١٠

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 8 خولەک  605 بینین

لە ترپەسپیان مامەوە. زۆر ڕووت بووم و پووڵێکیم نەبوو، هەرچۆنێک بوو ڕامبوارد. ئێوارەیەک سێ ئێسترسوار هاتن لە حەوشی مزگەوت دابەزین، مامۆستام ناردی بەدواما فەرمووی: کاکە حەمە، ئاغای پیرداوود کوژراوە، ناردوویانە کە سێ فەقێیان بۆ بنێرم ئیمشەو لەسەر جەنازەکەی قورئان بخوێنن، ئەچیت یان نە؟ وتم: بەڵێ ئەچم. من و دوو فەقێ تر سوار بووین. نوێژی مەغریب لای دابوو گەیشتینە پیرداوود. تاوڵێکیان بۆ هەڵدابووین. جەنازەکە لەوێدا دانرابوو، نوێژمان کرد، دەستمان کرد بە قورئان خوێندن، چوار کەس بووین من و دوو فەقێی کە، سەییدێکی ئەوێش لەگەڵمان، لای خۆی وەک موراقیب و ئەمیندارمان کە ئێمە ڕانەوەستین. پاش عیشا نانیان بۆ هێناین. شەو درەنگێک یەک تەشپی مێوژی زراریان بۆ هێناین. چەند دەقیقەیەک بە خواردنیەوە مەشغووڵ بووین. شەوێ دەسنوێژم تازە کردەوە، لە شەقە جۆگەیەک کە بەلای دەوارەکەدا ئەڕۆیشت. کاک سەیید زۆر سست بوو لە قورئان خوێندنا و ئەو میقدارەیش کە ئەیخوێند چونکە زۆر غەڵەت و پەڵەت بوو، هەر بەوەدا ڕادەگەیشتم کە غەڵەتی پێ بڵێمەوە. ئاخری ڕجام لێ کرد کە بە دەنگی نزم بخوێنێت.

سبەینی کە ڕۆژ بۆوە وا کە دۆست و دوژمن لێک ئاشکرا بن نوێژمان کرد. ئەنجا وتم: کوڕینە چەندتان خوێندووە؟ فەقێیەکیان وتی: من شازدە جزوم خوێندووە، ئەوی تر وتی: من دوازدە جزوم خوێندووە. سەییدەکە وتی: بەخوا من هەشت جزوم خوێندووە. منیش بیست و شەش جزوم خوێندبوو، لەسەر «والذاريات»عەرەبی ڕاوەستابووم، وتم: ئەنجا خۆ هیچمان خەتممان تەواو نەکردووە. ئەگەر پرسییان بڵێین چی؟ سەییدەکە وتی: کوڕە بڵێن خەتمی تەواومان کردووە. لەوێش خەتم بە چوارد قڕانی ڕەش بوو. بە سەییدەکەم وت: بەخوا دیارە ئەمینداری چاکی! وتی: کوڕە لەپاشا بۆی تەواو کەن. وتم: باشە ئێوە چی ئەڵێن بڵێن. ئەمما من ئەڵێم چوار جزوم ماوە خەتم تەواو کەم. وتیان: باشە. پاش هەتاو کەوتن برای ئاغا هات لەگەڵ جوولەکەیەکا کە ئەمیندار و کیسە باخەڵیان بوو، وتیان: چیتان خوێندووە. سەییدەکە وتی: هەموو خەتمیان تەواو کردووە. وتم: من چوار جزوم ماوە. جووەکە پارەی داینێ، وتی: پارەی ئەمیش تەواو بدەن، لەپاشا تەواوی بکات.

لەپاشا وتیان: ئەرێ خۆ ئیمڕۆ پێنجشەممەیە با یەکێ لەم فەقێیانە ببەین بۆ سەر قەبران تا مەغریب لەسەری بخوێنێ بیگەیەنێ بە جومعە، منیان ئینتیخاب کرد. قەبرستان دوور بوو، هێسرێکیان هێنا، سوار بووم. بۆ دەمی نیوەڕۆ ئەنجا دەفنی تەواو بوو و گەڕانەوە. پیاوێک لای من مایەوە. زۆری پێ نەچوو پیاوێکی تر هات، شەکر و چا و نیوەڕۆی هێنابوو. «ما علينا»عەرەبی لەسەر قەبرەکە ماینەوە تا نوێژی مەغریبمان کرد. قورئانێکی باشم خوێند. دوو پیاوەکە و هێسرەکەیش لەوێ بوون. پاش مەغریب کە نوێژمان کرد، سوار بووم. زەلامەکان بە گورگەلۆقە و منیش بە سواری، ڕۆیشتین. بۆ عیشا گەیشتینەوە پیرداوود. شەوێ خزمەتێکی باشیان کردم. سبەینێ لەبیرم نەماوە، پەنجا قڕانێکیان دامێ کە جێگای بیست دیناری ئیستەی پڕ ئەکردەوە و من ئەو پارەیە لە بەرەکەتی ئەو ڕاستییەی ئەزانم کە گوتم خەتمم تەواو نەکردووە چوار جزوم ماوە و بە سواری هاتمە بو ترپەسپیان. کە چووم بۆ هەولێر ئەو پارەیە سەرتاپا لیباسم پێ کرد، زۆری مابۆوە.

لە سەرگوزشتەی ئەو زستانە کە لە ترپەسپیان بووم، ئاغاکەی ئەوێ سڵێمان ئاغا ئەغڵەب شەوی سێشەممە و جومعان دەهاتە ناو فەقێیان، یاری و سوحبەتیان ئەکرد، گەلێ شەو گۆرەویبازییان ئەکرد تا نیوەشەو. شەوێک لەسەر دڵخواز گۆرەویبازی کرا، سڵێمان ئاغا و دەستەی بردیانەوە، پیاوێکی چەتەوڵی لۆق درێژی بوو هەڵسا فەقێیەکی کرد بە «پێچاڵ» سەری بە دیوارەوە نووسان، لاقانی پێ دوورخستەوە، فەقێیە بچکۆلەی کرد بە «مەکووک»، خۆی بۆ «جۆڵا»، فەقێ مەکووکەی خستە بەینی دیوار و لاقانی فەقێ پێچاڵەوە و کۆمانیەوە وەکوو ڕکووع، فچکێکی بۆ ئەکرد و یەک ئەژنۆی ئەدا بە قنگی فەقێ مەکووکا، ئەیگەیانە ئەودیو، کوتێکی باشیشی ئەدا بە فەقێ پێچاڵەوە، لەودیوەوە فەقێ مەکووکی وەرئەگێڕایەوە، ئەژنۆکەی تری بەهێزی خۆی ئەدا بە سمتی فەقێکەدا، ئەیوت: فچک، بە شێوەیەکی سەیر و کوتێکی قایمی ئەدایەوە بە فەقێی پێچاڵا، مەکووک ئەهاتەوە ئەمدیو، دەی دەی تا چەن جار وای لێ کردن تا ماندوو بووین.

فەقێ ڕقیان هەڵگرت. شەوی پاشوو هەرچەن شەوی موتاڵا و دەرسیش بوو ئەمما هەر بۆ حەق سەندن ناردیان بە دوای سڵێمان ئاغا، بە دەستەیەوە هاتن، گۆرەویبازی دامەزرایەوە لەسەر دڵخواز، خوڵای من و تۆ کردی فەقێ بردیانەوە، وتیان: بابە چیتان ئەوێ؟ ترپەسپیان لە دەشتایە، مزگەوت لە ناوەڕاستی دێیە. لەسەربان قسەیەک بکە بە قایم هەموو دێکە گوێیان لێیە. فەقێ حوکمیان کرد لە ئاغا ئەبێ بچیتە سەربانی مزگەوت، بە دەنگی بەرز بانگ کەیت سێ جار: کوڕە هۆ ئاواییی ترپەسپیان! ئیمشەو کەس کەر نەگێت، نۆرە کەرگانی سڵێمان ئاغایە، وتی: کوڕە ئامان، دەخیل، دەستم دامێنتان، ئابڕووم ئەچێت. ڕجاتان لێ ئەکەم هەرچەن ئەڵێن شەکر و چا ئەیدەم، ئەم پەندەم پێ مەدەن، کەڵکی نەگرت. وتیان: وەڵا غەیری ئەوە بە هیچ ڕازی نابین. ئەبێت بیشقیڕێنی. ئەگەنە حیسابی ناکەین. چارە نییە. سڵێمان ئاغایان بردە سەربانی مزگەوت. لەگەڵ ئەووەڵ جار بانگی کرد: هۆ ئاواییی ترپەسپیان! هەرچی لە ماڵان بوو هەمووی هاتەدەرەوە، حەیرەت و تەعەججوب گرتی. سێ ‌جار بانگی کرد ئیمشەو کەس کەر نەگێت، نۆرە کەرگانی سڵێمان ئاغایە. هەر دەمێ نا دەمێ سخورمەیان لێ ئەدا: دەنگ هەڵبڕە! تا سێ جارەکەی تەواو کرد. لەناو دێدا بوو بە هەرا. کە هاتینە خوارەوە عەرەقی هەڵئەڕشت و سپی هەڵگەڕابوو. بۆ سبەی لە هەموو جێ، لە هەموو ماڵ باس باسی ماجەرای ئەو شەوە بوو.

لە ترپەسپیان مامەوە تا دنیا گەرم بوو. بەهۆی پارەکەوە چووم بۆ هەولێر، لیباسێکی جوان و پەرداخم دروست کرد. لەگەڵ مەلا محەممەدی چنێرانی کە ئیستە لە مەخموور عەرز و حاڵ ئەنووسێت، برایەتیمان خۆش بوو و هەم چونکە جامی ئەخوێند و لەگەڵێ پێدا ئەچوومەوە، بەهۆی ئەوەوە تەفرەی ‌دام بچین بۆ ئیرانێ لە خۆشناوەتی. چووین. موددەیەک لەوێ ڕامبوارد، ناخۆش نەبوو، چونکە مەرحووم «سافی» کاک مستەفای شاعیر گەنج بوو، لەوێ بوو، زۆر تەڕ و خۆشخولق و لەگەڵ فەقێدا تێکەڵ بوو. زۆرتر لەگەڵ ئەو ڕامانئەبوارد.

دوایی تاقەتم چوو هاتمەوە بۆ هەولێر، لە مزگەوتی مەلا ئەفەندی لە قەڵات لای مەرحووم مەلا عەبدوڵڵای کوڕی حاجی مەلا حەسەنی بورهانی کە موستەعیدی ئەفەندی بوو - دامەزرام، دەسم کرد بە عەبدوڵڵا یەزدی. چەند مانگێک پێکەوە لە حوجرەیەکا بووین. بەناو فەقێ بوو، برنجی مەلا بوو. ڕۆژێ پێش ڕەمەزان وتی: کاکە حەمە فڵان کتێبم لازمە، لای مەلا عوسمانی بەحرکە هەیە، ئەتوانی بچیت بۆم بهێنی؟ وتم: بەڵێ. چاکم کرد بەلادا هەی پێم لێکرد بۆ بەحرکە. ناشارەزا، هەر بە پرسیار، پێش نیوەڕۆ گەیشتمە ئەوێ. کاغەزەکەی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵام دا بە مەلای بەحرکە. پاش نوێژ مەلا بە کوڕەکەی وت: بچۆ نان بێنە. کوڕەکە ڕۆیشت جامێ دۆ و چوار نانی هێنا. زۆریشم برسی بوو، ئەمما سێ نانم خوارد، نانێکم پارووی شەرم هێشتەوە. مەلا وتی بە کۆڕەکەی: ڕۆڵە! ئەوە بۆ ئەوەندەت نان نەهێنا کە میوانەکە تێر بخوات؟ ئەوە ڕۆنەکەرەمان بوو، بۆچی نەتهێنا؟ ئەوە بۆیە چوار نانت هێنا میوانەکە سیانی بخوا و یەکێکی بهێڵێتەوە؟ ئەنجا تفێکی لێ کرد، وتی: کەر بە قوزی دایکتدا ببا. پاش نیوەڕۆ گەڕامەوە بۆ هەولێر. کتێبەکەم هێنا بۆ مامۆستام. شەو ڕەمەزان بوو.

چەند مانگێک لە هەولێر ماینەوە. مامۆستا وتی: کاکە حەمە! بێتاقەتم، ئارەزووی سەفەرم هەیە، حافزێک بگرەوە. کە گرتمەوە بە نیازی سەفەر کردنمان، ئەمەی هێنا: «بختم ار یار بود رخت ازین جا ببرم»فارسی. قەراری ‌دا کە بچین بۆ شاری کۆیێ، لەوێ شەرع بخوێنێ چونکە یەک کەلیمە شەرعی نەخوێندبوو. ئیزنی لە مەلا ئەفەندی خواست بەو قەرارە کە بۆ ئیجازە وەرگرتن بیتەوە خزمەتی. چووینە کۆیێ. لەگەڵ گەیشتنی ئێمە، مەلا ڕەسووڵی خاڵ و مەلا ڕەسووڵی خوارزا گوروومەری کە ناسیاو و ئاشنای مامۆستا بوون، بە سێ سوختەوە گەیشتنە کۆیێ. هەر حەوتمان لە مزگەوتی بایز ئاغا دامەزراین. مامۆستا لای مەلا بەهائەددین دەستی کرد بە خوێندنی ئیبنوحەجەر، تەڵاق و نیکاح و، هەموو ڕۆژێ مەلا ئەحمەدی کوڕە شوان لە مزگەوتی گەورەوە چونکە میوانی مەلا محەممەد بوو دەهات بۆ حوجرە، دەرسێکی مینهاجی پێ ئەوت. ئەو زستانە زۆر خۆشمان ڕابوارد، زۆر بەکەیف. شەوێک مەجلیس گیرابوو لە حوجرە، زۆر قەڵەباڵغ بوو....