پێشەکی (١)

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 18 خولەک  1274 بینین
بە ناوی ئەو خودای گەورە
مێهرەبانە و ئەدا خەڵات
لێی ناپرسم لێم ئەپرسێ
داوای لێ ناکەم پێم ئەدات
چۆنیەتیی ژینم- بەسەرهاتم
 

سەرتان نەئێشێنم؛ من ناوم نافێعە، شۆرەتم مەزهەرە. نازناوم لە شێعری کوردییا شپرزەیە. کوڕی حاجی شێخ مەحموود، کوڕی حاجی شێخ ئیبراهیم لە بنەماڵەی شێخەکانی «کەسنەزان»ی سەرشیوی سەقزشوێنم. بنەچەمان ئەگاتەوە سەر شێخ ئەسعەدی گەورە کە یەکێ لە پیاوە ناسراو و ناودارەکانی ڕۆحانی بووە. ئێستەش زۆر لە خزمەکانی پشتم بەم بۆنەوە شۆرەتیان ئەسعەدییە. لەوێشەوە ئەچینەوە سەر مەولانا مەلا مەحمووی شەمۆڵەکەس کە مەرقەدی لە شەمۆڵەی سەردەشتی کوردستانە و ناسراوە و بەڕێزی ئەگرن.

دایکم، ناوی خاتوو حەلیمە، کچی حاجی شێخ مستەفای جوانڕۆشوێنیییە کە مەرقەدی لە شاری سەقز ناسراو و بەڕێزە. حاجی شێخ براییمی باپیرە لە کەسنەزان بڕێ زەویوزار و باخ و خانووی ئەبێ؛ ئەیدا بە شێخ موحەممەدی کوڕی گەورەی.

خۆی بە ماڵ و خێزانەوە، کە یەکێ لەوانە شێخ ئەحمەدی ئەمین ئیسلام ئەبێت، ڕوو ئەکاتە شاری سەقز. لەوێ مزگەوتێکی بە تایبەت بۆ دروست ئەکەن و لە شارا نیشتەجێ ئەبێ.

حاکمی وەخت قەباڵەی دێیەکی بچووکی بە ناوی سەیدئاواشوێن بۆ ئەنووسێت و پێ ئەبەخشێ. پاش ئەوە کە باوکیشم خوێندنی تەواو ئەبێت، هەر لە حەیاتی باوکیا لەم مزگەوتە ئەبێتە دەرسبێژی فەقێ. ئەگێڕنەوە ئەو کاتە چوار حوجرەی تەواوی ئەم مزگەوتە پڕ ئەبێ لە فەقێ کە لە هەموو لایەکەوە زیاتری لە تاڵشی گێلانەوە بۆ خوێندن ڕووی تێ ئەکەن؛ ئەم مزگەوتە ماوە و، بە مزگەوتی حاجی شێخ براییم ناودارە.

پاش فەوتی باوکم، برای گەورەم شێخ فەخرەددین مەزهەرکەس (مەزهەرولئیسلام) هەتا فەوتی، لە جێی باوکی تەدریسی ئەکرد. جوانەکان و ئەوانە تازە پێ ئەگەن بە مزگەوتی شێخ مەزهەر یان مزگەوتی مەزهەر ناوی ئەبەن.

لە ساڵی ١٣٣٦‏ی ک. بەرابەر ساڵی ١٢٩٢‏ ی ھ. هەوەڵ شەڕی جیهانیدا لە سەقز لەدایک بووم. من پاشەبەرەم؛ یانی ئیتر مناڵ بە شوێن منا نەهاتووە. تەمەنم یەک ساڵ و نیوێک بووە کە باوکم مردووە. لەژێر تالیم و تەربیەتی دایکم و برای گەورەم فەخرەددین بەخێو کراوم. کاتی فەوتی باوکم یەکەمین شەڕی جیهانی ئەبێت. ئێمە هەموومان بە خێڵاتی و دەربەدەری لەگەڵ ماڵی خاڵۆما، حاجی شێخ عارفکەس، ڕوو ئەکەینە هەورامان و مەریوان.

هەر کاکەم شێخ فەخرەددین بەلای باوکمەوە ئەبێت. پاش دوو ساڵ تەقاوتەقی و دەربەدەری، هاتینەوە سەقز. لە پێنج ساڵەییمدا ئەمنێرنە قوتاوخان. خوێندن و مامۆستاکانم، ئەوانەی لەبیرم بێت، بە تەرتیب ئەیاننووسم:

١- هەوەڵ جار لای مەلا شێخ حەمە سادقی عارفی قورعان و کتێبی گوڵستان و بووستانی سەعدیم خوێند.

٢- بڕێ دەرسی تەسریفی زەنجانیم لای کاکەم خوێند.

٣- لای مامۆستا شێخ حەمە کامیلی کوڕی مەلا سەعید جوانڕۆیی کە لە دایکمەوە خزم بووین لە دێی ساحیبی سەقز و لە حەمامیانی لای بۆکانشوێن و لە دێی باخچە و سەرباخچە بڕێ دەرسی نەحوم خوێند. مەلا کامیل لە حەمامیان لای مەلا سدیق، کوڕەزای حاجی مەلا سەلامی شێخولئیسلامیی بانە و، لە باخچە و سەرباخچەی موکریان لای مەلا سەید عەبدولکەریمی واژەیی، کە پیاوێکی باش و مودەڕسێکی زانا و بەدین بوو، ئەیخوێند؛ منیش سووختەی ئەو بووم.

٤-‏ ساڵی ١٣١٣ لە تاڵەجەڕ، لای مەلا شێخ موحەممەدی مەردووخ قزڵبڵاخی دەرسی سەرف و نەحوم خوێند لەگەڵ فیقھ و قەسایدی عەرەبی و ... هەتا هاتمە لای مامۆسا شێخ موحەممەد خوێندنێکی باشم نەبوو. وەختی وا بوو ساڵێ یا دوو یا سێ ساڵ پەکی خوێندنم ئەکەوت. مناڵ و هەوەڵی جوانیم بوو؛ سەرلێشەواو و بێباوک بووم. خۆم حەزم ئەکرد بچمە مەدرەسەی تازە، ئەمما کاکەم و دایکم بە ئەمە ڕازی نەبوون. لام وا بوو لەبەر خەرجەکەی کە لەسەر شانیان قورس بوو یا لە بەر ئەمە بێدین نەبم. ئەیانوت شوێنی باوک و باپیرت کوێر مەکەوە. منیش گوێم نەئەدانێ و بەڕەڵڵا بووم!

مامۆسا مەردووخکەس زەحمەتی زۆری لەگەڵ کێشام. زۆر دڵسۆز و مێهرەبان بوو؛ مەلایەکی قسەخۆش و ئێجتماعی، دەنگخۆش و شێعرناس و عەلاقەی بە شێعری کوردی زۆر بوو.

شێعری شاعیرانی زۆر لەلا بوو کە من ناوی زۆریانم هەر نەبیستبوو، زۆر جوانیش ئەیخوێندەوە. لەو پیاوانە بوو کە کوردی خۆش ئەویست، بەڵام لە ڕەفتاریان ڕازی نەبوو.

مەلایەکی وشک نەبوو؛ بەو سن و ساڵەوە کە لە پەنجا تێپەڕی کردبوو، لەشیشی زۆر ساغ نەبوو، هەمەوەختە دەمبەپێکەنین و ڕووخۆش بوو. نەدار و پەرهێزکاریش بوو. خەڵکی ناو دێ و ئاغایانی دەوروبەر بەتایبەت ئاغا ساڵحی سوڵتانپەنا زۆری خۆش ئەویست و بەڕێزی ئەگرت، من شتێ بزانم زیاتری لەوەوە و بە تەشوێقی ئەو بوو.

٥- ساڵی ١٣١٣ی ھ. هەوای گەرمێن کەوتە سەرم. ویستم بۆ پەرەپێدانی خوێندن بچم بۆ سلێمانیشوێن؛ ئەو کاتە شێخ جەلالەدینی خالۆزام، لە سەردەرەی موڵکی خۆیاندا بوو کە لە تاڵەجەڕەوە نزیکە. بۆ دیدەن و خواحافزی لەگەڵ مامۆسا شێخ موحەممەد و مەلا حەسەنی سەرسێفی کە ئەویش لە تاڵەجەڕ ئەیخوێند و ڕفێق بووین، چووینە خزمەتی.

زۆر قەدری لێ گرتین و گیسکێکی بۆ سەر بڕین و زۆر قسەی خۆشی بۆ کردین. ئێمەیش باسی ڕۆیشتنم بۆ گەرمیانمان دایر کرد، لە پێشا وتی پێم خۆش نییە دوور کەویتەوە. کە زانیی عەزمم جەزمە، بە قسەی مامۆسایشم نەکردووە، کاغەزێکی بۆ نووسیم بۆ یەکێ لە موریدانی لە «هەرمێدۆڵ» کە ڕەوانەم بکەن تا ئەگەمە لای مریدێکی تریان لە ««چاژ» لای عەبداڵان کە خاکی عێراقە، بە ناوی سۆفی عەوڵای ڕەش. بڕێ پووڵیشی پێ دام کە خەریک بووم گەرەکم نەوێ. فەرمووی: «خۆت کەر مەکە! سەفەری بێ پووڵ ناکرێ.» لەبیرم نەماوە پووڵەکە چەندێ بوو بەڵام کەم نەبوو.

ئەی شەوە لە سەردەرە خەوتین؛ بەیانی گەڕاینەوە بۆ تاڵەجەڕشوێن. کتێو و ئەسبابمان کۆ کردەوە و لەگەڵ مەلا حەسەن خواحافیزیمان لە مامۆسا کرد. مامۆسا دڵی پڕ بوو. ئاو زا چاوی و دوعای خێری بۆ کردین. خۆر وەبان کەوتبوو، ڕێ کەوتین بۆ هەرمێدۆڵ. عەسرێکی درەنگ گەیشتینە ناو دێ. بە پرسیار ماڵی کابرامان دۆزییەوە. چون کاغەزی شێخمان پێ بوو، منیشیان بە خزمی شێخ ئەزانی. ئەو شەوە زۆر قەدریان گرتین و، بەیانی یەکێکیان بۆ بەڵەدی لەگەڵ ناردین بۆ چاژ، ماڵی سۆفی عەوڵا. بە دار و دەوەن و ڕێگەی وا پێچەڵ پڵووچا ڕۆیشتین مەگەر هەر ئەوان سەریان لێ دەرکرابێت؛ نازانم چۆن ئەیاندۆزییەوە. بەر لە نیمەڕۆ گەیشتینە چاژ، سۆفی عەوڵا مریدێکی موخلیس و پیاوێکی ئازا و باش بوو. هەوەڵ شتێ کە سەرنجمی ڕاکێشا تفەنگێک بوو کە بە ماڵەکەیا هەڵی واسیبوو. لام وا بوو بۆ بەرگری لە چەتە و پیاوخراپ و حەیوانی دڕەندەی وەکوو ورچ و بەراز بوو. پۆلیسیش هاتوچۆی ئەکردن، دەنگیان لەگەڵ نەئەکرد. سۆفی عەونا زۆر حورمەتی گرتین و خێراتنێکی گەرمی لێ کردین، زۆری پێ نەچوو پۆلیسێ خۆی کرد بە ماڵا لیباسەکانی زۆر شێوەی جلوبەرگی ئەمنیەی ئێرانی ئەدا؛ دیار بوو سۆفی عەوڵا حاڵیی کردبوو من کێم. پاش سەلام و مەرحەبایی وتی: «لام وایە ئەم میوانانەی تۆ ئێرانین و بەقاچاخی هاتوونەتە ئێرە؛ تۆش هەر وا بێترس ڕێگەت داون.» من لە دڵۆ زۆر ئەترسام بەڵام هیچم نەوت. سۆفی وتی: «نەخەیر، هەر خەڵکی ئەم نزیکانەن.» بڕێ سەری خستە سەرمان و وتی: «ئەگەر خەڵکی ئەم نزیکانەن، کوێ بەڵەدن؟» وتم: «هەموو جێگایەک.» وتی: «دوو دێ لەمانە بڵێ.» لەگەڵ پرسیارەکەیا پێکەنی. ئێمەیش بەڵەد نەبووین. سۆفی زانیی لەوانەیە بترسین، وتی: «برا، ئەو لە ئێوە ئێرانیترە؛ خەڵکی ساحێوی لای سەقزی خۆتانە.»

منیش وتم: «ئەی بۆ خۆت لە ئێمە گۆڕیوە؟» وتی: «بزانم ئەترسن یا نە؛ وا دیار بوو نەئەترسان.» زۆر بەخێرهاتنی لێ کردین و قاوەتوون نانی لەگەڵمان خوارد. ئەیوت باوک و باپیرم خزمەتکار و مریدی شێخ حەمە عارف بوون، منیش بچووکتانم؛ یاخوا بەخێر بێن و لێی دا رۆیشت. سۆفی عەوڵا وتی: «برا، دارۆخان لێرەوە نزیکە؛ شێخ حەمەمین مەلای ئەوێیە. تا بەینێ لەوێ بخوێنن کە پۆلیس نەتانناسن و نەتانگرن تا بەڵەد ئەبن، جار جار من سەرتان ئەدەم. ئێوەش بێن بۆ ئێرە.» ڕازی بووین و دوای نیمەڕۆ چووین بۆ دارۆخان. شێخ حەمەمین مەلایەکی بە دڵ نزیک و جوانعومر و زرنگ و لەخۆڕازی بوو. سێ چوار فەقێی ئاخەر مادەخوێنی لا بوو.

سۆفی عەوڵا منی ناساند و وتی خۆشکەزای شێخ حەمە عارفی سەقزە. وتی: «من خۆشم لە شێخ و مێخ نایەت!» من زۆرم پێ ناخۆش بوو؛ دیار بوو سۆفی عەوڵایش لە منی پێ ناخۆشتر بوو. لە ئاخرا زانیی کوڕی حاجی شێخ مەحمووی سەقزم، زۆر قەدری گرتم و وتی: «حاجی شێخ مەحموو ئوستادی باوکم بووە و حەقی بە سەرمانەوە زۆرە، ئەمما لێرە جێمان نییە. بۆت ئەنووسم لە مەلا عومەری هەولێری کە ڕفێق و ئاشنایەکی نزیکین بەڵکوو لە پێنجوێن دامەرزێن.» لە سۆفی عەوڵا خواحافیزیمان کرد. ئەو شەوە لە دارۆخان خەوتین. بۆ بەیانی ڕێ کەوتین بۆ پێنجوێنشوێن. کاغەزەکەی شێخ حەمەمینمان دا بە مەلا عومەر، کە بە خەتێکی جوان بە کوردی نوسیبووی. هەوەڵجار بوو کە دیبووم کاغەز بە کوردی بنووسرێ؛ زۆرم پێ سەیر و خۆش بوو! نزیکی نیمەڕۆ گەیشتینە پێنجوێن. لە مزگەوتێ کە ناوەکەیم لەبیر نەماوە چووینە خزمەتی مەلا عومەر. مەلا عومەر پیاوێ جوان چاک و تەڕپۆش و پێکەوتوو بوو. قەوارەیەکی زەلامی بوو؛ کاغەزەکەی مەلا شێخ حەمەمینمان پێ دا. زۆر بەخێرهاتنی کردین. هەر لە خۆیەوە بێ موقەددیمە قسەی لە سیاسەت ئەکرد بە زوانی هەولێری؛ منیش کەمێ حاڵی ئەبووم. ئەیوت: «من لە کەس ناترسم و موتەسەڕێف بە کیرم دەزانم!» پیاوێکی مەغروور و لەخۆڕازی بوو، ئێستەش نەمزانی مەبەسی چی بوو!

هەروا مات گوێچکەمان شل کردبوو سەرمان لەو قسانە دەرنەئەچوو. نزیکی سەعات و نیوێک لەم بارەوە دوا. لە ئاخرا وتی: «بابە زۆرم حەز دەکرد ئەگەر جێگەمان ببا لێرە ببان، ئەمما بە خودای جێگای خاڵیمان بۆ یەکێکتان هەیە؛ بۆ هەردوو نەفەرتان نییە.» ئێمەیش وتمان: «ئێمە لە یەک جیا نابینەوە.» ئەو شەوە لە پێنجوێن خەوتین. من و مەلا حەسەن لێفە و مەوجێکمان دابوو بە خۆمانا و لەناو حوجرەیش بووین.

تا بەیانی لە بن دەسی خۆماندا و لە سەرما خەومان لێ نەکەوت. لام وا بوو هەوەڵی پاییز بوو. ئاگریان نەبوو، بەڵام شەوی پێشوو لە دارۆخان لە هەیوانی مزگەوتیش بووین، سەرمامان نەبوو. داری زلەزلە و کۆتەیان نابوو بە ئاگری کوانووی ناو دیوارا؛ تا بەیانی هێڵەهێڵ ئەگڕا. هەر یەکێکمان پڵاسێکمان دابوو بە خۆمانا گەرممان بوو. لە پێنجوێن لە حوجرەی مەلا عومەر بەرقلیانمان کرد. خۆر گەرمی کردبوو. بە سواری لۆری ڕێ کەوتین بۆ سلێمانی. لۆرییێ بوو کە لە بەینی سلێمانی و پێنجوێندا کاری ئەکرد و هیی شارام ناوێکی ئەرمەنی بوو. هەر خۆیشی ئەیخستە ڕێ و لێئەخوڕی. هەوەڵ جارم بوو سواری ماشین ببووم؛ زۆرم پێ سەیر و خۆش بوو. لە عەسرا گەیشتینە سلێمانی لای مزگەوتی کاک ئەحمەد (مزگەوتی گەورە) دابەزیین. لەوێ وا ڕێک کەوت چاوم بە کوڕەکانی حەکیمی وەسا سەن کەوت؛ چاوم پێیان ڕۆشن بووەوە. مەرحەباییی گەرمی یەکترمان کرد. (ماڵی حەکیمی وەسا سەن لە گەڕەکی خۆمان بوون لە سەقز. ناوی حەمە قاسم بوو؛ مەشهوور بوو بە حەکیم، چونکە دەرمانی زەخم و سەرشکان و جەڕاحیی وردەشتی ئەکرد. خەریکی ڕاوی ماسی و سۆنەکێوی و باڵەندەی تر ئەبوو. خاسۆیبەی ژنی کە لە شێخەکانی دەرەزیارەت بوو، ئامشۆی ماڵی ئێمەی زۆر ئەکرد. لەگەڵ کوڕە گەورەکەی، جافر، هاوقوتاوی بووین. من کە لە عێراق گەڕامەوە، ئەوان زووتر گەڕابوونەوە بۆ ئێران. جافری ڕفێقم جوانەمەرگ ببوو. مناڵەکانی تری پێ گەیشتبوون و وەزعیان باش بوو. ئێستە دوو سێ کوڕی هەیە لە سەقزا سەرشناسن بە ناوی فامیلیی زارەعمەند.)

لەوان خواحافیزیم کرد. چووینە حوجرەی فەقێکانی مزگەوتی گەورە، کە مەرقەدی کاک ئەحمەدی لێیە، لەوێ هەواڵی مەلا فەیزوڵڵای کوڕی حاجی میرزا عەوڵای غەرقیم پرسی، کە تەخەلوسی موخلیس و شۆرەتی شافێعییە. حاجی میرزا عەونای باوکی خەیات و خۆی فەقێ بوو، بە ماڵ و خێزانەوە هاتبوونە سلێمانی. من لەگەڵ مەلا فەیزوڵڵا دۆستی قەدیم بووین. پێکەوە شێعرمان ئەوت و شێعرمان ئەخوێندەوە. ئەو بەعەمرتر بوو لە من و، پایەی تەحسیل و مەعلووماتی زۆر زیاتر بوو. وتیان مەلا فەیزوڵڵا لە مزگەوتی بن تەبەقە؛ بە پرسیار مزگەوتی بن تەبەقم دۆزییەوە. لەوێ لای مەلا فەتحوڵڵای پاوەیی دامەزرابوو. دەرسی لای شێخ عومەری قەرەداخی ئەخوێند کە زانایەکی بەناوبانگ بوو لە خانەقای مەولانا خالید تەدریسی ئەکرد. (لە زۆربەی مزگەوتەکانا لە سولەیمانی فەقێکان لای مودەڕیسی ئەو مزگەوتە دامەزرابوون، بەڵام لای شێخ عومەر ئەیانخوێند. چونکا فەقێی شێخ عومەر زۆر بوون، بە حەلقە دەرسی پێ ئەگوتن؛ ئەوانە دەرسیان بە کێ ببوایەت یا سەماعیان بکردایەت، لەو دایەرەدا حازر ئەبوون.) چووینە مزگەوتی بن تەبەق و مەلا فەیزوڵڵام پەیدا کرد و بە دیداری یەک شاد بووین. فەقێیەکی تریشی لێ بوو بە ناوی مەلا فەخرەی هەورامی، زووتر لە سەقز لە گەل مەلا موحسینا کە ئەیانوت خزمن لای کاکەم پێکەوە ئەیانخوێند، ناسیمنەوە و بە دیداری ئەوانیش خۆشحاڵ بووم. ئەو شەوە لە هەیوانی مزگەوتی ئەوێ خەوتین. بە پێچەوانەی پێنجوێن، لەبەر گەرما بەڕووتی خەوتین یانی ئێحتیاجمان بە پێخەف نەبوو. هەر ئێوارە بوو کە کەڵەشێر دەسی کرد بە خوێندن. زۆرم پێ سەیر بوو؛ لای ئێمە کەڵەشێر لەو وەختەدا بخوێنێ سەری ئەبڕن. فەقێکان زانییان من پێم سەیرە و بەڵەد بوون، وتیان: «کەڵە شێر لێرە هەروا زوو ئەخوێنێ، هەر سەر لە ئێوارە دەس ئەکەن بە خوێندن.» بەیانی بە ناسیاریی مەلا فەیزوڵڵا من لە مزگەوتی کانی ئاسکان لای مەلا عەوڵای عەرەب (شۆرەتی وا بوو. خەڵکی گوڵەی هەورامان بوو) دامەرزام. مەلا حەسەنی ڕفێقم لە مزگەوتێ کە ناوەکەیم لەبیر نەماوە دامەزرا چونکا لە شارێکا بووین زۆرم پێ ناخۆش نەبوو کە لە یەک جوێ بووینەوە. مەلا عەوڵای مامۆسام لای شێخ عومەر ئەیخوێند، منیش لای ئەو دەرسی جامیم ئەخوێند. زۆر بە دەرسەکانما نەئەگەیشت؛ چونکا خەتم باش بوو، هەر حاشیەی «ابن القرەداغيانعەرەبی»ی شێخ عومەری پێ ئەنووسیمەوە و، فەراغەتم بۆ دەرسخوێندن نەبوو. ئەمزانی کە کەڵک لە دەرسخوێندن وەرناگرم؛ ناچار چووم بۆ کەرکووکشوێن. لە یەک دوو مزگەوت کە ناوەکانم لەبیر نەماوە چەن ڕۆژێ بەند بووم. مامۆسای چاکم نەبوو، لە ئاخرا لە مەحللەی بەگلەر لە مزگەوتێکا لای مەلایەکی دزەیی کە ناوەکەیم لەبیر نەماوە بەناسیاریی مەلا کەریمی فەریدی کانیکەوەیی دامەزرام.

گەڕەکەکە گەڕەکێ فەقیر بوون و چەن ماڵە ئەرمەنیشی تیا بوو. مامۆسا و خەڵکی گەڕەک زۆر باش و بەحورمەت بوون. حەفتەێی دوو جار ئەچووم بۆ لای مامۆسا مەلا کەریمی فەریدی لە مزگەوتی حاجی مستەفای قەردار؛ لای مەلا ناسح ئەیخوێند کە مەلایەکی پیر و مودەڕسێکی مەشەهوور بوو. هەر لە کەرکووک کە مامۆسا مەلا کەریم ئیجازەی وەرگرت و، شەربەتخۆرییەکی موفەسسەڵیان بۆ گرت، ئەم جەژنە لە ڕۆژنامەی «کەرکووکشوێن» کە ڕۆژنامەیەکی مەحەللی بوو بە زبانی تورکەمەنی ئەنووسرا، بە ئابوتاب دەرج کرابوو. من هەر لە مزگەوتی مەحەللـەی بەگلەر بووم، بەڵام بەو نەوعە کە لازم ببێت و کەڵکی لێ وەرگرم مامۆسا دەرسی پێ نەئەوتم. چیشتان لێ بشارمەوە نانی فەقیەتیم لەلا جۆرە سواڵکەرییەک بوو. ناچار لە ساڵی ١٩٣٦ی زایینیدا کە ساڵی ڕەسمیی حکوومەتی عێراقە لە شاری کەرکووک بووم بە سەربازی بەشی پزشکیی ئەرتەشی عێراق (الجندي القسم الطبي في الجيش العراقعەرەبی.) سێ مانگ لە مستوودع بووم یانی مەدرەسەی مەشقی سەربازی. پاش ئەوە ناردمیانە (المستشفي العسكريعەرەبی) کە تەنیا خەستەخانەی عەسکەری بوو لە کەرکووک لە گەڕەکی «قوریةشوێن.» زۆر موڕەتەب بوو. جەڕاح و دوکتری داخڵیی تیا بوو لەگەڵ (مختبرناوی تایبەت) ئازمایشگا و (صیدلیناوی تایبەت) دارووخانە و حەمامدا.

پاش سال و نیوێ کە لە کەرکووک خزمەتم کرد، ناردمیان بۆ نەخۆشخانەی سەربازی لە سلێمانی (المستشقي العسكري في السليمانية)عەرەبی. ئەم ئینتیقالەم زۆر پێ خۆش بوو، چونکا سلێمانی هەمووی کورد و هاوزوان و پڕ بوو لە ئاشنای باش لە هاوشاریی سەقزی. زاتەن خەڵکی سلێمانی میللەتێکی غەریبدۆس و میواندارن. زۆر لە خەلکی سەقز هاتبوون بۆ سلێمانی. لەوانە کە بزانم ماڵی حاجی میرزا عەوڵای غەرقی و ماڵی حەمەی حاجی شوکرە و ماڵی حەکیم و چەن کەسی تر. زیاتری ئەچوومە ماڵی حاجی میرزا عەوڵای غەرقیی باوکی مەلا فەیزوڵڵا و سەر دوکانەکەی، یا سەر دوکان یا ماڵی میرزا ئەوڕەحمانی مەعرووفی بانەیی کە بە سەححاف مەشهوور بوو؛ تاجرێکی ناودار و پیاوێکی تەحسیلکەردە و زانا بوو. زاوای حاجی میرزا عەوڵا بوو. دایمە دوکانە خاڵییەکەی پڕ بوو لە پیاوی ئازا و قاچاخچی کە لە ئێرانەوە دەهاتن. هەروا ئەچوومە ماڵی میرزا موحەممەدی حاجی شوکرە کە تاجری ناودار بوو لە سەقز و لێکەوتوو بوو. بە ماڵ و خێزانەوە هاتبوون بۆ ئەوێ و مەحموو کوڕە گەورەکەی بە شاگردی لای حەمە سەعید، کە خەیاتێکی ناوداری کۆت و شەلواردار بوو دامەرزابوو. ئەچوومە ماڵی حەکیم کە لەگەڵ جافری کوڕیا رفێقی قوتاوخان بووین لە سەقز و لەپێشەوە باسم کردن.

بە بۆنەی ماڵی حاجی میرزا عەوڵاوە لەگەڵ حاجی باقیی بەنگینەدا، کە خەڵکی سەقز و لە فامیلی کەڵانتەری سەقز بوو، بووم بە ئاشنا. حاجی باقی ئەچووە مەکتەبی زانستی کوردان کە مەکتەبێکی شەوانە بوو (مەدرەسەی ئەکابر). لەوێ کوێرە خەتێکی پەیدا کردبوو؛ بە نیسبەت مەعلووماتی خۆی شاعرێکی کوردی زۆر باش بوو. شاگرد نانەوا بوو. جار جار ئەچوومە سەر دووکانەکەی ئەوانیش. وەستاکەی زوو نانەوای عەسکەرەکانی شێخ مەحمووی نەمر بوو، پیاوێ قسەخۆش و عەلاقەی بە میللیەت زۆر بوو؛ ناوەکەیم بەداخەوە لەبیر نەماوە. لەگەڵ مەلا فەیزەڵڵا ئەگەڕاین و ئەچوومە حوجرەی فەقێکان لای کۆنە مامۆسام مەلا عەوڵای عەرەب و حوجرەکانی تریش لەگەڵ قانێعا زیاتر، کە لەم ئاخرەوە بووین بە ئاشنا.

شەوانە تا دێرێ لە چاخانەکانی سلێمانی کە زۆر خۆش و پاک و تەمیس بوو هەموو نەوعە شتی خواردنەوەی غەیرە ئەلکولی وەکوو چایی و قاوەی تاڵ و شیرین (شەکەرلی) و چاییی ترش و شتی تری تیا بوو، لەگەڵ ڕفێقە عەسکەرەکانم دائەنیشتم، بڕێکیان زۆر کوڕی باش بوون. هەروا وردە وردە ڕفێقم لەناو شاریش پەیدا کرد.

لە سلێمانی بۆ پیاو و ماقووڵەکان چوونی چاخانە عەیب نییە؛ ئێوارە پاش نوێژی مەغریب خەڵک هەموو شام ئەخۆن و بۆ تەفریح ڕوو ئەکەنە چاخانەکان. هەریەک دووان دووان و سیان سیان یا زیاتر لە دەوری مێزێ

کۆ دەبنەوە و دەس ئەکەن بە قسە یا کایەکردن وەکوو دۆمینە، تەختە، وەرەق. غەیری فەقێ و مەلا نەبێ هەموو جۆر پیاوێکی تیا هەیە. من زیاتر ئەچوومە چایخانەی قادر ئاغای کۆییی عەتتار؛ یادی بەخێر! ئەگەریش نەماوە خوا بیبەخشێ؛ پیاوێکی باش و چاخانەیەکی گەورە و خۆشی بوو. تابلۆیەکی بە فارسی نووسیبوو:

شهرتم عطار و من خوش‌خاطرمفارسی
بنده‌‌ی درگاه‌ عبدالقادرمفارسی

ئەو چاخانە قەرائەتخانەیش بوو، چەن نەوع ڕۆژنامەی عەرەبییشی تیا بوو وەکوو «البلاد، العالم العربي.عەرەبی» ئەنواعی بازییشی تیا بوو وەکوو دۆمینە و تەختە و ئەسکەمیل، وەرەق و بیلیاردۆ. هەرکەس مەیلی لە هەر کایەیەک ببوایەت ئەیکرد و یا ڕۆژنامەی ئەخوێندەوە یا گوێی لە قەوان شل ئەکرد، کە زیاتری هیی سەید عەسکەری سنەیییان ئەخستە سەری، یا چەن دۆس و ڕفێق لە گۆشەیەکەوە مێزێکیان ئەشغاڵ ئەکرد و، خەریکی قسەی خسووسی یا سیاسیی خۆیان بوون. کەس حەقی بەسەر هیچکەسی ترەوە نەبوو؛ هەرکەسێ بەکاری خۆیەوە سەرگەرم بوو. منیش زیاتر لەو چاخانە ڕامئەبوارد.