هەر کە دێتە ناز و خەندە لێوی غونچەی گوڵشەنی

لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
 2 خولەک  865 بینین
هەر کە دێتە ناز و خەندە لێوی غونچەی گوڵشەنی
وەختە گیانم دەربچی بۆ ماچی کوڵم و گەردەنی
گەردەنی بێگەرد و نازک پەنبەیی سوور و سپی
وەرگەڕێ زوانم ئەگەر بیکەم بە لۆکسی جەمەنی
لۆکسی جەرمەن هێندە کەی ڕووناکە لایا من بڵێم
مەردوومی چاومە دیارە یاخو خاڵی سوسەنی
سوسەنی خاڵ و خەتی گونای ئاڵی پەمبەیی
چاو خەواڵ و ڕەش و لێوی عەقیقی مەعدەنی
مەعدەنی ئاشووب و جەنگن خوێن ئەڕێژی دوو برۆ
هەر وەکوو شەمشێری دەستی کوردی مەستی مەوتەنی
مەوتەنی مەئلووفی قەلبم حەلقەی ئەگریجەیە
نەغمە سەنجانە بە میسلی عەندەلیبی چیمەنی
عەندەلیبی چیمەنی گریانی تەئسیری نەما
چاکی هەڵداوە لە سینەی دڵبەری دڵ ئەفگەنی
شیوەنی بۆ دوو بەیی پڕ چنگ و نازک، سەربەمۆر
دڵ کە پڕ دەردی فراقی، دەستی کردە شیوەنی
ئەفگەنی هەر لایقی تویە بە دیدەی مەستەوە
مەست و مەخموورم نەدیوە جەردەیی کا و ڕەهزەنی
ڕەهزەنی شێخ و مەلان خاڵ و خەتی غەمزەی بەناز
هادیی شێخ و مەلایە پرتەوی ڕووی ڕەوشەنی
ڕۆشنە ئەحمەدناسناوی ئەدەبی وەکوو ئاوێنە چارەی دلبەرت
سەیری خۆت کە تی شکاوی وەک دوو زولفی سوسەنی