پەرچەمی تاتا لەسەر ڕووی حەلقە حەلقە دێتە خوار

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  520 بینین
پەرچەمی تاتا لەسەر ڕووی حەلقە حەلقە دێتە خوار
لەو گوڵستانی تەبیعی خاو و خونچە و لالەزار
خۆی بە ڕەنگێکی دەژێنێ پەردە و پێچەی نییە
خەندەیی دێ هەر بە قاقا دەم دەوێنێ جار بە جار
چۆن دەبێتن سەبری عاشق ڕوو بە ڕوویی یارەکەی
بۆ وەکوو بولبول نەناڵێ دڵ لە تاوی بێ قەرار
زۆر بەبێ شەرم و حەیا هات سیحری عیشقی خستە دەم
تا دڵی بێ کەس ببەستێ ماری زوڵفی هاتە کار
پەنجەیی سووری لە خوێنی وەک دەبا بۆ سینەکەی
بەندی سوخمەی کردەوە تا بۆم بە دەرخا دوو هەنار
شل تەڕ و ناسک لە ڕەنگی هەر وەکوو خونچەی هەنار
تۆ کە ناتانی بنۆڕیە سنعەتی پەروەردیگار
دڵ کە ناتانی بگۆڕی تا نەخەسمابێ لە لێو
خوا مەعین بێت و ڕەسولی یاریدەیی هەر چار یار
غەیری موحیبەت وەرامێکم نییە بۆ ماهی ڕوو
هەر موحیبی یاری خۆمم خۆم کە ناکەم شەرمەزار
عامیلێکم من فەقیر و زۆر هەژار و دەردەدار
وا زەمین تەنگە لەلای من بێ کۆلانە و بێ هەوار