وەکوو مەجنوون دڵم شێتانە ئەگری
پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلی مامۆستا مەلا مەحموود بێخود
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
934 بینین
وەکوو مەجنوون دڵم شێتانە ئەگری
بە قەیدی زوڵفەوە دێوانە ئەگری
بە یادی چاوەکەی مەستانە ئەگری
دڵم بۆ زوڵف و ڕووی جانانە ئەگری
مناڵە بۆ گوڵ و ڕەیحانە ئەگری
لە جیاتی مەی دڵم وا زەهر ئەچێژێ
لە بەحری چاوەکەی گەوهەر ئەڕێژێ
ئەوا گوێم لێیە «بێخود»کەس چی ئەبێژێ
چرا ئیمشەو ئەوا گەوهەر ئەڕێژێ
ئەڵێ هەر بۆ منی پەروانە ئەگری
تەجەننون دێتە بەر سەحرای دیدەم
لە عەشقی کێیە ئەم غەوغای دیدەم
ئەبارێ خوێن لە دوو بینای دیدەم
ئەکا شاباشی کێ دەریای دیدەم
کە چەشنی گەوهەری یەکدانە ئەگری
دوو چاوی نێرگس ئاسا وەک عەرەق خۆر
سوراحی مەی بەدەستە وەک عەرەق خۆر
لە مەسجید چی بکا دڵ وەک عەرەق خۆر
لە کونجی تەکیە بۆ مەیخانە ئەگری
لە چاوم خوێن دەباری ڕووت نەبینێ
وەکوو یەعقووب ئەگەر یوسف نەبینێ
وەیا مەجنوون کە ڕووی لەیلا نەبینی
غەزالی من ئەگەر ساتێ نەبینێ
بیابان قوڕ دەپێوێ لانە ئەگری
لە دووری ڕووی ئەو غەددارە تا ڕۆژ
لە تاوی عەشقی ئەو خوێن خوارە تا ڕۆژ
دڵم دایم بە ئاهو زارە تا ڕۆژ
شەوێ بێ زوڵفی ئەو مەهـ یارە تا ڕۆژ
دڵم بۆ سینە چاکی شانە ئەگری
سەدی وەک من فیدای ناوی تۆ بێ
لە وەختێکا کە زیکرم ناوی تۆ بێ
لە ڕەزمێکا کە قاتیل چاوی تۆ بێ
لە بەزمێکا کە قاتیل چاوی تۆ بێ
مەی ئەڕژێ،دڵ ئەچێ، پەیمانە ئەگری
کەمەندی گەردەنم گێسووی تۆیە
هیلالی یەک شەوە ئەبرۆی تۆیە
لە غەمزەی چاوەکەی جادووی تۆیە
بە یادی نەوبەهاری ڕووی تۆیە
کە چاوم هەوری زستانانە ئەگری
هەتا وەک بەردەبازی ڕێگە بۆ پێی
بە زیللەت خۆت نەخەی نازانی تۆ کێی
لە چاوانت نەکەی خاکی بەری پێی
برا تا نەبیە تۆز و گەردی بە پێی
بە زەحمەت چاکی ئەو دامانە ئەگری
سوئالێکی هەیە «خادیم»ناسناوی ئەدەبی لە «بێخود»کەس
بە خۆ کەی دێتەوە لەم حاڵە بێخود؟
لە عەشقی کێیە وا سەرمەست و بێخود؟
لە دڵتا گەنجی یادی کێیە بێخود؟
کە ئیمشەو نۆبەتی وێرانە ئەگری