بەسە خورشیدی ڕوخسارت بە پەرچەم وا مەشێوێنە
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
410 بینین
بەسە خورشیدی ڕوخسارت بە پەرچەم وا مەشێوێنە
ئەوا دێ ئەشکی خوێنینم وەکوو سیروان و قەزوینە
کە شێواوە دڵی بولبول لە تاوی خونچەیی تۆیە
لەبەر لۆمەی ڕەقیبانم لە ڕێی خوا ڕووت مەسووڕێنە
وەکوو پەروانە بێ دەنگم کەسێ نازانێ حاڵی من
ئەگەر جارێ بکەی یادم هەزار جارم بسووتێنە
هەزاران عاشقی بێ چار کە سووتاوە لە پێناوی
دڵیش پەروانەیی ڕووتە کە ون بوو بێ سەر و شوێنە
لەبەر دەرگا نەوەستا بۆم حەواڵەی کرد مژەی خوێنڕێژ
بە جووتێ هات لە جەرگی دام کە ئاگر هات لە جێی خوێنە
لە ئاوی ئاتەشی دڵ بوو ئیتر وەستا گوتی یاڕەب
گوناهی ئەو هەژارانەم بە تۆبەی لێ بشۆرێنە