دەنگی کوردی دێ بە گوێما پڕ لە شادی و عوشرەتە
لە کتێبی:
دیوانی شاکەلی
بەرهەمی:
شێخ ئەحمەد شاکەلی (1905-1980)
1 خولەک
791 بینین
دەنگی کوردی دێ بە گوێما پڕ لە شادی و عوشرەتە
بێ پەنا و پەردە بە کوردی بانگ ئەکا لەو میللەتە
کاتی تێکۆشین و هەوڵە بۆ ژیانی یەکتری
دەست و داوێنی هەموو لاوێکی کوردم فرسەتە
دەرکەون، با دەرکەون، لەم فرسەتە بێ بەش مەبن
هەرکەسێ فرسەت نەناسێ ئاخری هەر حەسرەتە
دەنگی ئازادی هەموو دنیای بە جارێ دا لەبەر
مانەوەی ئێمە لە ناوا کاری جەهل و غەفڵەتە
ئەو کەسە شێری ژیانە گەر بژێ بۆ نیشتمان
خاک و ئاوی ئێمە ئەمڕۆ چاوەڕوانی هیمەتە
ڕۆحەکەم بەندەی کەوێکە وا لە تەدبیرا بژی
مەرکەزی عەقڵە کەوا پێویستی خاوەن قووەتە
سەد کە شێرن لاوی کوردی نوقتەیی تەدبیریان
با لەبەر پێ دانەچن ئەمجا ئۆمێدی نەسرەتە
بەندەیی سەیید موخلیسی خاکی وەتەنم
شیعرەکەم قوربانی کوردێکە لەسەر خۆو سابتە