حەمدی

(١٨٧٦-١٩٣٦)
لە کتێبی:
مێژووی ئەدەبی کوردی
بەرهەمی:
عەلائەدین سەجادی (1907-1984)
 27 خولەک  2389 بینین

قارەمانی سێهەمی مەیدانی شعر لە بەرەبابی «ساحێبقران»، پاسەوانی بە خەمی خەرمانی ئەدەب لەم دەورەی دوایی کوردان. پابەندی وردی مەعنا بە هەموو هێزێکەوە، دڵبەندی پێزی قسە بە هەموو تینێکەوە. مەفتوون بە فیکری فەلسەفە لە هەموو باس و خواسێکا، تەشبیهـ پەرست و خەیاڵ دروست لە هەموو کاروبارێکا، پەستی زەمانە هەموو دەم هاوڕازی ڕۆژ و شەوی بوو، بۆیە گڵۆکی زەوقی کە دەپشکووت بۆنی کزەی دەروونی شەمی بوو!. دەنگی لە زەنگی کڵێسە بە نرکەتر بووە بۆ ئاو و خاکەکەی، هۆشی لە شاپەڕی باڵی شەهێن بە هاژەتر بووە بۆ هۆز و قەومەکەی. دڵی بە شعری گەلێ خۆش بووە، چونکە مێژوویە، نەمامی نەوڕەسی فیکرە بە ئاوی دیدە ناشتوویە!.

شاعری بە دیمەنی ئەم باسە ناوی «ئەحمەد و کوڕی فەتاح بەگی ئەرازیکەس» یە. فەتاح بەگ کوڕی حاجی برایم بەگی مەحموود بەگی ساحێبقرانە، ئەم ئەحمەدە برازازای «کوردیکەس» و ئامۆزازای «سالمکەس» بووە. بە دوو زا ئەگاتەوە بە کوردی، بە سێ زا بە سالم.

لە ساڵی «١٨٧٦»ی میلادی لە شاری سولەیمانی هاتووەتە دونیاوە. هەر چەندە کە لە کتێبی «شێعر و ئەدەبیاتی کوردی» مامۆستا «ڕەفێق حیلمی» دا ئەڵێت «١٢٩٥» ی هیجری هاتووەتە دونیاوە، بەڵام من لەپاش ئەوە کە دیوانەکەییم خوێندەوە، شعرێکی خۆییم دەست کەوت کە باسی هاتنە دونیای خۆی ئەکا لە «١٢٩٣» ی هیجریدا. دیارە ئەمە زۆرتر ئەچێتە دڵەوە، بۆیە بەم جۆرەم دانا. شعرەکەی ئەڵێ:

گەڕام بۆ ساڵی تاریخی وەلادەتم و غەریبم دی
بە هیجری حەمدی دەنگی بوو، لە نەو «باری غەمم» دەست کەوت

«باری غەمم» تاریخی هاتنە دونیاکەیەتی، کە ئەکاتە «١٢٩٣» ی هیجری، وە «١٨٧٦» ی میلادی.

بنەماڵەی ساحێبقران پابەندی خوێندەواری بوون، وەکوو چۆن دەربەندی شاعری بوون. لە تەمەندی هەشت ساڵیدا فەتاح بەگ ئەحمەدی کوڕی ئەخاتە قوتابخانەی «مەلا عەزیزی زەلزەلەیی» لە سولەیمانیشوێن قورئان و کتێبە وردەڵەکانی لەوێ خوێندووە. لەپاشا ئەچێتە حوجرەی «مەلا سەعید» «خواجە فەنی» لە مزگەوتی «عەزیزاغا» مزگەوتی ناو بازاڕ. ئینجا چووەتە مەکتەبی ئیبتدایی تا گەیشتووەتە پۆلی یەکەمی ڕەشیدییە. بۆ خوێندنی عەرەبی و دینیش هاتوچووی مزگەوتەکانی سولەیمانی کردووە. بەتایبەتی لە خانەقای «مەحوی» دا گەلێکی خوێندووە؛ ئیتر لەپاش ئەمانە دەستی لە خوێندن هەڵگرتووە. لە زەمانی تورکەکانا هاتوچووی ئێرانی کردووە. جارێکیش چووەتە تەورێز. لە دەوری حکوومەتی عێراقیشدا کاروانی بەغدای بووە. کە ئینگلیز عێراقی گرتووە، ئەم یەکێک بووە لە ئاژاوەچییەکانی دەوری «شێخ مەحموودی شێخ سەعید». وە بۆ گەیشتن بە بەرزبوونەوەی خاکی کوردستان لە هاتوچوودا بووە. کە شێخ مەحموود بە دیل کراوە و براوە بۆ هیندستان جێگەی ئەم کەژ و کێوەکان بووە، ئاسمانی داوە بە خۆیا و زەوی کردووە بە ڕایەخی. کە شێخ مەحموود هاتەوە و حکوومەتی کوردستان دامەزرا ئەم لە «١٩٢٢ - ١٩٢٣» بوو بە ڕەئیسی گومریک. لەپاشا لەبەر ڕێ نەکەوتن لە هەندێ بیروباوەڕدا ئەو میانەیەیان لەگەڵ شێخ مەحمووددا نەما و لێی تەکییەوە.

تا ئەم وەختە بە ماڵ و بە گیان و بە زمان لە پشت شێخ مەحموود بوو، بەڵام لەم وەختە بە داواوە ئیتر نە!.

کە حکوومەتی عێراقی هاتە پێشەوە لە ١٩٢٤ بوو بە ڕەیسی بەلەدییەی سولەیمانی و نازری ئەعشاری ناوچەی «سورداششوێن»، لە ١٩٢٦دا لەوەش وازی هێنا و ئیتر توخنی هیچ جۆرە کار و فرمانێکی حکوومەت نەکەوت. تا لە ڕۆژی ١٢ی تشرینی دووهەمی ١٩٣٦ لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا بە مەرگی موفاجات لە شاری سولەیمانی کۆچی دوایی کرد و لە «گردی سەیوانشوێن» نێژراوە. ئەم شعرانەی خۆی لەسەر بەردی مەزارەکەی هەڵکەنراوە:

حەمدی خوا ئەکەم، بەسە بۆ ئیفتیخاری من
دیوانییان لە مەجلیس ئەکەن ئینیزاری من
یەک ڕووپەڕی جوابی سوئالی مەلەک ئەدا
دیوانەکەم کیفایەتە بۆ سەر مەزاری من!

ئەحمەد بەگ پیاوێکی کەڵەگەت و جوان چاک، شۆڕەسوار و تفەنگچی بووە. ناوچەوانی پان و لووتی تۆزێ درێژ و مەیلەو زل. دوو چاوی گەورە و برۆکانی لێک جیا بوون. دوو سمێڵی زۆرتری سپی بە درێژایی دەمی و تۆزێ زیاتریش بڕیان ئەکرد، لە بنەوە پان و تا ئەهاتە دوایی هاتن باریکتر ئەبوونەوە. ڕیشە سپییەکەی قەڵەم ئەکرد، ڕیش و سمێڵەکەی جوانییەکی تری دابوو بە ئەحمەد بەگ. گۆناکانی پان بوون، دەمی گەورە نەبوو، چەناگەی خڕ و چاڵایی ژێر لێوی تۆزێ دیار بوو. زۆر تەڕپۆش بووە، کەوا و سەڵتە و سوخمەی لەبەر ئەکرد. زۆرتر دڵی بە لای تاقە و غەزەڵدا ئەچوو، مشکی و جامەدانەی ئەبەست بە سەرەوە. پشتێنێکی کەمی ئەبەست، تا لە دەرەوە بووە کڵاشی لەپێ کردووە. لەم دوایییەدا هەر کەوشی بووە. جارجاریش قندەرەی لەپێ کردووە. لە قسەکردندا دەنگێکی نێر و پیاوانەی هەبووە، لە کاتی قسەکردندا بە جۆرێ تێهەڵئەچوو، پیاو بە ئاشکرا ئەیزانی کە بیر لە وشە وشەی ئەکاتەوە. وە بە تام و لەزەتێکەوە دەری ئەبڕێ. بەتایبەتی کە شعرەکانی خۆی ئەخوێندەوهشۆڕشێکی تری پێ ئەدا. دەست بڵاو و میوانپەروەر و دیوەخانگێڕ بووە ڕاو و شکار و دیمەنی تەبیعی زۆر پێ خۆش بووە، لە خواردنەوە دوور نەبووە. خوێنی گەرم بوو بۆیە تۆزێ مەیلی تووڕەیی هەبوو. لە ژیانا زۆر دڵتەنگ بوو، لەگەڵ ئەوەش کە پیاوێکی ڕووخۆش و قسە خۆش بووە، گەلێ جار ئەبینرا دەستی ئەخستە ژێر چەناگەی و ئەکەوتە دەریای خەیاڵەوە، وەکوو فیکر لە نهێنی ئەم گەردوونە بکاتەوە!. بۆ ژیان زۆر بە چنگ بووە.

ئەمێنێتەوە سەر ئەوە ئایا چی ئەحمەد بەگی هان دابێ بۆ ئەوە بکەوێتە کۆشی شعرەوە؟ سەرچاوەی ئیلهامی شعر کە چاوی پەریزادێکە، یا چاوەی سەراوێکە؟ یا چورتمی ڕۆزگارێکە؟ ڕەنگبێ ئەمانە هیچیان نەبووبێتن بە هۆی بزواندنەوەی تەلی دڵی ئەحمەد بەگ، مەگەر ئەمەی دوایییان جار جار تۆزێ دەستی تێدا بووبێت. ئەحمەد بەگ لە بنەماڵەی ساحێبقران بوو، ئەو گڵێنەیە کە سالم و کوردی ئاوی شعریان پێ خواردبووەوە، لە تاقی ژوورەکەی ئەحمەد بگەدا هەر مابووەوە، کە وا بوو ئەبوا ئەمیش ببوایە بە شاعر من ناڵێم شاعری میراتە، بەڵکوو ئەڵێم بەراتە. بەڵام سەرچاوەی لەززەتی ڕۆحی ئەبێ بتەنێتەوە بۆ وەچەش؛ جا ئەو وەچەیە ئەگەر ئامادە بوو بۆ وەرگرتنی وەری ئەگرێ، ئەگەرنەبوو نە. دارێک ئاوی ئەدەی، ئەم دارە لقی لێ بووەتەوە، ئاوەکە تەنیا تۆزێک لە بنیایە، هەر بەم تۆزە هەندێ لە لقەکان - با لە قەفی دارەکەشەوە دوور بن - لەبەر ئەوە ئامادەی وەرگرتن خێرا لە ئاوەکە وەرئەگرن. هەندێکیشیان لەبەر بێ کەڵکییان - با لێشیەوە نزیک بن - تا دێنە ئەوە وەری بگرن، ئاوەکە وشک ئەبێ!.

ئەحمەد بەگ بەرانبەر بە سالم و کوردی ئاوا بووە، چونکە ئامادە بووە وەری گرتووە، ئیتر ئەمە ئەوە ناگەیەنێ هەر چونکە ئەوان شاعر بوون، ئەبوایە ئەمیش ببوایە. ئەوا بناغەیەک هەبوو ئینجا نزیککەوتنەوەی لە بیروباوەڕی مەحوی و هەڵسووکەوتکردنی لە دەرزخانەکەی ئەودا، پاڵێکی پێوە نا بۆ پێشەوە؛ ئەوەندەی پاڵ پێوە نا کە ئەمیش وەکوو ئەو بکەوێتە خەیاڵبازی و فەلسەفەکاری و شوێن مەعنای ڕەق کەوتن. بەڵێ ئەحمەد بەگ پیاوێکی تەسەووفی نەبووە، بەڵام پیاوێکی وەکوو فەلسەفەجی وا بووە. ڕێچکەی شعرەکانی ئەوەمان پیشان ئەدا کە لە گەلێ لاوەوە شوێن پێی مەحوی هەڵگرتبێ.

ئاگری تیژتر کە کڵپەی سەند دەوری قەومییەت و نیشتمانی بوو، ئەحمەد بەگ تینوو بوو بە بەرزی کوردستان، تینوو بوو بەوە کە پەردەی ڕەشی نامورادی لەسەر دیمەنەکانی کوردستان لاببرێت و پەردەیەکی ئاڵوواڵای جوانتری بەسەرا بدرێت. ئەو دیمەنانە کە نیشانەی بیلبیلەکانی چاوی ئەحمەد بەگ بووبوون و تاپۆکانیان لە گۆشەیەکی دڵیا لەنگەریان خستبوو؛ بە جۆرێ لەنگەریان خستبوو کە لەبەر کزی ئەوان ئەحمەد بەگ بە درێژایی ژیانی کز و گۆشەکەی تری دڵی پەردەی ماتەمی بەسەرەوە بووە، ماتەمییەکی وەها کە خەم و ئەندووهـ و کفتەکاری هاوڕازی دەر و ژووری بوو، وە لەبەر هەموویشیا ئەبوایە خۆی ڕابگرتایە، با دەردەدڵیشی بکردایە، هەر ڕازی بوو بە بەش، بۆیە ناوی شعری کرد بە «حەمدیناسناوی ئەدەبی».

ئینجا بێینە سەر ئەوە کە قسە لە هەندێ لە شعرەکانی حەمدییەوە بکەین بۆ ئەوە بزانین حەمدی چە ڕێگەیەکی گرتووە؟ وە لە چە جۆرە شاعرێک بووە لە بازاڕی ئەدەبیاتی کوردیدا؟.

ئێمە کە بمانەوێ نەفسییەتی حەمدیمان بێتە دەست، ئەو قاپییانە کە ئن و پێی تێهاویشتووە، پێویستە ئێمەیش یەکە یەکە پێی تێهاوێژین و لە هەر یەکەیانا چەند بەڵگەیەک پیشان بدەین، ئەو وەختە بەتەواوی بۆمان دەرئەکەوێ کە حەمدی یەکەم جار لە نیشتمانی و دووهەم جار لە فیکری وەکوو فەلسەفەچێتیدا لە هەموو قاپییەکانی تر زیاتر تیایانا ماوەتەوە. ناهەقیشب نەبووە کە لەم دووەدا بێ، چونکە ئەو لە دەورێکا ژیاوە کە دەنگی زەنگی قەومییەت لە هەموو سووچێکەوە زرنگەی ئەهات؛ کوردستان لەتاو جەوری تورکان شاخ و کێوەکانی دەستیان کردبوو بە گریان!، ئەو فرمێسکە وردە وردە بوو بە ئاوی نەمانی تازەپێگەیشتووان؛ حەمدی یەکێک بوو لەوان کە هات و کەوتە مەیدان، کتوپڕ بە دڵێکب بوریان دەنگێکی بە گریانەوە هاتە زمان و وتی:

ئەی وەتەن، ڕۆم و عەجەم موشتاقی کوردستانتە
ئیفتیخاری میللەتی کورد شەوکەتی عینوانتە
بەستە سەربەرزی سبەینان و شەوانت مانگ و ڕۆژ
وەک نیشانی ئیفتیخاری سنگ و نەجمەی شانتە
بەرق ئەدا و ئەڕژێ وەکوو ئەمواجی گەوهەر چەشمەکان
ئاوە، یا ڕۆحی ڕەوانی چەشمەیی حەیوانتە؟
ئاوە، با نوورە لە عەکسی خۆر، کە ئەبریسکێتەوە؟
ئەهلی حیکمەت وا ئەزانن دوڕڕەکانی کانتە
گوڵ گوڵی سوور و سپی، خاڵ خاڵی خاکی ڕەش ئەڵێ:
پۆدرەی ڕوخسار و سورمەی ڕشتنی چاوانتە
عاشقی ڕەنگی خەزانی تۆیە بۆیە دێ بەهار
فەسڵی هاوین گەرم و مەیلی بەفرەکەی زستانتە
بۆچی عەنباری زەخیرەی کائیناتە شارەزوور؟
شەهر بازاڕ خوانی میوانە لەبەر میوانتە
باسی مێوەی تۆ دەکەم بۆیە قەڵەم هاتووەتە بەر
بەستەکانم بەستەیی ئەهلی دڵ و عیرفانتە
بۆ ئەمەی جارێ بەسەرتا پێ نەنێم ئەفکاری من
یا بەسەر ڕۆیشتنە، یا سەر بە سەر هیجرانتە
پڵپڵە و لاگیرەیی زێڕینی جوانی قەومی کورد
زڕ زڕە و پشتێنەیی بەردینی قەد شاخانتە
کورد «کوڕە کاژاو» ی لووتی وا بڵند کردووەتەوە
هەر وەکوو شەمدینی بادین، ئارەزووی بارزانتە
ئاسمان و شاخی بەرز و سەتحی ئەرزت دەردەخا
ماڵی کوردیت و ئەوە دیواری حەوشە و بانتە
«پەیکوڵی» تا قەسری شیرین ڕاکشاوە بێ کوڵی
دەشتی «قەندیلشوێن» ت درێژە، بۆ چراچی «وان» تە
«پیرەمەگروونشوێن» تاجی شاهانەی بەسەر بەرزی فڕاند
تەم «دەماوەندشوێن» داگرێ، مەحجووبی «هەورامانشوێن» تە
خەتی دیوانی شکستەی گرد و لوولی بەرزی شاخ
وازیحە بۆ سەربەخۆیی، تووڕەیی فەرمانتە
جار بە جار «حەمدیناسناوی ئەدەبی» گلەت گەر لێ بکا ناحەق نییە
جەردە ڕامەگرە، نەڵێن خەڵکی کە جانی جانتە

ئێمە ئەگەر بە چاوێکی وردبینەوە سەیری ئەم شعرانە بکەین، ئەکەوینە سەر ئەو باوەڕە کە لەوپەڕی بەرزییەوە و لە کوورەی دەروونێکی بە کوڵەوە هەڵقولیون؛ چونکە بێجگە لەوە کە ناوی هەندێ شوێنی بەنرخی کوردستان بۆ یادگار لە لاپەڕەی تاریخدا هێشتووەتەوە و گۆشەی دڵی پێ ڕوون ئەبێتەوە، فیکری گ شاعرێک توانیویەتی مانگ و ڕۆژ بکا بە نیشان؟ نەوەک هەر ئەوەندە، بەڵکوو بیکا بە نیشان بۆ سەر سنگی بەیانی و ئێوارانی کێوەکانی کوردستان لەوێوە بچێ ستایشی کانیاوی بکا، لە کاتێکدا کە گزنگی خۆر لێ ئەدا و بریسکەیەکی ئاڵتوونی لێ ئەبێتەوە و بەردەکانی ناویشی وەکوو دوڕ و گەوهەری کانی گەوهەر ئەدرەوشێنەوە. لەپاشا بێتە سەر ئەوە بڵێ: بەهاران کە کوێستانان ئەچنەوە و خاڵ خاڵ ئەبنەوە؛ پەڵەیە سوور و پەڵەیە ڕەش و پەڵەیە سپی، ئەوە بۆدرە و سورمەی ڕەش و سپییە بۆ سەر ڕوومەت و چاوەکانی!. چوار وەخت لەو خاکەدا بە چوار جۆر بۆیە دێت؛ چونکە بەهار، کە ڕەنگی پاییزی خەزانت ئەبینێ، ڕوومەتی دار و دەوەنەکان شیفتەی هاتنی خۆی ئەکا. هەر لەبەر گەرمای هاوینەکەشتە کە بەفری زستان ڕوومەتی کێوەکان فێنک ئەکاتەوە. چەند بە تاسەوە ئەڵێ: زڵزڵە و پشتێنی شاخەکانتە کە کورد لەبەر خۆشەویستی کردوویە بە پڵپڵە و لاگیرەی کێوەکانی و جێگەی لەسەر بۆ تەرخان کردووە. حەمدی کە لەمانە ئەبێتەوە، دێنێ نیشتمانەکەی بە حەو پێنج خشتەکی ئەلاوێنێتەوە و لە یەکەمیانا سەرەتای ئەکاتەوە و ئەڵێ:

ئەی خاکی وەتەن، بێ فەرەح و زەوق و سەفا خۆت
پڕ حادیسە، مەحکوومی هەموو حوکمی قەزا خۆت
بازیچەیی سەر پەنجەیی ئەربابی ڕیا خۆت
بێ ئوردوو، بەبێ زەمزەمەیی شاهـ و سەرا خۆت
سەد ئاهـ، کە بوویتە هەدەفی دەرد و بەڵا خۆت!

لەپاشا دیسان ئەیلاوێنێتەوە و ئەڵێ: ئەم کوردە قوڕبەسەرە لەبەر جەوری ئەم و ئەو جلوبەرگی هەموو دەمێ ئەبێ ببێ بە پڵاس و گوێنی! ئەگەر ئەمە بەری شارستانی بێ، هەردەگەڕ و کێوەکان گەلێ گەلێ چاترن لەم بانگدەرانی شارستانییەتە و چۆڵنشینی زۆر خۆشترە لەم شارنشینییە. هەموو میللەتێکی بەرز و نزم هەر یەکە بۆ خۆی بوو بە شتێک، ئەم کوردە نەبێ، بە هۆی ئەم شارستانی پەروەرانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ هەر ئەچنەوە بە ناخی عەرزا!. ئینجا دێتە سەر عەنعەنات و خاندانی و ڕابردووی کورد و بڕە شعرەکەی بەم پێنج خشتەکییە دوایی دێنێ کە ئەڵێ:

هاوسێ هەموو وەک داڵن و ئەم کوردە وەک لاک
چنگیان لە جگەرگاهی هەموو داوە بەبێ باک
بێ خوێنە گوڵی زەرد و زەعیفە وەکوو خاشاک
«حەمدیناسناوی ئەدەبی» دە بپێوە قوڕ و سنگت بکە چاک چاک

بێ قەوم و وەتەن، بێ شەرەف و پڕ بە جەفا خۆت

لەپاش ئەمانە دێنێ بە ٢٨ شعر هەرا بەناوبانگەکەی «ئاوباریکشوێن» ئەگێڕێتەوە کە لە ساڵی ١٩٣١دا شێخ مەحموود پەنجا کەسی لەگەڵ ئەبێ، فەوجێ سەرواز و حەوسەد پۆلیس ئابلۆقەبان ئەدەن، ئەمیش بەم چەند سوارەوە ئەو لەشکرە زۆرە تارومار ئەکا. جا ئەمە داستانێکی زۆر گەورەی قەومییە و پایەی حەمدی لە مەیدانی چیرۆکی مێژوویشدا دەرئەخا، سەرەتای بە:

ئەی وەتەن لوتفەن تەواوی کە وقووعاتی میلەل

ئەم مەراقە با نەکا بۆ ئاخری نەشری عیلەل

دەست پێ ئەکا و بە:

ڕەببی مووی لێ بێ زمانی، پەنجەکانی هەڵوەرێ
هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ

دوایی پێ دێنێ.

حەمدی زنجیرە تەرجیعبەندێکێ هەیە، دوازدە بەندە. ئەم تەرجیع بەندانە مێژووی کارەساتی ئەو دەورەیەتی کە لەگەڵ شێخ مەحموود تێکچوون و هەموو هاڵوهەواڵی ئەو دەورەیە ئەگێڕێتەوە. لە بەندی شەشەما شعری سیازدەیەم ئەڵێ:

جائیزە بۆ میللەت و کوردایەتی بێ ڕەشبەڵەک
«باجی ڕەحمە» بێ قەزا بێ نایەڵێ ڕێک هەڵپەڕین

ئەم شعرە بێجگە لەوە، کە لە ڕواڵەتا زەوقێکی ئەدەبی هەیە، فەلسەفەیەکی زۆر نازکیشی تێدا کردووەتە کار، من لام وایە جیناس و تەشبیهی وا سادە لەم جۆرە شتانەدا لە زمانی کوردیدا کەم ڕێ کەوتووە کە ئەوەندە وشە، ئەوەندە مەعنا بدا بە دەستەوە.

***

حەمدی پەردەیەکی قەومییەت دائەداتەوە و ئەکەوێتە ناو فەلسەفە و خەیاڵی چۆنیەتی زەمانەوە؛ ئەم بڕە شعرەی خوارەوەی وا پیشان ئەدەن کە بەتەواوی لە چۆنیەتی زەمان تێگەیشتووە و زۆر بەوردی یەکە یەکە دەری ئەبڕێ و ئەڵێ:

ئەحواڵی ئەم زەمانە لە کایەی مناڵ ئەچێ
دونیایەکی چە پووچەڵە، کە لە زەوقی بەتاڵ ئەچێ
لەم باغە، هەر دەمە کە دەگا مێوەکەی ئەڵێ:
ئەم کۆنە گومبەزە لە دووکانی بەقاڵ ئەچێ
نەقس و کەماڵی ئەهلی جیهان موعتەبەر نییە
هەر دوو موحەققەقە کە بە دەستی زەواڵ ئەچێ
گەهـ ڕۆژە وا ئەبێ بە ئەسیری «ظلامعەرەبی» ی شەو
گەهـ بەدری کامیلە کە بە دەردی هیلال ئەچێ
ئیقباڵ و شوومی تابیعی عیلم و جەهل قەت نییە
ڕێکەوتە بازە ئەمڕۆ، سبەینێ لە داڵ ئەچێ
ئەو نەونەمامە سێبەری دوێنێ لە ناز ئەکرد
ئەمڕۆ لە ئاگرایە، لە چیلکە و چەواڵ ئەچێ
بێ لێوە ئەم جیهانە تەماشاکە نەیژەنی
بینایی کوێرە، ئەفسەحی دایم لە لاڵ ئەچێ
هەر ناڵە، وا لە بورجی جەلالا وەکوو هیلال
هەر ماهە، وا لە کونجی مەلالا لە ناڵ ئەچێ
بازاڕی دەهرە، قیمەتی ئەشیا بە جێگەیە
مێشێ گەیشتە ڕووی نیگارێ، لە خاڵ ئەچێ
دونیا هەناسەیە بێ نەچووبێ و نەهاتبێ
حاڵێکە بوو بە چی؟ کە لە عالەم بە حاڵ ئەچێ
بەو عومرەوە کە بوویەتی «نووحکەس» یش وتوویەتی:
دونیا لە ڕەحڵەتا لە خەوی بێ خەیاڵ ئەچێ
بڵقی سەراوە کاکە، جیهان، تێ بفکرێ تۆ
بۆ کەس نەبوو بە ماڵ و نە بۆ کەس لە ماڵ ئەچێ
خۆ لابدەن لە باری گرانی حقوقی خەڵک
بنواڕە هەڵگرێکە لە «فەیلە» ی حەماڵ ئەچێ
نەگبەتیە ئەو کەسە کە عیززەتی نەفسی عرووج ئەکا
شامی مەلالی بۆیە لە ڕۆژی جەلال ئەچێ
بۆ نەفعە خواشناسی وعیبادەت ڕیایییە
تەقوای ئەم زەمانە بەنرخی وەباڵ ئەچێ
زۆرتر لە بێنەوا بە مەنافیع ئەگا غەنی
ئەم تا ببێ تەنەزوول ئەکا، ئەو بە باڵ ئەچێ
دەنگێکی تر ئێستە لە غەیبەوە کە هاتە گوێم
هیندە زەڵاڵە دەنگی لە دەنگی «بیلالکەس» ئەچێ
«الحشرعەرەبی» و «القيامعەرەبی» ئەکات و جیهان ئاخرە و ئەڵێ:
لوقمەی حەرامی ئەمڕۆ بە نرخی حەڵاڵ ئەچێ

ئەگەر ئێمە بەڕاستی و دروستی ئەم بڕە شعرەی حەمدی بێنینە بەرچاو تەماشای ئەو جیناس و تەشبیهـ و فەلسەفانە بکەین کە تیایانا خەرجی کردووە، بەبێ دوودڵی ئەکەوینە سەر ئەو باوەڕە کە حەمدی لە باری تەفکیر و فەلسەفەدا یەکێکە لە شاعرە هەرە گەورەکانی کورد و ئاوی مەعناناسی لە بادەی خەیاڵاتا خواردووەتەوە...

بەڵێ، لەم شعرانەیدا هەیە کە ڕێچکەی یەکێکی تری گرتبێ، بەڵام وەکوو ئەوە هەیە، ئەوەش هەیە کە بە جیناس و عیبارەتێکی زۆر جوان باسی ئەوە ئەکا کە زەمانە ئیشی وا ئەکا شتی هیچ و پووچی وەکوو ناڵ لە بێ نرخیدا ئەگەیەنێتە ئاسمانی بەرزی و ئەیکا بە مانگی یەکشەوە بۆ ئەوە هەموو کەس پەنجەی بۆ بکێشێ!. وە شتی بەنرخ و بەرزی وەکوو مانگی چواردەش ئەخاتە سووچی دەرد و مەینەتەوە و وای لێ ئەکا وەکوو ناڵ بێ نرخی ئەکا. ئیتر ئەمە بێجگە لە جیناس و نازکییەک کە لەبەینی وشەکانا هەیە.

حەمدی ئەم پەردەیەش دائەداتەوە و ئەکەوێتە بازاڕی غەرامییاتەوە. لە غەرامییاتدا ئێمە ناتوانین لە بڕە شعرێکی تەواویا لە ڕیزی شاعرە بەرزەکانی غەرامیی دابنێین؛ چونکە یەکەم لەبەر ئەوە فیکری وردەکاری و عیبارەت ئارایی ئەوەندە باڵی کێشاوە بەسەریا لەوانەیە ئەگەر ویستبێتی قەسیدەیەکی غەرامی دابنێ لە سەرەتاوە دەمی بۆ بردووە کە چی لە ناوەڕاست، وەیا ئاخرەوە لێی لاداوە و فیکرەکەی گۆڕاوە. دووهەم هەر شتێکی لە غەرامیاتدا گرتبێ لەبەر ئەوە کە زۆر ئاشنا بووە بە فیکری «مەحویکەس»، خێرا، با بە دەستی خۆشی نەبووبێ گورج لە فیکرەکەی ئەو تێکڵاوی بووە!. جا لەبەر ئەمانەن ناتوانین قەسیدەیەکی ساغ پیشان بدەین مەگەر بە دەگمەن نەبێ. بەڵام ئەگەر بێینە سەر تاقە تاقە شعر، لام وایە لە پڕ مەعناییدا کەم کەس گەیاندوویەتە حەمدی. ئەوا بۆ نموونە ئەم بڕە شعرە غەرامییەی ئەخەینە پێش چاو:

کێ هیلالی دیوە، شەق بێ، ماهی نەخشەب بێ بە گۆ؟
تیفلی یاری چاو ئەکا بازی بەسەر کوڵم و برۆ
کۆی یارم پێ مەدە، زاهید بە جەننەت عالەمێ
بەردەبارانم ئەکەن چۆنی بدەم گەندوم بە جۆ
من لە ڕێی عەشقا بە پیری کەوتووم وەک داری شەخس
شاخی ئومێدم خەریکە دەربکا تازە چرۆ
موژدەیی پشکووتنی وەقتێ بە گوڵشەن دا سەیا
غونچە وا تێکچوون، بە قڕ چوون، هەر بە مشتێ خۆ بە خۆ
خوێنی من گەر خۆت لەپێی ئەگری زەریفە بمکوژن
من بسووتێنن ئەگەر ئەمکەن بە «کل» بۆ چاوی تۆ
بۆنی ئەو زوڵفەی بە ڕۆژی ڕووتی کرد شەوبۆ وتی:
من کە شەوبۆ بم ئەمیشم ناو ئەوانا ڕۆژ بۆ
باسی ئەو خاڵە وەنەوشەی مل شکان، بێ هۆشی کرد
خۆ فەقیرە لێشی هەڵناسێ بسووتێ بێنێ سۆ
دەستگاهی قودرەتی تاقە عەجایەب دەردەخا
ئەم نیگارە هەر لە ڕوشتەی بەڕگی گوڵیە، تان و پۆ
عیززەتی نەفسی گەدایان سفرەیی سوڵتانییە
دوودی ئاهە، نانی گەرمی «حەمدیناسناوی ئەدەبی»، ئەشکی ئاو و دۆ

لەبن دەست ئەمەشەوە حەمدی کە ئەکەوێتە باسی جیناس و وردەکاری هەر لە باری غەرامیاتدا یەکێ لە لقە بەرزەکانی خەیاڵبازی ئەکا بە شوێنی هێلانەی خۆی و بە شانازییەوە سەیری شاعرەکانی تز و مەردم ئەکا. جا لەبەر ئەمەیە بۆیە ئەڵێ:

خەیاڵی عەشقی ڕووتە وا لە سەرما
بە ڕووتی بۆیە نیمە باکی سەرما
لە سکما لەرزی سەردی تۆیە گەرما
بە من ناگا و نەگەیوە باسی گەرما
د-ڵی ئاگر بە ئاهی من ئەسووتێ
کە چی ناڵێم لە دڵتا بێ ئەسەر ما
دەمێکە دڵ گومە، نامەرد بزانن
لەلای ئەو شۆخەیە، یا دەربەدەر ما
لەبەر ماوەی کەبابی یارە ساقی
دڵی برژاومی دانا لەبەرما
بە پیری یارەوە «حەمدیناسناوی ئەدەبی» بەپێ چوو
بە سەر ناچێ ئەگەر ئەم جارە سەر ما

دوو «سەرما» لە شعری یەکەمدا کە جیناسە، یەکەمیان واتە: سەری من، دووهەمیان سەرما... لە شعری دووهەما ئەڵێ: لەبەر ئەوە تۆ لەگەڵما ساردیت، ئەو ساردییەت بووە بە لەرز و چووەتە سکمەوە. جا ئەگەر گەرمایەک لە سکما ببێ ئەو لەرزەیە، خۆ دیارە لەرز و گەرمایش پێچەوانەی یەکن، کە وا بوو من هەر نازانم گەرمایی چییە!. هەموویشی لەبەر ئەوەیە کە تۆ لەگەڵما ساردیت. لە شعری پێنجەما ئەڵێ: بەڵێ مەیگێڕ بەزەیی پیاما هاتەوە و هەندێ کەبابی بۆ مەزە نایە بەر دەمم، لەو کەبابەی کە پاشماوەی مەزەی یارم بوو، بەڵام کە تێفکریم ئەمە دڵە برژاوەکەی خۆم بوو کە لەبەر ئاگری عەشقی یار بووبوو بە مەزە و دڵخوازم کردبووی بە کەباب!. لە ئاخردا ئەڵێ: ئەوا ئەم جارە حەمدی بە پێیان چووە یارەوە، بۆ جاری دوایی ئەگەر ما و نەمرد هەر بە پێیان ئەچێ، نەوەک بە سەر، چونکە ئەگەر بە پێیان چوو بە شێنەیی ئەچێ و زۆرتر خۆشی وەرئەگرێ!.

حەمدی ئەوەندە بە پێی عیبارەت ڕێکخستندا گەڕاوە، جوانی مەعنای لێ گوم بووە. ئەم شعرەی دوایی ئەگەر بەم جۆرە مەعنای لێ بدرێتەوە هەر چەندە جیناس لەبەینی وشەکانیا هەیە، بەڵام وا نەبێ مەعنایەکی جوان بدا بە دەستەوە. کە وا بوو لەبەر ئەوە مەعناکەش تۆزێ جوان بێ ئەڵێین:

ئەوا حەمدی ئێستە بە پێیان چووە بە پیر یارەوە، بەڵام ئەگەر ئەم جارە ڕزگاری بوو، یەعنی نەمرد لە خۆشی ئەوەدا کە یاری چاو پێ ئەکەوێ، بۆ جاری دوایی بەسەر ناچێ، هەر ئەیکا؟. ئەمە تەعبیرێکی کوردییە، کە ئەڵێ: «ئەو ئیشە نەچووە بچێ، یا هێشتا بەسەر نەچووە، یا خەمت نەبێ بەسەر ناچێ». ئەمیش ئەمەی مەبەستە لەگەڵ ئەمەشدا دیسان وا نەبێ هێشتا شعرەکە مەعنایەکی جوان بدا بە دەستەوە!. حەمدی ستایشێکی «برۆ» ئەکا ئەڵێ:

باڵی کێشاوە بەسەر حوسنا لە دوولاوە برۆ
وەک هوما گەیییە مەقامێ، پێ لەسەر چاوە برۆ

لێرەدا هەتا بڵێیت فیکرەکەی نازکە و بە هەموو مەعنایەک حەقی داوە بە برۆ. کەم شاعر توانیویانە بەم جۆرە باسی برۆ بکەن و بیکەن بە هومایەک کە شاباڵی بەسەر جونیدا بڵاو بکاتەوە و بگاتە پایەیەک کە پێ لەسەر چاو بێت، ئەمە مەگەر هەر لە دەست حەمدی هاتبێت. بەڵام خێرا لە شعری دواییدا کە ئەڵێ:

ئەمری هەر قەتڵە ئیشارەی دڵ بە دوو لەتکردنە
شیری میسرە، قەت لە کالانا نەوەستاوە برۆ!

ئەگەڕێتەوە سەر ئەو جۆرە ستایشانە کە شاعرەکانی تر کردوویانە و برۆ ئەکەن بە شیر و تیر. ئەگەر هەر لە شعری یەکەمدا خۆی بگرتایەوە، بە تەنیا ئەو شعرەی پایەیەکی بەرزی لە شعری غەرامییاتدا لە ئەدەبی کوردی بۆ خۆی تەرخان ئەکرد.

***

حەمدی ئەم پەردەیەش دائەداتەوە و ئەکەوێتە وردەکاری و دەربڕینی قسەی نەستەقی زۆر جوان، لەم پەردەیەدا جێی ئینکاری نییە کە بەرزتر شوێنی بۆ خۆی لە ئەدەبی کوردیدا داگرتووە. ئەم پەردەیە ئەوەمان پیشان ئەدا کە حەمدی زۆر چەوساوەی دەست ژیان بووە، ئەو دەورە کە ئەوی تیا ژیاوە. یا ئەو ژیانە کە ئەو ڕایبواردووە و تۆزێکە لە ژیانی تێکڕایی. هەموو کۆر پەردەیەکی دڵتەنگی بەسەرا کشاوە بۆیە قسەکانی ئەو نموونەیەکی ڕابوواڕدنی ئەو دەورەیە. چونکە خۆی پێشەنگی خەم و ئەندووهـ بووە، وەکوو ئەڵێ:

حەمدی ڕەئیسی مەجلیسی دەرد و غەمە ئەسەف
جێگەی دیارە دەوڵەتی ئەو با جیا نەبێ

یاخود ئەڵێ:

گرامافۆنێکی دەستی زەمانەم نیمە تاوانم
کە تاریخی بەشەر موحتاجە گوێ بگرێ لە قاوانم

لە باسی دونیادا کە ئەڵێ:

تێنەگەییون خەڵکی دونیا وا بە ڕاست و چەپەدا
گاڵتە بەم خەڵکە ئەکا، کردوونیە داری هەلووک

زۆر بە تێگەیشتووانە ئەڵێ: هەر چەند لەم بابەتەوە مەحویش هەیەتی، بەڵام هینەکەی ئەمیش کەمتر لەو نییە. لە باری چۆنیەتی ئەو ڕەوشت و یاسایە کە مەردمی لەسەرن ئەڵێ:

حەرفی ناساغی بەجێم پێ چاترە، نەکبێ جایی ساغ
کاسە کەل بێنە لە مەی پڕ، خاڵی نەک مینایی ساغ

ئەم شعرەی ئەوە پیشان ئەدا کە قسەی ڕاست و حەق باوی نییە و مەردم لێی هەڵدێن، جا ئەمیش ئەڵێ: کە وایە قسەیەکی ناساغی بەجێم پێ چاترە نەوەک هەرزەیەکی ساغ. بەڵێ قسە ئەگەر بەجێ بوو ئەوە ئەبێ ساغ بێ، کە چی ئەم کردوویە بە ناساغ، لەبەر ئەوە چونکە با ساغیش بێ مادام مەردم پێیان خۆش نەبوو هەڵدێن، کە لێی هەڵهاتن بەجێ بوو و هیچ کەڵکی نەبوو. هەروەها سواڵەتێکی پڕ لە مەیم پێ چاترە لە مینایەکی ساغ کە خاڵی بێ، مەبەست شکاندنی ئارەزووەکەیە بە مەی نەوەک شوێنی مەیەکە، کە مەیەکە بوو، با لە سواڵەتا بێت، خۆ من میناکە ناخۆم، بەڵکوو مەیەکە ئەخۆمەوە. حەمدی ئەمەی وتووە، بەڵام لەبەر ئەوە ئەوەندە خۆی بە شعرەکەوە خستووەتە عەزێتەوە ڕێکوپێکییەکەی لە دەست دەرچووە؛ لە کوردیدا نەبیسراوە سیفەتی دووهەم پێش مەوسووف بکەوێ، کە چی ئەم لێرەدا پێش «نەفی» مەوسووفەکەشی خستووە!.

ئەم شعرەی چەند فەلسەفەیەکی وردی تێدایە کە ئەڵێ:

شێخ و عەدڵ و حاکم و کەشف و حەکیم و مەرحەمەت
نەبووە و نابێ، بوونی خەرقی قاعیدە ناکا بە شاز

بەڕاستی ئەم شعرەی کە ئەڵێ:

لەسەر هێلکەی قەمەر سیمورغی گەردوون کڕ کەوێ بەڵکە
هەڵێنێ بێچووە ڕۆژێکی مونەووەرتر لە ڕۆژی ڕووت

لە ئەو پەڕی جوانییەوەیە و هیچ شاعرێکی کورد نەیتوانیوە ئەم فیکرە غەرامییە بەم جۆرە دەربڕێ. لێرەدا حەمدی گۆی هونەری دەرکردووە.

ئەم شعرەی کە ئەڵێ:

بۆ لە برسا مردنە حازر بوون ئەهلی شەرەف
چونکە نیعمەت ئیستەکێ دەدرێ بە میقداری ڕیا

ئەوەمان پیشان ئەدا کە هەر لەو سەردەمەوە شیرازەی ئیش و کار لەبەر یەک هەڵپچڕاوە.

چۆن هەڵناپچڕێ ئەو کە بڵێ:

ژنیەتی دونیام بە حەققەت ئێستە بۆ ساغ بووەتەوە
هەر کەسێ ئەمڕۆ کە پیاوی ژن نەبێ نابێ بە پیاو

یاخود بڵێ:

بە عومری خۆی قسەیەکی ڕاستی کرد شاهم ئەویش مەست بوو
وتی: وەک لازم و مەلزوومە بۆ گەورە درۆ کردن

کە حەمدی ئەمانە ببینێ ناچارە ئەم فیکرە وردە دەربڕێ و بڵێ:

هێند وتم: خەڵکە مەبن عەیبە ئەوەندە دوو زبان
وا لە داخانا شەقی بردووە زبان، بووەتە دوان

خوا هەقە ئەم شعرەی کە ئەڵێ:

ناقڵیشێ دار پوازی تا لە جینسی خۆی نەبێ
پشتی کورد کوردی شکاندوویە، وەها بوو هەر قەدەر

فەلسەفەیەکی جوانی و قسەیەکی هەتا بڵێیت ڕاستە.

تەماشایەکی ئەم فیکرە نازکە کە باسی ڕەقیب ئەکا و ئەڵێ:

ڕەقیب بۆ بەزمی خەڵوەتمان کە هاتی
وەکوو دومەڵ لە جێی نازک دەراتی

تا ئێستە کەس فیکری بەوە نەشکاوە کە ڕەقیب بە جۆرێ پیشان بدا عەمەلییەن بزانرێ ناهەموارە وەکوو حەمدی نیشانی داوە و کردووەیە بە دومەڵی سەگباب.

ئەی ئەم شعرەی کە ئەڵێ:

تەپڵی سەر دەنگی نەماوە، سینە هەر وەک دەف دڕا
زوڵفەکانت کەوتە چنگم، ئەیکەمە عوود و ڕوباب

ئایا پیاو ناخاتە سەر ئەو بڕوایە کە بڵێ: پەردەی نازکی خەیاڵی حەمدی زەوقێکی بێگەردی شاعرانەمان پیشان ئەدا؟

حەمدی بە دوو بەیت دوو فیکری چەند جوانی دەربڕیوە کە ئەڵێ:

دێنە دونیاوە بە ڕووتی خەڵک وەکوو بچنە حەمام
غوسڵی دەرچێ و دەرنەچێ، هەر دەردەچێ شاهـ و غوڵام
هاتەوە لەو دەرچووانە تێگەیشتوویە وتی:
خۆ نەگۆڕاوە زەمانە ئێسکی تاس، ئێسکی حەمام

ئەم شعرە لە نەشئە گەیاندندا پارچە زێڕێکە کە ئەڵێ:

وەک مەدینە بێ «نەبیکەس» بێ، یا نەجەف بێ بێ «عەلیکەس»
شاری غەزنەش ئێستە بێ «مەحموودە» وەک «داریکەلیشوێن»

بەڵێ پارچە زێڕێکە کە ئەم هەموو شوێنە دوورانەی لێک نزیک کردووەتەوە و فیکری شاعرانەی بۆیان چووە.

***

لەم شعرانەوە ئێمە ئەو فیکرەیەمان لە حەمدییەوە وەرگرت کە شاعرێکی نیشتمانی یووە لە پێشا و لە پاشا فەلسەفەچی و قسە نەستەق. لەم دوو ڕێچکەیەکە پایەیەکی بەرزی لە ئەدەبیاتی کوردیدا هەیە.

دیوانێکی بە تورکی و کوردی و فارسی هەبووە لە ساڵی ١٣٣٤ی ڕۆمی - کە دەوری ئیحتیلال بووە - خانوو و کتێیخانەکەی لە سولەیمانی سووتێنراوە، ئەو دیوانەشی بەرکەوتووە. لەپاش ئەوە دیوانێکی تری کوردی پێکەوە ناوە بە خەتی خۆی، ئێستە لەلای بنەماڵەکەیەتی، وە لە ڕووی ئەوە لە حوزەیرانی ١٩٣٩ لە لایەن «نەجمەددین مەلا» وە لە سولەیمانی نوسخەیەکی بۆ عەقیدی موتەقاعید «موحەممەد عەلی بەگی کوردی» نووسراوەتەوە سێهەزار و چەند شعرێکە.

دیوانەکەی لە ساڵی ١٩٥٧ لە بەغدا لە چاپخانەی ئەسعەد لە لایەن نامەخانەی گەلاوێژ لە سولەیمانی بۆ جاری یەکەم لە چاپ دراوە.