شکۆفەیە بە دەمی باوە پێ ئەکەنێ
پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلی مامۆستا مەلا مەحموود بێخود
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ١)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
721 بینین
شکۆفەیە بە دەمی باوە پێ ئەکەنێ
دڵم چە خۆشە بە سەیر و سەفاوە پێ ئەکەنێ
عەزاب و دەردی بە (لا) ناوە پێ ئەکەنێ
لە بورجی سینە کە ئەو زوهرە چاوە پێ ئەکەنێ
فریشتەیەکە لە عەرشی خواوە پێ ئەکەنێ
نەسیمی سوبح بە زوڵمانی شەو ئەڵێ لاچۆ
هەناسەمە بەسەری زولفیا ئەڵێ لاچۆ
بە خەندەنایی لەبی لەعلی ساعەتێ ئاخۆ
کە لێوی گوڵ بە هەناسەم ئەکا ئەڵێ ئاخۆ
چە غونچەیەکە بەدەم بای سەباوە ئێ ئەکەنێ؟
لە خۆشی موتریب و ساقی خەریکە حاڵ بگرم
چە جێگەی ئەمەیە ئێستە من مەلال بگرم
ئەوەندە زۆری نەماوە کە ڕێی ویسال بگرم
لە خۆشی ئەو دەمە زۆری نەماوە باڵ بگرم
ڕەقیب کە ئەگری و ئەم شۆخی لاوە پێ ئەکەنێ
بە غەمزەیەکی هەزار دڵ بە جارێ ئەڕفێنێ
بە عیشوەیەک هەزار جەرگ و دڵ کە ئەپسێنێ
لەلایێ تر گوڵی ڕوخساری خۆی کە ئەنوێنێ
هەزار بلبل ئەکا مەست و ئەیشی گرێینێ
لە گوڵشەنی کە ئەو ئارەق گوڵاوە پێ ئەکەنێ
میسالی وەسڵی گوڵ و بولبولە لە بوستانا
لە قەیدی زولفی تۆدابێ دووسەد دڵی دانا
چە خۆشە ئەم قسەیی پیری مەعنەوی دانا
ئەسیری شێری دڵی ئەو کەسەم لە خۆشیانا
کە کەوتە سیلسیلەی ئەو زوڵفە خاوە پێ ئەکەنێ
بە خۆم و ڕیشی سپی وا لە دەرگەکەت ئەکەوم
بە زاهیریشی نەبینم کە بە کەڵکی بێتە خەوم
مەگەر بە ڕۆژی قیامەت بڵێم کە ئێستە هەوم
بەدی ئەکا کە سەحەر مووی ڕۆژوو ڕووی شەوم
ئەڵێ بەمن لە کەناری سەماوە ئێ ئەکەنێ
بە دەردی پیری و عەشق بە پشتی وا خەمەوە
میسالی بێخود وخادیم بە دەرد و ماتەمەوە
دەهەن بە خەندەیە هەرچەند چاوی پڕ نمەوە
ئەزانی بێخود ئەگەر چۆنە بەم هەموو غەمەوە
بە دەم برووسکەی (عەرەقون نیساوە) پێ ئەکەنێ