٨

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 13 خولەک  726 بینین

خۆلاسە پاش چایی و بەرچایی خواردنی دیوەخان چووین بۆ مزگەوتی گەورە، بە پرسیار مەلا سابیری نازەنینمان دۆزیەوە، پیاوێکی زۆر ڕووخۆش و بە گفتوگۆ و دەم بە پێکەنین بوو، یاخوا ڕەحمەتی خوای لێ بێت. لەپاش بەخێر هاتن کردن تەکلیفی جێگەم لێ کرد، مەعزەرەتی هێنایەوە کە جێگا نییە. زۆرم لەگەڵ وت فائیدەی نەبوو. وتی: ناوت چییە؟ وتم: محەممەد. ئیتر گفتوگۆی کاکە حەمە گیان بوو. قسەی لەگەڵ ئەکردم، لە قسەکردنی لە جێگا مەئیووس ئەبووم. لاکین کە تەماشام ئەکرد قسەکانی هەموو بە پێکەنینەوە بوو تۆزێک ئومێدم پەیدا ئەکرد.

ڕۆژی جومعە بوو، نوێژی جومعە نزیک بووەوە. لە دوورەوە تەعریفی خوتبەی مەلا محەممەدم بیستبوو، زوو چوومە ژوورەو، نزیک مینبەرەکە دانیشتم. زۆر عاجز بووم. فەقێ ڕەسووڵ خوا عەفووی کات قورئانی ئەخۆند، زۆرم پێ خۆش بوو. سوننەتی جومعە کرا. جەنابی مەلا، خودا عەفووی کات، چووە سەر مینبەرەکە، بەبێ کاغەز بەدەسەوە گرتن خوتبەیەکی زۆر بەلیغی خوێندەوە. تێگەیشتم. لە باسی پشت بە دنیا نەبەستن و بەدنیا مەغزوور نەبوونەوە، چونکە هەمووکەس بەجێی ئەهێڵێت. بەو موناسەبەتەوە تێهەڵکێشی کرد بۆ وەفاتی باوکی «حاجی مەلا عەبدوڵڵای جەلی» ڕەحمەتی خوای لێ بێت کە پار لەم مانگەدا، لەم ڕۆژەدا لەسەر ئەم مینبەرە ئەو خوتبەی خوێندووە، ئێستە ئەو لە جێگایەکی ترە و یەکێکی ‌تر لە جێگایەکەی ئەو خوتبە ئەخوێنێت، ئەمما بە گریانەوە و بەبێ گیروگرفت و سەربەست و دلێرانە ئەیخوێندەوە. تێگەیشتم کە پار ئەو مانگە باوکی وەفاتی کردووە. بەڕاستی لەلام هونەر بوو و دڵم ئەوەندە بەو خوتبەیە مەشغووڵ بوو خەفەت لە دڵما نەما.

پاش جومعە چووینەوە بۆ حوجرە چونکە مەلا سابیر خۆی وتی پاش جومعە نەچن بە هیچ لایەکا، وەرنەوە بۆ ئێرە و تەواو مەئیووسیش نەبووبووم. نازانم چ فەقێیەک لەسەر گەڵوو دەنگی منی بیستبوو، یا لە سولەیمانییە منی دیبوو وتبووی بە مەلا سابیر مامۆستاکەیان دەنگێکی خۆشی هەیە. لەگەڵ چووینەوە حوجرەکە و دانیشتین بێ تەوەقوف و پێش نان خواردن وتی: ئەرێ کاکە حەمە گیان ئەڵێن دەنگێکی خۆشت هەیە، توخوا ئەگەر غەزەڵێکم بۆ نەخوێنیتەوە. وتم: مامۆستا من دڵم پڕ غەمە، خەفەتی خۆم لە لایەک، خەفەتی ئەم دوانەیش لەگەڵمن لەلایەک. من سەعاتێکە لێت ئەپاڕێمەوە بۆ جێگا ڕام ناگریت، کەچی پێم ئەڵێیت غەزەلم بۆ بخوێنەرەوە. بەخوا مامۆستا تاقەتم نییە. زۆر عاشقی دەنگی خۆش بوو، وتی: کاکە حەمە گیان بەقوربانت بم توخوا ئەگەر بۆم نەخوێنیتەوە. وتم: ئاخر من وا عاجز لە چ دڵێکەوە بیخوێنمەوە. وتی: تۆ فەرموو، خوا خێرکەرە. کار نییە خوا چاکی نەکات. وتم: چیت بۆ بخوێنمەوە. تازە شیعر مەحوی یەکەیەکە بڵاوئەبۆوە، وتی: غەزەڵێکی مەحوی هەیە «بە نووری بادە کەشفی زوڵمەتی تەقوا نەکەم، چ بکەم» لەبەرت نییە؟ وتم بەڵێ لەبەرمە. وتی: ئەوەم بۆ بخوێنەرەوە بەقوربانت بم. هێشتا ژووری جامیعە خەڵقی تیا مابوو دەسم پێکرد، فەقەت تێم چریکان و عەجەب دەنگێکم بوو، زۆر جوانم خوێندەوە، هەرکەس گوێی لێ بوو ڕووی کردە بەردەرگای حوجرە، بوو بە قەڵەباڵغ. پێموایە حەوت شیعرەکەم خوێندەوە. کە لێبوومەوە وتی: کوڕە یا خوا بەخێر بێیت، بەسەرچاوەکانم، وەی بەسەر هەردوو چاو، خۆم دەرست پێ ئەڵێم. وتم: ئەی ڕەفیقەکانم؟ وتی ئەوانیش دائەمەزرێنین. پاش نان خواردن و قسە و حیکایەت کردن، فەقێ نارد خاڵمیان لە مزگەوتی پەلک و، فەقێ مەحموودیان لە مزگەوتی بایز ئاغا دامەزراند. ئینسانێکی زیرەک و تەقریرێکی ڕەوانی بوو. دوو فەقێ تری لابوو، هەردوو بێتواتەیی: مەلا قادر «قالە شۆڕ»، مەلا خدر «خدرە لوڕ». کوڕی چاک بوون، هەردووکیان جامییان ئەخوێند وەک من، ڕەفاقەتمان خۆش بوو.

لەپاش چەند مانگێ مەلا سابیر چوو بۆ نازەنین بۆ ماڵی خۆیان و مزگەوتی بایز ئاغا چۆڵ بوو، چوومە مزگەوتی بایز ئاغا و خاڵیشم هێنایە ئەوێ. هەرسێکمان لەوێ گردبووینەوە. دەرسم لای حاجی مەلا شەفیع کوڕی حاجی ئەمین ئەخوێند، خوا عەفوویان کات. حاجی مەلا شەفیع چوو بۆ سەفەری حەج، چەن ڕۆژێک ئەچووم لە مزگەوتان دەرسم ئەخوێند. مەلا قادر و مەلا خدری ڕەفێقم هاتن زۆر ئیلحاحیان کرد کە بۆ خۆێندن بچینە بۆسکێن بۆ خزمەت مەلا مەحموودی بۆسکێن. موافەقەتم کرد. خاڵم هات، فەقێ مەحموو نەهات. هەرچوارمان چووینە بۆسکێن بۆ خزمەت مەلا مەحموود، خوا عەفووی کات. موددەتێک پێکەوە بووین. خاڵم عاجز بوو، چووەوە بۆ کۆیێ. ڕەمەزان هات، بۆ جەژن مەلا قادر و مەلا خدر چوونەوە بێتوات، من لە بۆسکێن مامەوە.

زۆر ڕووتوقووت و بێپێڵاو بووم. لەبەر ڕووتی ڕۆژی جەژن لە ژووری مزگەوتەکە دانیشتبووم، مەشغووڵ بووم بە ئیشی خۆم. مامۆستا هات بانگی کرد: کاکە حەمە چی ئەکەیت لە ژوورەوە وەرە دەرەوە. هاتمە بەرهەیوان. دانیشتین. وتی: بەم جەژنە بەتەنها لە ژوورەوە ڕابواردنی تۆ ئەزانم لەبەر ڕووتییە. ڕووت نییە بچیتە ناو خەڵق. منیش لە فەقێیەتیا ڕووتی و غەریبیم بەخۆمەوە دیوە. با حیکایەتێکت بۆ بگێڕمەوە بۆ تەسەللی دڵت. وتم فەرموو: وتی لە ئاکرێ دەمخوێند، زۆر ڕووت بووم، پێڵاوم نەبوو، دەرپێکەم دڕابوو، کەوایەکی شۆڕم لەبەرا بوو پشتەکەی دڕابوو، بەری ساغ بوو، چاکی کەواکەم هەڵدرووبوو تا عەورەتم لە دەرپێکەوە دەرنەکەوێت. فەقێ ئەو وڵاتەیش هەموو پۆشتە و پەرداخ و شۆخ و ئەلبیسەی جوانیان لەبەرا بوو. بەهار بوو، سێشەممە و جومعە ئەچوونە دەرەوە بۆ سەحرا بۆ کەیف و سەیران و یاری کردن و زیافەت خواردن. هەرچەن فەقێکان تەکلیفیان لێ ئەکردم من لەبەر ڕووتی ڕووم نەبوو لەگەڵیان بچمە دەرەوە، بەتەنها لە مزگەوت ئەمامەوە و سەعیم ئەکرد. فەرمووی مزگەوتێکی زۆر خۆش و عەجیبی بوو، مەدحی مزگەوتەکەی زۆر کرد.

فەمووی ڕۆژێکی سێشەممە بەتەنها لە ژووری مزگەوت سەعیم ئەکرد، تەماشام کرد پیاوێکی بە سەروسیما و قیافەت، کەڵەگەت، بەشەوکەت، عەبایەکی تەلەسفەری شان سورمەی قەد کردبوو دابووی بەسەر شانیا، هاتە ژووری مزگەوت، سەلامی لێ کردم و دانیشت، لەبەری هەڵسام، بەخێر هاتنم کرد، دەستی کرد بە سوئال و پرسیار، وتی: مەدرەسە بۆچی چۆڵە؟ وتم: فەقێکان چوون بۆ سەحرا و سەیران. وتی: تۆ بۆچی نەچوویت و بە تەنیایت؟ وتم: من حەز لە سەیران ناکەم و تاقەتم نییە. وتی: بەخوا ئەزانم فەقێی ئەم وڵاتە شۆخ و پۆشتە و پەرداخن، تۆیش ڕووتوقووتی پێت عەیبە ڕەفاقەتیان بکەیت. ئیتر پرسیی: خەڵقی کوێیت و چی ئەخوێنیت و لە کەیەوە هاتوویت بۆ فەقێیەتی؟ منیش جوابم ئەدایەوە.

پیاوەکە لە سیمای دەرئەکەوت کە عاجز و غەمبار بوو. دوای گفتوگۆیەکی زۆر وتی: ئەی تۆ بۆچی هیچ لە من ناپرسیت کە کێم و لە کوێوە دێم و بۆ کوێ ئەچم و ئیشم چییە؟ وتم: من ئەدەب ئەکەم عەرزت بکەم. فەرمووی: من فڵان کەسم گەورەی تائیفە و ساحێب دێ بوو مەللاکم، چواردە هێستر تووتنم ناردووە بۆ مووسڵ. چواردە هێسرەکەیش هیی خۆمە. چوار قەتارچیم لەگەڵ هێسرەکان ناردووە. جەردە داویە بەسەریانا، دەس و پێی قەتارچییەکانیان توند بەستووە و چاویان بەستوونەتەوە و ڕووتیان کردوونەتەوە، بە تووتن و هێسر و ئەسبابی قەتارچییەکانەوە هەموویان بردوون. ئەمما بەعزێ لە قەتارچییەکان ناسیویانن. لەپاشا ڕێبوار دەس و پێی قەتارچییەکان ئەکەنەوە. ئێستا بە پەیسەری ئەو تاڵانەوە ئەچم بو مووسڵ. دوعام بۆ بکە، هەر نیوەیشم دەسکەوێتەوە لەوسەرەوە کە هاتمەوە سەرتاپێ دەستێک ئەلبیسەی چاکت بۆ ئەکەم. وتم: بەخوا ئەلبیسە بکەیت یا نەیکەیت من دوعای زەفەر و نەجاحت بۆ ئەکەم و ئینشەڵا بە مەقسوود و دڵخۆشییەوە ئەگەڕیتەوە. ناردی لە بازاڕ نان و کەبابیان هێنا، خواردمان و پیاوەکە ئوغری کرد. سێشەممەی دوایی هیچ، سێشەممەی دوایی تر پاش پانزە ڕۆژ لە چەشنی وەزعی پێشوو مەدرەسە چۆڵ و فەقێ لە سەیران بوون و من بەتەنها لە ژووری مزگەوتا سەعیم ئەکرد، تەماشام کرد پیاوەکە هاتەوە، وەک شێرێک بێتە ژوورەوە، بەڕووخۆشی و مەسرووری و قسەی خۆشەوە هاتە ژووری مزگەوت، سەلامی کرد و موسافەحەی لەگەڵ کردم و دانیشت و وتی: مژدەت بدەمێ بە تووتن و هێسر و کەپەنەک و ئەسبابی قەتارچی و کەژ و گوریسی بارەکان هەمووم وەرگرتەوە ئیللا نیوە فەردەیەک تووتن نەبێ داغان کرابوو و خۆم دەستم لێ هەڵگرت و جەردەکان گیران و حەپس کران. سوبحانەڵڵا جاری پێشوو چەن عاجز و غەمگین بوو و ئەم جارە نەوعێکی تر و پیاوێکی تر بوو. لەپاش قسە و حیکایەت و ئیستراحەت کردن وتی: هەڵسە بچین بۆ بازاڕ. بردمی بۆ بازاڕ، هەر لە کڵاو هەتا پێڵاو دەستێک ئەلبیسەی چاک و جوانی بۆ کڕیم هەتا بەندەخوێن و سابوون و کندر و دەزوو و بەعزێ شتی تر کە پێویست بێت و میقدارێک پارەیشی دامێ. ئەمجا ئەو ئەوغری کرد و منیش بووم بە ئینسانێکی تر.

مامۆستا مەلا مەحموود ئەم قسە خۆشەی زۆر بە جوانی هۆنیەوە، لەپاشا فەرمووی عاجز مەبە، بەشکەم خوای تەعالا واسیتەیەکیش بۆ تۆ بنێرێ کە ئەم ڕووتوقووتییەت دەفع کات، سەبرت بێت، قسەی مامۆستا وەک ئیلهام وا بوو. بەچەن ڕۆژێکی کەم دوای ئەو قسانە، پیاوێک لە بۆسکێن ئەمری حەققی بەجێهێنا و مرد. مەڕی زۆری بوو، نیوەی کرد بە وەسیەت کە سێ یەکی نیوەکەی سەربڕن بۆ فەقیران و سێ یەکی بدەن بە فەرش بۆ مزگەوتان و سێ یەکی بکەن بە ئیسقات بۆ کەفارەتی نوێژ و ڕۆژووی. مامۆستا کردمی بە شەریکی ئیسقات و فەرمووی قورئانی لەسەر بخوێنە. لەپاش ناشتی فەرمووی لەسەر قەبرەکەی بخوێنە ئێوارە و وەسڵی جومعەی بکە. ڕۆژی پێنجشەممە بوو وەلحاسڵ بە حیسسەی ئیسقات و پارەی قورئان خوێندنەوە من نزیکی حەفتا قڕانم بەرکەوت کە جێگای سی دیناری ئێستا ئەگرێت، بەڵکوو قڕانێکی چل و پێنج ساڵ لەمەوپێش موقابیل بە دینارێکی ئیستە بوو. تەسادوف تەعزیە نەبڕابووەوە و مەڕەکان نەفرۆشا بوون، لە شارێ کۆیێوە کاغەزێکی خاڵم بۆ هات کەوا خەریکم بچمەوە بۆ سولەیمانییە، ئەگەر زوو نەگەیتە کۆیێ کتێب و ئەسبابت ئەبەمەوە و ئەڕۆم. منیش لەتاوا لەسەر پارەکە نەوەستام، چووم بۆ کۆیێ، کە تەحقیقم کرد ڕۆیشتبوو. زۆر عاجز بووم و خەفەتم زۆر خوارد. دڵم تەواو پەرێشان بوو. ئەی هاوار ئەم خاڵەم منی فریب ‌دا بۆ فەقێیەتی بە قەراری چوار ساڵ کەچی ساڵی نەبردە سەر. تاقەتم نەبوو بگەڕێمەوە بۆ بۆسکێن. پاییز بوو، گەڕام بە مزگەوتانا. لەبەر ڕووتی کەس جێگای نەکردمەوە. ناچار چوومە مزگەوتی ڕەشە. پاش جامی دەستم کرد بە فیعلە سعدوڵڵا لای فەقێیەک کە زۆر کەودەن بوو. موددەیەک لەگەڵم ڕابوارد، بەینمان تێک چوو. زستان هات. گەڕام جێگام نەبوو. فەقێیەک خەڵقی وڵاتی سولەیمانییە پرسیی وتی: ئەوە تۆ هیچ پارە شک نابەیت. بۆچی وا ڕووتی؟ حیکایەتی پارە بۆسکێنم بۆ کرد کە ئینتزار ئەکەم مامۆستا مەلا مەحموود بۆم بنێرێت و چەن کاغەزم نووسیوە. وابزانم کاغەزی پێ ناگات. فەقێکە حوکمی لێ کردم. وتی: ئەبێ سبەی بچیت بۆ ئەو پارەیە. بە قسەم کرد. بە خۆشی و سایەقە چووم بۆ بۆسکێن. پارەکەم وەرگرت، لە حەفتا شتێکی کەم بوو. گەڕامەوە بۆ کویێ. تووشی کاروانێک بووم، هێستر بار، بۆ کۆیێ ئەچوون. لەگەڵیان بووم تا بناری هەیبەت سوڵتان. زستان بوو، هەوری هێنا، کرد بە با و باران، ڕەهێڵە و بەفر. پەنا بەخوا کاروان و قەتارچی سەریان لێشێوا. من هەی پێم لێکرد. کاروانم بەجێهێشت. سەرکەوتم بۆ سەر کێوی هەیبەت سوڵتان. لەوێوە چاوم لە دێیەک بوو، ڕاست بەرەوخوار داگەڕام بۆ دێکە. گەیشتمە دێکە، ڕووم کردە مزگەوت. قەڵەباڵغی تێدا بوو. کەچاویان پێم کەوت لە تەوقی سەرم تا پەنجەی پێم خۆڕاوگەی ئاو ئەهاتە خوارێ. ئاگریان بۆ خۆش کردم و لە ماڵان کراس و ئەلبیسەیان بۆ هێنام. ئێوارە بوو، ئەهلی دێکە هەموو لە مزگەوت بوون. پیاوێکی کۆییش میوان بوو، سەرکەوای لەبەر خۆی داکەن، دای پێم، کردمە بەرم. پارەکەم لە گیرفانم هێنایە دەرەوە خستمە گیرفانی سەرکەوای کابراوە. هەرچی جلم بوو بردیانە ماڵان وشکی کەنەوە. ئیستراحەتم کرد. گەرم بوومەوە. ماندووم حەسایەوە. پێم وایە ئەگەر دانەگەڕامایە بۆ ئەو دێیە و هەر بڕۆیشتمایە بۆ کۆیێ لە بناری هەیبەت سوڵتان بە هیلاک ئەچووم. سبەینێ جلەکانیان بۆ هێنامەوە، کردمە بەرم. لەبیرم نەبوو پارەکەم لە گیرفانی سەرکەواکە دەربهێنم. کابرا وتی: فەقێ سەرکەواکەم قورس بووە شتێک لە گیرفانیایە. وتم: ئەها؛ ئەرێوەڵا ئەوە پارەیە. ئاخر لەسەر ئەو پارەیە وەخت بوو دوێنێ بمرم بە هیلاک بچم. حیکایەتم بۆ کرد. وتی: بەڕاستی عاقڵیت کرد کە داگەڕای بۆ ئێرە. ئەگەر بڕۆیشتبای شەوت بەسەردا ئەهات و بە هیلاک ئەچوویت. خوا ڕەحمی پێ کردیت. پارەکەم لێی وەرگرتەوە و هاتمەوە بۆ شاری کۆیە. سەرتاپا ئەلبیسەی چاکم پێ کرد و بووم بە کوڕێکی تر.

مەلا قادری ژێ موستەعیدێکی قابیل بوو لای مەلا محەممەدی کۆیێ، ئەیناسیم. چەن جار لەوەپێش چوومەلای بۆ جێگە ڕاینەدەگرتم. لەپاش ئەمە کە پۆشتە و پەرداخ بوومەوە و بووم بە ئینسان، خۆی بە دەمی خۆی پێی وتم: کاکە حەمە ئیستە جێگا هەیە، وەرە. وتم: بەخوا مامۆستا نایەم. وتی: بۆچی؟ وتم: لەمەو پێشیش جێگا بوو، لەبەر ڕووتی ڕاتنەدەگرتم. ئیستە ئەمبینی پۆشتە و پەرداخم، خۆت بە دەمی خۆت پێم ئەڵێیت.

غەرەزم ئەمەیە ڕووتی بێحورمەتی و بێئیعتبارییە. خەڵق تەماشای تەماشای سەر و سوورەت ئەکەن و زاهیربینن. کە وا بوو مەسئەلەی «کەوا بخۆ» ڕاستە. ئەو پارەیە فریام کەوت و هەر تەواو نەدەبوو و تەفائۆل بە خێرەکەی مامۆستا مەلا مەحموود بە حیکایەتی خۆی کە کردی، سەرگوزەشتەکەی لە منیشا هاتەدی. خوا عەفووی کات.

زستان لە کۆیێ مامەوە. بەهار چووم بۆ کەرکووک. لە مزگەوتی حاجی ئەحمەد ئاغا کە عەلی حیکمەت ئەفەندی مودەڕڕیسی بوو دامەزرام. حیسام کاتیم خوێند. لەو موددەیەدا مەلا شێخ جەلالی ترپەسپیان بە سەفەر هاتە کەرکووک. مولاقاتمان بوو. وتی: تۆ سێ پوورزات لە ترپەسپیان، چەن جار کاغەزیان بۆت نووسیوە کە بێیت بۆ لایان و زۆر ئارەزووت ئەکەن لە حەقیقەتا کاغەزێکیان هاتە کۆیێ و پێم گەیشت. وتی: وەرە با بچینە ترپەسپیان، لەوێش بخوێنە. موافقەتم نەکرد، ئەمما وەعدەم دا کە موددەیەکی تر دێم بۆ هەولێر. پاش موددەیەک تووشی لەرزوتا و سێبەڕۆ بووم. مامۆستام کە مەلا مەجیدی دوولکانی بوو، وتی: ئەچم بۆ دەشتی هەولێر بۆ هەڵەبجە و بێستانە. منیش وتم: منیش دێم دەچم بۆ ترپەسپیان.