پەیکی ئازادی

لە کتێبی:
دیوانی حەقیقی
بەرهەمی:
حەقیقی (1902-1996)
 2 خولەک  1082 بینین
مزگێنی بێ هات ساڵی نوێ
خۆشی دوای خۆشی جوێ بە جوێ
بڵێن بەخت چیدی نەنوێ
ئەستێرەی مەش سەری ناسوێ
وەبیروو دێ چمان دی دوێ؟
زوو راپەڕن مەبن شلوێ!
ئەوا هات پەیکی ئازادی
بە ڕووخۆشی و کەیف وشادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلووم بەشی مەشی پێیە
سەری قەندیلی خاڵ خاڵە
لێی شێن بوو سوێسنە و هەڵاڵە
چی دی مەکەن ئاهـ و ناڵە
ئیستیعمار سێحری بەتاڵە
هەوای دەنگی ئەو شمشاڵە
هاوار دەکا هۆهۆ خاڵە
ئەوا هات پەیکی ئازادی
بە ڕوو خۆشی و کەیف وشادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلووم بەشی مەشی پێیە
لەسەر ڕا دێ ئاوی هەڵدێر
سەحرا شینە و مەزرا زەنوێر
حاحای شوانە و دەنگی بلوێر
زۆرمان دی دەوری تاڵ و سوێر
کوردینە ڕاپەڕن وەک شێر
وەختە هەلە تا نەبوە دێر
ئەوا هات پەیکی ئازادی
بە ڕوو خۆشی وکەیف وشادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلووم بەشی مەشی پێیە
بە حوکمی پادشای جەببار
بە ئیعجازی نەبی موختار
تێک ڕووخا کاخی ئیستیعمار
خەم ڕۆیی لەگەڵ بەفری پار
دنیا تۆڵەیە و دار بە دار
ڕێک و پێک و یەک بن ئەوجار
ئەوا هات پەیکی ئازادی
بە ڕوو خۆشی و کەیف وشادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلووم بەشی مەشی پێیە
شینی خوێنی لاوی کوردن
هەرچی گوڵی سوور ولالەن
لەسەر مەزاری شەهیدان
شلێران مەردەنگی و لالەن
شاری کورد و کوردستانی
یەک یەک وەک مەیدانی ژالەن
ئەوا هات پەیکی ئازادی
بەڕوو خۆشی و کەیف و شادی
کۆشێ گوڵی گەشی پێیە
مەعلووم بەشی مەشی پێیە