ئەلا ئەی موتریبی شیرین تەرانە

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 1 خولەک  618 بینین
ئەلا ئەی موتریبی شیرین تەرانە
بکە دەرمانی زامانی زەمانە
لە تەئسیراتی دەنگت شادمانم
بە ئاوازی حەزینت شادمانم
فراهەم کە دەف چەنگ و چنانە
نەی و تار و سێتاری خۆش تەرانە
بە قانوونێکی مەحزوون بەربت و عوود
بە دەنگ بێنە لە دڵ دەرکا تەم و دوود
لە دەف کە دەف، لەنەی سەرپەنجەکانت
لە بۆ ئەو تارە دەس بێنە زوبانت
سێتاریشت موهەییاکە بە مەردی
چغانە و چەنگەکەت لێدە بە کوردی
ئەساسی مەحکەمە خۆ هەر بە بای
لە بن دەردێ بە فرمانی خودای
سەر و ماڵم فیدایی جامی ساقی
کە ئێمە فانی و ئەو جامە باقی
بنۆشە سا لە دەس ساقی تۆ جامێ
بە مەستی با بچێ هەر سوبح و شامێ
ئەوەندە مەی بنۆشە تۆ لە جۆشا
مەگەر سوبحی قیام بێی تۆ بە هۆشا
نەبێ باکت لە سووڕانی زەمانە
فەرامۆشی بکە عەشق و فسانە
بە ساقی دڵ بدە شەوقت بە ئەو بێ
لە هەر فرمانێکا هیمەت لە ئەو بێ