ڕەشکی دەشتی دەککە، خاسە دێکەی سەرچەمە

ئەم هەڵوێستەی خوارەوە لە بێتاقەتی و دووری لە شاکەلەوە وتراوە
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 1 خولەک  628 بینین
ڕەشکی دەشتی دەککە، خاسە دێکەی سەرچەمە
پڕ بە سەحرا سەوز و شینە زەرد و سوور و پڕ چەمە
فەرشی شین و ڕەنگی ئاڵ و نەقشی سەحرا موختەلیف
ئەم هەموو ئارایشە تەئسیری بادی سوبح دەمە
باسی نێرگس چی بکەم وەک چاوی یارە پڕخومار
سوورەگوڵ چی بوو بڵێم خۆ حەسرەتی لێو و دەمە
عەرعەری سەرکەش لە باغا خوسرەوی شیرین بەیان
گوڵ بە ئاڵی بێ میسالە هەر ئەڵێی تاجی جەمە
وا خەریکە ئەیگەیەنێ غەبغەبی نارنگ و سێو
دەستی بادی سوبحگاهی سەیری چەندە مەحرەمە
وا بەسینەی دارەوە هەڵی واسی مەمکی هەنار
مەحرەمێکی خالیسە ئەو سینە بەو دەست و مەمە
شۆری مەجنوونی هەیە سەودا سەرێکە شۆڕەبی
جێنشینی قەیسە ئارێ بۆیە سەرمایەی خەمە
ئەم بەهاری بێ خەزانم بۆ ئەمیری کامگار
ئەم کەلامی لەعل بارەم بۆ نیساری ڕێ کەمە
«ئەحمەدا»ناسناوی ئەدەبی ساڵانی پێشوو لێوی وشک و ئەشکبار
ئەم تەڕی ئەمساڵمە تەئسیری میری سەرچەمە