مەقامەوە ڕایکردبوو هاتبووە ناو دەسەی مەلا مستەفا. ئەو لە مەهاباد و من لە سەقز سفارشی دەمیمان بوو، کەس نەیئەوێرا کاغەز ڕەد و بەدەڵ کات. داخەکەم یەکترمان نەدی. من موعەلێمی عەجەم بووم ئەویش ئەفسەری کورد بوو. هەردووکیشمان ناسراو بووین.

ماوەیەک لەگەڵ ڕەئیس مستەفا خۆشناودا لە دێی سەیدئاوای خۆمان بوون. بۆ هەردووکیان دیارییەکی ناقابیلم نارد، پێیان گەیشتبوو. بەداخەوە حکومەتی گڵاوی عێراق ڕەئیس موستەفای ئێعدام کرد، ئیتر نازانم ئەحمەد ئەفەندیی عەسری چیی بەسەر هات؛ ئەگەر ماوە سڵامەت و کامڕەوا بێت، ئەگەریش نەماوە خوا بیبەخشێ. بێینەوە سەر باسی زیندانیبوونم: لە جەژنێکا فەرماندەی لەشکەری کەرکووک قاسم مەقسوود لەگەڵ ئەفسەرە ئەرشەدەکان هات دوای ئامۆژگاری و دڵخۆشیدانەوەی زندانییەکان خەریک بوو بڕوا. من هەڵسامە پا و نەڕانم: «سەروەرم! منتان بۆچی حەبس کردووە، سووچم چییە؟ بۆ لێم ناپرسن و جواوی داواکانم نادەنەوە؟ ئەگەر خەتاکارم بمکوژن و، ئەگەر بێخەتام بەرم دەن.» ئێنسافەن تەواو گوێی بۆ قسەکانم شل کرد، زانییان من تورکی نازانم بە تورکی لەگەڵ ئەفسەرەکانا و مودیر تیپی (مستشفي الميدانعەرەبی) کە دوکتور عەبدولحەلیمی عەلەویی سووری بوو قسەی زۆریان کرد و، فەرماندەی لەشکەر سەر و دەستی بە عینوانی تەسدیق ڕاوەشان و لێی دا ڕۆیی. نازانم ئەم قسە چۆن چووبووە دەرەوە کە لە حەبس نەجاتم بوو لە سلێمانی وتیان: «تۆ بە سەرلەشکەرت وتووە من دەربەس نیم؛ ئێعدامم بکەن.

سەد هەزار کوردم عەلەیهی ئێوە هرووژاندووە!» وتم: «نەوەڵڵا، برا، درۆیە نەمنئەوێرا هیچ بێژم و هەر ئەپاڕامەوە بەڵکوو بەرم دەن!» جا لێرەدا سەیری عەقڵی مناڵی و جوانی بکەن. تازە فێری دووچەرخەسواری ببووم لەبەر ئەوە پێم خۆش بوو زوو بەڕەڵڵام کەن و چەن دەورێکی تر بە شەقامەکانی کەرکووکا بە دووچەرخە بخولێمەوە، ئیتر دەربەسی هیچی تر نەبووم!

ئیمان بە مەعنەویات و خەو: من وخوالێخۆشبووان قانێع و موفتیی پێنجوێن و زۆر مەلای ڕۆشنبیری تر قسەمان بە زۆران ئەدا. ئەوان ئەیانوت ئەوەی کە تۆ ئەیڵێیت تەڵقینی مناڵییە. منیش هەر ئەموت و ئێستەش ئێژم ملوێنێ مەلا و فەیلەسووف و دانشمەندی داخڵ و خارج قسەم بۆ بکەن ئیمانم بە مەعنەویات و خەو هەیە: لە زیندانا بووم خەوم دی فەرماندەی هەنگەکەمان سەرهەنگی ڕۆکن ئەحمەد حەمدی بەگ (احمد حمدي عبدالجليلعەرەبی) خەڵکی کەرکووک و تورکەمەن و لە دانشگای ڕوکنی بەغدا بە یەکەم دەرچووبوو و، مەلک غازی ئەسپێکی سپیی عەرەبیی پێ بەخشیبوو. ئەفسەرێکی ڕەشید و جوانچاک و بامەعلوومات وسەرشناس، کە هەر بە خۆی ئەکەوت سواری ئەسبەکەی و فەوجەکەی بەڕێوە بەرێت، لە تەواوی مەنتەقەدا ئەیانناسی و دەسی ئەڕۆیی. لە خەوەکەما هاتە بەر زندانەکە و وتی: «ئەوە تۆ لێرە چی ئەکەی؟» منیش وتم: «ئەی بە زیادم نەکرد، ئەمە شەش مانگە وام لێرە، ئاوام لێ ئەپرسی؟ گەورە ئەبێ هەر وەک تۆ وا بێ!» وتی: «دەی ئومێدەوارم شەش مانگی تریش بتگرن!» وتم: «بۆچی؟» وتی: «بۆ خەبەرت بە من نەداوە؟» وتم: «ئەوەی کە لەبیرم نەبوو هەر تۆ بووی!»

بۆ بەیانی کوڕێ سەربازی ژێردەسی خۆم کە ناوی جەمیل و کورد بوو هات بۆ هەواڵپرسیم. وتی: «فەرماندە هەواڵی ئەپرسیت؛ وتوویە دیار نییە!» منیش وتم: «ئەمە بەینێکە گیراوە؛ کە خەوەکەم دیبوو بۆ بەیانیی زوو لە نامەیەکا تەفسیلی خەوەکەم نووسیبوو کە بینێرم بۆ ئامێر.» وتم: «بەخوا براکەم جەمیل وا کاغەزێکم بۆ ئامێر نووسیوە؛ بیدەرێ!» وتی: «باش!» بەر لەوە ئەم کاغەزە بۆ ئامێر بنووسم نامە و

تەقازام بۆ ئەوەی بزانم دەسی ئەڕوات نووسیبوو. تەنانەت بۆ ڕەئیسی ئەرکانی جەیش تاها پاشا هاشمی، هیچکەس جوابی نەدابوومەوە. تاها پاشا فەرمانی دابوو بە لەشکەری مەنتەقەی شەرق کە زوو ڕەسیدەگی بکەن بە کارم لەگەڵ دوو نایب زابێت (استوار ارتشفارسی) بەناوی مەجید ئەفەندی و تەوفێق ئەفەندی کە لەگەڵ من زیندانی بوون. ئێمەیان بانگ کردە مەقەڕی لەشکەر. هەوەڵ لەگەڵ ئەو دووانە کە ڕوتبەیان زۆر لە من زیاتر بوو لە من گەورەتر بوون، حاکمی جەزا کە عەقید ڕەشید عەلی بوو زۆر بەتوندی قسەی کرد و زۆر قسەی پێ وتن؛ ئەوانیش زۆر ئەترسان. من نەئەترسام؛ ئەموت بەڵکوو موحاکمەم بکەن و نەتیجەی کارەکەم دەس کەوێ. کە هاتە نۆرەی من، لەحنی قسەی گۆڕیی. وتی: «کێ ئەو کاغەزەی بۆ خستیە پۆستەوە بۆ وەزیری دفاع، دژبانی خۆمان بوو یا خەڵکی تر؟» وتم: «هەر موسڵمانێ.» پێکەنیی و وتی: «کوڕم، پیاوی مەرد نابێ لە حەبس بترسێ؛ تۆیش خەتایەکت نییە!» منیش بە دڵێکی خۆشەوە هاتمەوە ناو زیندان. هاوبەندەکانم وایان ئەزانی نەجاتم بووە. وتم: «نەوەڵڵا بە قسەی خۆش وا دیارە چەن ساڵێکی تر بمهێڵنەوە.» دوای چەن ڕۆژ بانگیان کردمە سەر و لەگەڵ ئەحمەد ئاغا ناوێکا، مودیری هۆتێل پاڵاس ڕووبەڕوویان کردین. زۆرم پێ سەیر بوو؛ هۆتێل پاڵاس جێگەی ئەعیان و پووڵدارەکان بوو، هەر لە دوورەوە تابلۆکەیم دیبوو ناو هۆتێلەکە هەر نەچووبووم. دواییش هەر نەمدی! ئەحمەد ئاغای هۆتێلچی بڕێ سوئالی لێ کردم بە کوردیی لەهجەی تورکەمەنی کە خەلکی کوێی؟ ناوت چییە؟ ناوی باوکت چییە؟ ئایا هاتوویتە هۆتێل پاڵاس؟ ئاخری بە عەرەبی پێم حاڵی کردن کە من کەسی وام نەدیوە؛ ناویشی لە دەفتەری ئێمەدا نییە. ئەفسەرێ لێی پرسیم: «جنسیەت هەیە؟» (شناسنامه‌فارسی) وتم: «بەلێ، لای ئێوەیە؛ تەوقیفتان کردووە» بە تووڕەیی وتی: «کێ ئەم جنسیەی پێ دای؟» وتم: «دایەرەی تەجنیس (اداره‌ امارفارسی)» وتیان: ««باشە، بڕۆ جێگەی خۆت.» ئەو نامە کە لە زیندانەوە بۆ ئامێرم ناردبوو خوێندبوویەوە و زۆر ناڕەحەت ببوو، بە جەمیلی وتبوو وەک خۆی نووسیویەتی ئێشەڵڵا شەش مانگی تر بیگرن؛ ئەبوایە زوو خەبەری بە من بدایێ. هەر ئەو شەوە تەلەفون ئەکا بۆ مەسئولی زیندان و بۆ لەشکەر و بۆ چەن جێگای تر، بەتوندی ئەڵێ: «ئەم کوڕە بێچارەتان بۆ گرتووە؟» سەمەدێکی کۆنە سنەیی گروهبان بوو کە زۆر پیاوێکی بەدجنس بوو، جار جار ئەهات و ئەیوت: «چەت کردگە، ماڵکاول؟ خوا ڕەحم بکات.» منیش ئەموت: «هیچم نەکردووە؛ ئەیشمکوژن بە گون تۆ!»

ئەیوت: «جا ئەوە قسەس؟! بە گون منۆ بۆچە؟» ئەو شەوە بە خێلافی جاران هات و وتی: «مژدەت بەم پێ نەجاتت ئەوێ؛ ئیسە ئامر فەوجەکەتان وا بە توندی قسەی لەگەڵ ڕەئیس دژبانەکەی ئێمە کردگە کە ئەو سەربازی منتانە بۆچە حەبس کردگە و گوناحی چەس؟» وتی:«ئێژن ئێرانییە؛ ئەویش بەتووڕەیی وتیەسی ئێرانییە ئێرانییە خۆ یەهوودی نییە!» بە قسەکانی زۆر دڵخۆش بووم و سپاسم لێ کرد. پاش سێ ڕۆژ لە لەشکەرەوە دەستوور هات ئەگەر لە زیندانا خەتایەکی تازەی نەکردووە، مەرەخەسی کەن. حقووقی شەش مانگیان بە سەر یەکەوە پێ دام. پوڵێکی کەم نەبوو. زابت ڕەوابتێکمان بوو خەڵکی سلێمانی، پیاوێکی بەدجنس بوو، لەوانە بوو دیق بکات، بە عەرەبی وتی: «ئەم ئێمزای تۆ درووس نییە، ڕۆڵە! ئەمە مەبلەغێکی زۆرە!» وتم: «تا ئێستا هەرچی حقووقم وەرگرتبێ بەم ئێمزا بووە، ناشیدەی مەجبوورت ناکەم، هەر کەس حەز ئەکا پوڵی وا زۆری دەس کەوێ بە دەردەکەی من چێ!»

ئەگەرچی من سەرباز و ئەو ئەفسەر بوو، ئیتر نقەی نەکرد، لە ترسی ئامێر نەیوێرا هیچ بێژێ، مۆڕەیەکی لێ کردم وتی: «بێ پووڵەکەت وەرگرە!»

پاشان چوومە دەرەوە. ئامێر وتی: «کوڕم، چەندێ حەبس بووی؟» وتم: «شەش مانگ.» وتی: «ئەی بێچارە، پووڵەکەت وەرگرت؟ تەواو بوو؟» وتم: «بەڵێ.»