کراسی کەتان

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  365 بینین
کراسی کەتان، سوخمە ئاڵە
بەژنت باریک، ڕووت بە خاڵە
دڵت بردم بەو چاوانە
لە بەندیخانەی داوانە
دوو باڵا و دوو لێوی ئاڵە
لە سوی تو حاڵم بێحاڵە
بیرت فڕاند یادم ناکەی
بۆ لە ناڵین چارم ناکەی
لە ئەگریجە و داوی لالات
لە زەنگینی قەد و باڵات
هەژاری تۆم لەسەر کاتت
چاوەڕێی مووچە و بەراتت
بە من دەشێ مافی خۆمە
لێقەوماوی عەشقی تۆمە
تۆ لە سامی لاری مەبە
پشت لە دەرد و چاری مەبە