٩

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 11 خولەک  573 بینین

لەگەڵ کاروانی هەولێر ڕۆیشتین. چونکە هاوین و گەرما بوو بە شەو ڕۆیشتین. پاش هەتاو کەوتن گەیشتینە کۆپری. نۆرە سێبەڕۆم بوو تا دایگرتم. بەنەوعێ نەمزانی شکڵی شاری پردێ چۆنە. ئێوارە وتیان: هەڵسە، کاروان بار ئەکات. دوایان کەوتم. شەو بەسەرا هات. مانگەشەو بوو. ئەسەری لەرزوتاکە لە بەدەنما مابوو. جارجار لە کاروان دوا ئەکەوتم. لەبەر ناڕەحەتی و ئێشی خۆم دەستم کرد بە گریان. هیچ چارەیشم نەبوو. غیرەتم ئەنایە بەرخۆم. دوایان ئەکەوتم. لە دەورەی نیوەشەوا بەجێ مابووم. قەتارچییەک دەسی بە ئاو ئەگەیان. کاروان تێپەڕیبوو. قەتارچی هەڕای کرد بگاتە کاروان. کە گەیشتە من، زانیی نەخۆشم. وتی: کاکە فەقێ! بەقوربان بۆ کوێ ئەچیت؟ وتم: بۆ ترپەسپیانشوێن. وتی: بابە گیان تۆ بێیتە هەولێر چوار سەعاتەڕێ لە ترپەسپیان دوور ئەکەویتەوە. وتم: ئەی چی بکەم؟ وتی: ئەوا گەیشتینە کاریزی قوشتەپە، لەوێ لادە. ترپەسپیان نزیکە. سبەینێ ئاوەکە بگرە، ئەتباتە ناو دێی ترپەسیپان و زۆر نزیکە. ئیستە ئێمە هاین لە ئاقاری ترپەسپیان. منیش لەبەر ناساغی بەدەن و ماندوو بوون بە دەرەجەیەک پەرێشان بووم، جار جار بەڕێوە خەوم لێ ئەکەوت. نەمتوانی هەڕاکەم بگەمە کاروانەکە، لەبەر ئەوە بە قەتارچییەکەم وت، وتم: کاکە گیان نەخۆشم، بوخچەی کتێب و لێفەکەم بە هێستری فڵان قەتارچییەوەیە، ناتوانم بیگەمێ وەریانگرم. قەتارچی بە گورجی هەڕایکرد بوخچە و لێفەی هێنا. هەتا ئەم کەین و بەینە کرا گەیشتینە ئاوەکە. وتی: ها؛ ئەوە ئەسبابەکان و ئەم ئاوە ئەچێتە ناو دێی ترپەسپیان، بەرت نادا.

نازانم چەن سەعات شەوی ماوە. ئەوەندە کفتم بەحاڵ هۆشم هەیە. لەقەراخی ڕێگەکە لێفەکەم داخست، بوخچەم نایە ژێر سەرم. وەک کوتەک بدەن بە بناگوێما، خەوم لێکەوت، ئەمما چ خەوێک؟ ئیستەش لەززەتی لە دڵم نەچووەتە دەرەو. وەختێ خەبەرم بووەوە، ڕۆژ بەرز بوو و قاڵبم کەوتبووە سەرئارەق. هەڵسام چووم سەر ئاوەکە دەستنوێژم ششت و تەپوتۆزی ڕێگەم لە خۆم کردەوە. ئنجا نواڕیم مەملەکەتێکی چۆڵوهۆڵ. بە قەراخی ئاوەکەدا قەدەرێک ڕۆیشتم، گەیمە بێستانەوانێک، سوئالی قوشتەپەم لێ کرد: وتی: لەو چاڵایەدایە. وتم: من بۆ ترپەسپیان ئەچم. وتی: کە وابێ مەچۆرە ناو دێ. لێر وا بڕۆ، دوو دێ دەر ئەکەوێت. ئەوی پێشەوەیان پڵنگەیە، ئەوی ئەولایان ترپەسپیانە. دێکە دیارە. وەکوو تەعریفی بۆ کردم، ڕۆیشتم تا گەیشتمە ترپەسپیان. بەڕاستی ئەو قەتارچییە چاکەیەکی باشی لەگەڵ کردم و خستمیە ئیستراحەتەوە، خوا عەفووی کات.

بە پرسیار چوومە مزگەوت. دنیا زۆر گەرم بوو، چونکە هاوین بوو. تەماشام کرد لەناو مزگەوتا حەوزێکیان کردبوو، پڕ بوو لە ئاو. بە توێی کرای و دەرپێ فەقێکان قاچیان داهێشتبووە ناو ئاوی حەوزەکە لە گەرما. تمەز لە بەیانا بە فێنکی ئاویان تێ دەکرد بۆ ئەمەی کە بە ڕۆژ خۆیانی پێ فێنک کەنەوە. سەلامم کرد. جوابیان سەندەوە، موبالاتیان پێ نەکردم. شێخ جەلالیش دانیشتبوو، نەیناسیمەوە پاش یەک دوو دەقیقە وتی: ئەرێ تۆ فڵان ‌کەس نیت؟ وتم: بەڵێ. لەبەرم هەڵسا. جێیان کردمەوە. پاش چەن دەقیقەیەک ناردی خەبەریان دا بە باوکی پوورزاکانم؛ سەیید ئەحمەدی سەرگەڵوویی هات بۆ مزگەوت. مەرحووم باوکم ئەووەڵین تەدریسی لە کەرکووک لای شێخ حسێن باوکی سەیید ئەحمەدی خانەقا بووە. پاش چەن مانگێک چووەتە هەولێر، مودەڕڕیسی شێخ ئەبووبەکری هەولێر بووە و دەرسی بە کوڕانی شێخ وتووە کە شێخ عەبدوڵڵا و شێخ محەممەدئەمین و شێخ عەبدولڕڕەحمان بوون. شێخ ئەبووبەکر زۆری خۆش ویستووە. والیدەم لە ماڵی شێخ ئیمامەتی بۆ ژنان کردووە. پوورێکم لای باوکم بووە ئاڵتوون ناو کچ بووە، سەیید ئەحمەد ناوێکی سەرگەڵوویی خزمی سەیید ئەحمەدی خانەقا بە فەقێیەتی کەوتووەتە هەولێر و لە خانەقای شێخ ئەبووبەکر بووە. بە واسیتەی شێخ و کوڕانی شێخەوە داوای خوشکەکەی باوکمی کردووە. باوکم قسەی نەشکانوون. بە نەتیجە باوکم هاتۆتەوە بۆ وڵاتی سولەیمانییە. پوورەکەم لە دەشتی هاولێر ماوەتەوە. وا بزانم لە دەوری ڕشانەوەدا پوورەکەم مردووە، کوڕێک شێخ محەممەد و دوو کچ عایشە و فاتمە لێی بەجێمابوو، ماڵیان لە ترپەسپیان بوو.

لە ترپەسپیان بە فەقێیەتی دانیشتم، فەقەت وەزعی ئەوێم بە دڵ نەبوو، لەبەر ئەم سەرگوزەشتەیە: مەلا شێخ جەلال لەگەڵ مەلا محەممەدئەمینی برای مودەڕڕیسی مێرغوزار ژن بە ژنیان کردبوو خوشکان دابوو بە یەکتر. خوشکی مەلا حەمەدئەمین گۆیا بە کچ دەرنەچووبوو، لەبەر ئەوە شێخ جەلال ناردیەوە بۆ میرغوزار و خوشکەکەی ئەویشیان هێنابووەوە. خوشکەکەی دڵی بە مەلا حەمەدئەمینەوە بوو. ئەڵێن جوابی ناردبوو کە بێن بە دواما بمبەنەوە. فەقێ مێرغوزار بە شەو ئەهاتن کە لە ترپەسپیان ژنەکەی مەلا حەمەدئەمین بدزنەوە. فەقێی ترپەسپیانیش بە تفەنگەوە وەکوو قۆڵ و حەرەس بەدەوری دێدا ئەگەڕان. ئاخری چونکە دز و ماڵخۆ یەک بوون، فەقێی مێرغوزار ژنەکەیان دزیەوە فڕانیان بۆ مێرغوزار، بۆ مەلا حەمەدئەمینی مێردی. ژنی شێخ جەلالیش کە خوشکی مەلا حەمەدئەمین بوو لە ماڵی براکانی مایەوە، ئاخری ڕەدوو کەوت، هەشتا لیرەیان دا بە مەلا شێخ جەلال تەڵاقی دا. عەجەبتر ئەوە بوو کە شێخ جەلال سوێندی خوارد کە ئەو خوشکەم نابێ ڕووبکا بە ماڵی منا حەتتا بە مردووییش و ئیتر خوشک و برایەتیمان لەبەینا نەما. و ساڵی دوایی لە ترپەسپیان بووم، فەقێی ئەو دەعوەتی فەقێیانی چەن دێیەکیان کردبوو، زیافەت بوو، لە حەوشی مزگەوت فەقێ هەڵئەپەڕین، بێخەبەر لە هەموو شتێک. لەپڕ وتیان وەڵڵا جەنازەیەک هات. مەعلووم بوو کە جەنازەی خوشکی مەلا شێخ جەلال بوو. فەقێکان پەکیان کەوت، هەڵپەڕکێیان تێک دا. مەلا لە ماڵەوە بوو، کە ئەم خەبەرەی زانی نەیهێشت جەنازەکە بهێننە ماڵی. بە ئەهالیی وت: بچن بینێژن و هاتە مزگەوت بە تووڕەیی سوێندی خوارد لە فەقێکان کە نابێ ئەم شایییە تێک دەن، «بالخاصة»عەرەبی بە فەقێکانی خۆی وت هەرچی هەڵنەپەڕێت دەریئەکەم. ناچار دەس کرایەوە بە شایی. ئەهلی دێکە جەنازەکەیان ناشت، مەلا خۆی تێنگەیان. لەبەر خۆشی و سەیری، ئەم ماجەرایەم نووسی.

ئنجا لەبەر وەزعیەتی بەینی فەقێی ترپەسپیان و فەقێی مێزغوزار دڵم بە دانیشتنی ترپەسپیانەوە نەبوو. تەسادوف مامۆستای کەرکووکم مەلا مەجیدی دوولکی هات بۆ لام بۆ ترپەسپیان بە دیدەنی و بۆ ئەمە کە وتی من ئەچمە هەولێر بۆ مزگەوتی حاجی قادر تۆش وەرە. لەسەر ئەو قەرارە چەن رۆژێک لەوەودوا بە ناوی سەفەرەوە چووم بۆ شاری هەولێر و نەهاتمەوە بۆ ترپەسپیان. لە مزگەوتی حاجی قادر دامەزرام. چەند مانگێک لەوێ بووین. ئنجا مەلا مەجید وتی: مەلا فەتتاحی خەتێ ماڵی هاتووەتە دیبەگە، با بچین بۆ ئەوێ. دەستە فەقێیەک بووین موستەعید و سوختە، چووینە دیبەگە. زۆر قەڵەباڵغ بوو، شازدە حەڤدە فەقێی تێدابوو و مەدرەسەیەکی عومدە بوو.

لە دیبەگە مامەوە تا زستان بەفرە گەورەکەی مەشهوور ١٣٢٨ پەیدا بوو و ١٣٢٩ یشی گرت، کە موتبیق بوو و مانگێک زیاتر دەوامی کرد و ئەوانەی کە زۆر پیر بوون نە بەفری وا بەدەومیان دیبوو و نەبیستبوویان، ئاسک و حەیواناتی دەشت و کێوی فەوتان و، زۆر تەسادوفی کردبوو کە ئاسک بێپەروا خۆی ئەکرد بە ناو دێهاتا و خۆی ئەکرد بە ماڵانا و، مەشهوور وابوو سێ گەلەگورگ بە دەشتا وەک هار لەبرسا ئەگەڕان و ئەوی تووش ببوونایێت لە ئینسان و حەیوان ئەیانخوارد، حەتتا بیستم سواریان لەسەر پشتی وڵاغ هێنابوە خوارەوە بە خۆی و وڵاغیەوە خواردبوویان و، تفەنگی پێ بووە دەستی گۆی نەکردووە دەستۆکەری بکات و، ئەنواعی ماجەرا و حیکایات لەو بەفرە ئەستوورەدا نەقڵ ئەکرا کە جێگای حەیرەت بوو و ئایەتێک بوو لە ئایاتی خوای تەعالا. لە دیبەگە بووم کە بەفرەکە باری و دەوامی کرد. منیش بە واسیتەی ڕاتبە کردنی ناودێ لەو بەفرە زۆر ناڕەحەت بووم. گەلێ ڕۆژ سەگ گڵاوی ئەکردم و خۆم دائەشوشت. حەتتا ڕۆژێک چەن سەگێک بۆم هاتن، هەردوو دەستم گیرابوو بە دوو زەرف چێشتەوە، ناچار زەرفێ لە چێشتەکانم هەڵپرژان بە دەموچاویانا.

جەنابی مەلا بە ئەحواڵی منی زانی، فەرمووبووی ئەو کوڕە ئەگەر لە مەدرەسەیەکی تر بێت موستەعیدە، ڕاتبەی ناودێ پێ مەکەن، با ئیشی حوجرە بکات. ئەکسەریان ڕازی بوون، بەعزێکیان قەناعەتیان نەکرد. مەخسووس مەلا ئەسعەد ناوێکی مەریوانی بە خۆی و سووختەیەوە ئیسراریان کرد لەسەر ئەوە کە ئەبێ ڕاتبە بکات، ئەنجا نازانم غەرەزی مامۆستام بوو یان لەبەر خۆم. منیش ڕقم لەو وەزعە هەڵسا. لەو تەنگ و چەڵەمەدا، لەو بەفرە شیددەتەدا قەرارم دا بچمەوە بۆ ترپەسپیان لە داخی ئەو نامەردانە. ئەسبابم پێچایەوە، دامە دەس مامۆستام. کە زانی ئەڕۆم، زۆری هەوڵ دا، وتی خۆت ئەفەوتێنی، گورگ ئەتخوا. حیرس گرتمی و بە هەوای موقتەزای گەنجی کە شوعبەیەکە لە شێتی، بەو فەرتەنەیە عەزمم کرد لەسەر کۆچ و گوێم نەدایە ئامۆژگاریی کەس. دوو دەرپێم بوو هەردووکیانم لە پێ کرد و زۆر چاک خۆم پێچایەوە، لەچکم کرد، سەر و ملم پێچا بە دوو جامانە، فەقیانەکانم لە دەس و باسکم ئاڵاند، تەنها دەموچاو و دەسم بەدەرەوە ما. کەوتمە ڕێگا و بە زورگا هەڵگەڕام، سەرەوژوور، تەقریبەن لە عومری حەڤدە ساڵییام و جەنگەی قوەت و تاقەتی گەنجیمە، باکم نییە و ماندووبوون نازانم چییە، تا ئەژنۆم بەفر و دنیا تاریک و تەمە. ئەمما چونکە بای نەبوو و هەوا خۆش بوو حیسی سەرمام نەدەکرد. «بحول اللة و قوتة»عەرەبی زوو گەیشتمە سەر زورگەزرار، دانیشتم، ئیستیراحەتم کرد، جگەرەم خوارد، چەن ئایەت و دوعام خوێند. ئەنجا سەروژێر داگەڕام بەدیوی باقرتەدا، ڕێگا دیار نییە، لاپێیە، زۆر جار ئەکەوتم، تا پشتێنم ئەکەوتە بەفرەوە، گەڵێ کەڕەت بەلادا ئەکەوتم، هەڵئەخلیسکام. ئەمەندەم هەڵسوکەوت کرد تەواو ماندوو بووم.

بە مەزەننە نزیک بوومەوە لە بناری زورگەکە، دانیشتم، تەماشەیەکی دوای خۆم کرد بۆ سەر زورگ، تارمایییێکم دی، بۆر و قەبە ئەجووڵان و بەرەو خوار ئەهاتن. ترسام کە گەلەگورگ بن، مووچڕکە بە بەدەنما هات. هەناسەم سوار بوو، دیققەتم دا کە نزیک بوونەوە زانیم گورگ نین، سێ هێستر سورای شوانکارە قەراج بوون ئەچوون بارەکا بێنن بۆ قەراج بۆ مەڕ و حەیوان. هەرسێکیان کەپەنەکیان بەسەروە بوو، من دانیشتبووم لە دوورەوە دەنگیان دام، جوابم دایەوە، زۆر کەوتنە پەکوو پەکوو بۆ حاڵی من و گەلێ بەزەیییان پیاما هاتەوە. یەکێیان لە یەکێکیانی خوڕی و وتی: کوڕە خۆ فڕێ دە خوارێ، هەڵیگرە بیخەرە سەر پاشکۆم. کابرا دابەزی و سواری پاشکۆی ئەوی تری کردم. ئنجا کەوتینە سوئال و جواب، زانیان کە فەقێم، وتی: بۆ کوێ ئەچی؟ وتم بۆ ترپەسپیان. وتیان: ئێمە تا باقرتە ڕەفێقی تۆین، وتم: بمگەیەننە باقرتە باکم نییە چونکە مەلای ئەوێ مەلا سەیید خدر فەقێ باوکم بووە. وتیان: بەسەر چاو، لەبەردەمی حوجرەی فەقێ داتئەبەزێنین. بەڕاستی مەردایەتییان کرد و دەلیلێکی خێر بوون بۆ من. ماندووم حەسایەوە.

گەیشتینە باقرتە، بەردەمی حوجرە، بانگیان کرد: فەقێ وەدەرکەون، مێوانێکمان بۆ هێناون. دابەزیم، چوومە حوجرە، هەموو فەقێکان سەریان سووڕما و تەعەججوبیان کرد. ئاویان بۆ گەرم کردم، دەست و قاچیان ششتم. چایان لێنا. کە حیکایەتم بۆ ئەکردن هەر وا سەرسام ئەبوون، ئەیانوت: خوا بە کەرەم و ڕەحمی خۆی نەجاتی داوی. ماجەرای ئەو سەفەر و فەلاکەتم کە بەسەرا هات و نزیک بوو بە هیلاک بچم، تەفیسلێ دەوێت. بە کورتی بڕیمەوە. خۆڵاسە شەو لە باقرتە مامەوە. سبەینێ بەخۆشی گەیشتمە ترپەسپیان. لاموەهایە ‌پاش چل شەو زیاتر ناردم بۆ دیبەگە بۆ بوخچە و ئەشیاکانم. بەهاری دوای ئەو بەفرە بوو سەرگوزەشتەی شاییی فەقێکان کە تێکەڵ بە شین بوو وەکوو ڕابوورد و نووسرا.