خەتای خۆمە

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  539 بینین
هەرچی لێم دێ سوچی خۆم و بیری خاوی خۆمە من
وا نەزان و شێتوشۆری بەندی داوی تۆمە من
وا گرین و چۆلپەرستی ناڵەی شەو شانی گرت
بێکەڵک بوو گشتی ڕووی دڵشکاوی تۆمە من
مازیچن بووم کون لە پاشۆل ناڵەکەم سوودی نەبوو
تاکوو ئێستا هەر لە مەحت و جوان و ناوی تۆمە من
هەر موژەی خەنجەر لە کارە بۆ لەتی جەرگ و دڵم
کونکون و ژان و بەهێش و پڕ زوخاوی تۆمە من
نامەی وەسڵەت لەبۆ موو ڕۆژی ڕووت بۆ هەڵنەهات
هەر وەکوو قەیس کە شەیدای نازی چاوی تۆمە من
ئاخ و ئۆخ و لاشەی دڵ لۆمەکاری ناحەزان
ژان و دەردت وا لە لاشە و پڕ هەناوی تۆمە من
بۆ پەشێوی سامی عیشقت کەوتە ناو لۆمەی خەڵق
چەند لەناو چاهی زەنەخدا بەندی داوی تۆمە من