بە غەمزە و چاوی تۆ قوربان دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
لە کتێبی:
دیوانی سامی عەوداڵ
بەرهەمی:
سامی عەوداڵ (1910-1985)
1 خولەک
629 بینین
بە غەمزە و چاوی تۆ قوربان دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
بە خەندە و ڕوومەتی ئاڵت دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
کەمەندی زوڵفی دولانە لەبۆ گەبر و موسڵمانە
بە ئەگریجەی کە جەولانە دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
کە شێواو و پەرێشانە وەکوو بولبول غەزەلخوانە
لەبۆ خونچەی لە باغانە دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
بە زنجیر و کەمەندی تۆ کە بێ ڕەحم و فەڕەنگی تۆ
هەناسەک دێ لە باغی تۆ دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
بە سەححاری دڵی بردم کە توشی سەد غەمی کردم
خەیاڵی دەمدەمی کردم دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
لە عیشقی تۆ کە من گیرم لە داخی تۆ کە من پیرم
لە زوێری تۆیە من زوێرم دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
بە باڵای نەونەمامی تۆ بە ماهی نەو هیلالی تۆ
بە دوو نارنج لە باغی تۆ دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
گاهی من میسلی سوڵتانم گاهی من مات و حەیرانم
بە دوو دەست و گەریبانم دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە
بە ئایین من موسڵمانم کە سامیناسناوی ئەدەبی مە لە کوردانم
وەکوو نووسرا لە دیوانم دڵم ئیمڕۆ پەرێشانە