گستەیی دوندانی عیشقە دڵ پەرێشانە مەکە

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  427 بینین
گستەیی دوندانی عیشقە دڵ پەرێشانە مەکە
تاقەتی سجنی نەماوە حەپسی زیندانی مەکە
باری هیجرت زۆر گرانە مەیخە ناو زاری ڕەقیب
بیکوژە خوێنی حەڵاڵە چیدی هەرزانی مەکە
نێزەیی موژگانی لێدە خوێن گری خۆتی بەلا
وا مەهاجیری نەناس و غوربی شارانی مەکە
فەرخە کوڕ دایکت هەیە تۆ باغەوانی باغی سێو
وا حەواڵەی دەشت و دێم و جەهلی تورکانی مەکە
ئەو سیا وەحشە کە خوێنی لایەقی داری سەرە
بولبولی باغی سەباتە مەنعی خونچانی مەکە
با نەناڵێنی لە داخان تاقەتی گریەی نەما
وا لە ئەشکی ئاڵی خونین غەرقی تۆفانی مەکە
هەر ئەوە بوو شیوەنی تۆ شاخی بێستون کون دەکا
خۆیەتی کەشتی غەمانت توشی هیجرانی مەکە
تا فیکر ماوە لە جێگا بیخەرە باغی ئیرەم
شێت و شەیدایی جنان و دەستی پەریانی مەکە
وەک وشکە شێخانی زەمان مەیخەرە ناو هەڵپەڕین
تەپل و تەسبیحات بە لاشە یاری حەیوانی مەکە
بیکوژە سامت نەبێ با دەست لە یەخەت کاتەوە
یا کە ئازادی کەسی وا توشی لوقمانی مەکە