دڵی بولبول دەناڵێنێ ئەتۆش خونچەی لە باغانی

لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
 1 خولەک  505 بینین
دڵی بولبول دەناڵێنێ ئەتۆش خونچەی لە باغانی
لە هیجرانت هەتا ڕۆژ دێ مەحاڵە خەو لە چاوانی
سەحەر هات و دەڵێن ڕۆیی فیغان کەم با بە ناچاری
کە کوژراوم بە قاقایی و بە نوکی تیغی موژگانی
نەماوە حاڵەتی ژینم لە تاوی تۆ ئەوا ڕۆیی
لەمەو پێشا کە نەمدیبووی گوتم ئاخۆ بە ویجدانی
دڵی بردم بە ڕاکێشان دەبا بۆ خۆم بناڵێنم
بە داوی زوڵفی بەستێتی لەناو چاهی زەنەخدانی
قەمەر ون بوو گوتم یاڕەب چ سڕێکە کەچی نۆڕیم
کە ئاهینەی ڕوخی لەیلایە پۆشراوە بە موژگانی
بە خەندە پێی گوتم بەسیە هەتا کەینێ دەناڵێنی
ئیشارەی باخی سینەی کرد دەڵێ فەرموو بە پەنجانی
لەلایێ دوو لەبی تەڕ بوو لەلایێ گەردەنی بەللور
بە خۆشی کەوتمە نۆشینی لەلای لەیلا بە میوانی
وەکوو تفلێکی زۆر برسی کە وا مەستە لە شیری ساف
ئیتر کەوتم بەبێ دەنگی نەما هێش و پەرێشانی
نە سامی غەفڵەتی لەیلانە هیجری فیتنەیی نەممام
ئومێدی هیچ نەما شەیتان نەما بازاڕی شەیتانی