مەڕ و بزنێکی لەڕ

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 1 خولەک  612 بینین
ئاخری پاییز مەڕ و بزنێکی لەڕ
چوونە چیایێکی چەپەک بۆ لەوەڕ
لاپەڕ و بژوێن خڕ و جێی مانەوە
بۆ لەوەڕ و خەوتن و بووژانەوە
بزنە گوتی نیوەشەوێکی بە مەڕ
خوشکە هەتا کەی لەوەڕی بێ گەوەڕ
هەوڵی کەوێلێکی بدەین لەو دەرە
ئاخری سەرماوەزە باسی سەرە
بێجگە لەوەش ڕوونە وەکوو ڕۆژ لە من
گورگە لە دوومان دەگەڕێ کون بە کون
مەڕ بە هەوای دووگ و بە بۆنەی خوری
ڕووی لە بزن کرد و بەسەریا خوڕی
دووگ و خوری من وەکوو سۆبە و پەتوون
تۆ کە ڕەش و ڕووتی دەلەرزی بە توون
هۆڵی بینا نا بزن و تێ خزی
شەختە کەوت قاچ و قولی پەز تەزی
چونکە لە لای فەڕقی نەبوو چۆڵ و هۆڵ
گورگی چڕی، ورگی دڕی وەک دەهۆڵ
کاڕەیە هات و وتی چم کرد لە خۆ
باڕە وتی تازە لە دووی چوو مەچۆ