٧

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 13 خولەک  840 بینین

لە زەردەلیکاو دەسم کرد بە خوێندی کتێبی جامی. لە ساڵی «١٣٢٦ هەزار و سێسەد و بیست و شەشی هیجری شێخ سەعیدی حەفید و شێخ ئەحمەدی کوڕی لە شاری مووسڵ شەهید کران. هەوای سەفەری سولەیمانییە کەوتە سەرم. چووم بۆ سولەیمانییە. لەو ڕۆژانەدا تەسادوفی عەزڵی سوڵتان عەبدولحەمید و جولووسی سوڵتان ڕەشادم کرد. بەو موناسەبەتەوە سەدویەک تۆپیان لەبەر دەرکی سەرا ئاگردا، عەینی ساڵ موددەیەکی کەم لە سولەیمانییە بووم، چەن دەرسێکم لای حاجی سەیید حەسەنی حەفید خوێند، خوا عەفووی کات. گواستمەوە لای حاجی مەلا عەبدولحەمیدی سنەیی لە مزگەوتی حاجی عەزیزی خەیات خوا لێیان خۆش بێت، چەند دەرسێکیشم لای ئەو خوێند. خاڵە محەممەدئەمینم، خوا لێی خۆش ببێ، دەمێک بوو دەسی لە خوێندن هەڵگرتبوو، لە تەعەشوقی خوێندنی من شەوقی خوێندنی کەوتە سەر، وتی: حەمەی خوشکەزام کوڕی چاک بە، لە وڵاتی خۆمان خوێندنمان بۆ ناکرێت، با بەدزییەوە بچین بۆ فەقێیەتی. من ئەبم بە سوختەت. وتم: کوڕە تۆ لە کوێ ئەخوێنیت؟ چۆن بەبێ ئابڵاخ ئەتوانی ڕابوێریت؟ وتی: من لێرە خوێندنم پێ ناکرێت بە شەرت و قەرار بچین بۆ فەقێیەتی. هەتا چوار ساڵ سەر ناکەمەوە بە ئابڵاخا.

تەفرەی دام. خۆمان دزییەوە. لە مزگەوتی قامیشان کاروانی وڵاتی مەرگە ئەڕۆیشت، لەگەڵیان ڕۆیشتین، چووینە سەرگەڵوو. لەوێ جێگامان نەبوو، چووین بۆ پەڵکۆ بۆ لای مەرحووم مەلا سڵێمان مەشهوور بە مەلا سڵێمانی ماوەت. من جامیم ئەخوێند. دەرسی پێ نەوتم. موستەعیدێکی لە لا بوو، وتی لای ئەو بخوێنە. منیش بەو ڕازی نەبووم. خاڵە حەمەدئەمینم چوو بۆ ماڵی مەلا بۆ نان. مەلا ئەحواڵی ئێمەی لێ پرسیبوو کە کێن و خەڵقی کوێن؟ ئەویش وتبووی: قوربان خەڵقی دێی ئابڵاخین لای سولەیمانییە. بەو موناسەبەتەوە خەبەری باوکمی لێ پرسیبوو، وتبووی ئاخر ڕەفیقەکەم کوڕی مەلا عەبدولڕەحیمە و منیش کوڕی مەلا محەممەدم، خاڵی ڕەفیقەکەمم. خۆمان حازر کردبوو بڕۆین. تەماشام کرد خاڵی هاتەوە. ئەم ماجەرایەی گێڕایەوە. زۆری پێ نەچوو، مەلا تەشریفی هات بۆ حوجرە، دڵنەوازیی کردم. فەرمووی من نەمناسیت، مەڕۆ خۆم دەرست پێ ئەڵێم. نەڕۆیشتم. خۆی دەرسی پێ ئەوتم. زۆر بە مەرحەمەت بوو. گەلێ جار لەپاش دەرس سەرگوزەشتەی زەمانی فەقێیەتیی خۆی بۆ ئەگێڕامەوە. ڕۆژێک لە بەرهەیوانی مزگەوت قەڵەباڵغێک لە شێخانی پەڵکۆ دانیشتبوون. موستەعیدەکەی جەنابی مەلایش لەناویانا بوو، قسەی بۆ ئەکردن. منیش چووم لە کونجێکەوە تەماشای کتێبم ئەکرد. فەقێکە ئەم دوو شێعرەی خوێندەوە:

الهي لست للفردوي اهلاعەرەبی
ولا اقوي علي نار الجحيمعەرەبی
فهب لي توبة واغفر ذنوبيعەرەبی
فانك غافر الذنب العظيمعەرەبی

مەعنای بۆ بەیان کردن. لەپاشا وتی: ئەمە شیعری پێغەمبەرە. منیش گوێقوڵاغ بووم، پێم ئەزم نەکرا. وتم: مامۆستا پێغەمبەر شێعری نەفەرمووە و ئەو شیعرانە هی پێغەمبەر نین. موستەعیدەکە لێم تووڕە بوو، وتی: تۆ چووزانیت؟ منیش پێکەنیم وتم: ئەی لە سوورەتی «یس» دا نەتخوێندووە کە خوا ئەفەرموێت: «و ما علمناة الشعر، و ما ينبغي لة»عەرەبی فەقێکە سوکووتی کرد. خەڵقەکە زانیان قسەی منە. فەقێکە زۆر عاجز بوو، ئاخری ڕۆیشت. من و خاڵم ماینەوە. وای ئەزانم فەقێکە لە تەریقییا سەری خۆی هەڵگرت. لەپاشا ئەم قسە خۆشم بۆ مەلا گێڕایەوە، دەستی کرد بە پێکەنین. لەپاش چەن ڕۆژێک کاکیلەیەکی مامۆستا دەستی کرد بە ژان، فەرمووی: لەگەڵم وەرە، ئەچم بۆ شاری مەرگە کاکیلەکەم دەرئەهێنم. لە خزمەتیا چووم بۆ مەرگە. لەوێ ئەیانوت: ئەو سەد و یەک تۆپەی کە لە سولەیمانییە هاویشتیان بۆ جولووسی سوڵتان ڕەشاد، ئێمە لە مەرگە یەکە یەکە ئەمانژمارد. مامۆستا کاکیلەکەی لەبنا لە دەم پووکا لە کێشانا شکیا. مەجبوور بوو بچی بۆ شاری کۆیێ بە مەکینە دەریبهێنێ. زۆر پەریشان بوو، وتی: تۆ بچۆرەوە بۆ پەڵکۆ، ئەگەر مایتەوە تا دێمەوە حەقی ئەم بەینەت بۆ ئەکەمەوە. ئەگەر تاقەتی دانیشتنت نەبوو و ڕۆیشتی هەر موبارەکە. لە مەرگەوە ئەو چوو بۆ کۆیێ، منیش گەڕامەوە بۆ پەڵکۆ.

پەڵکۆ زۆر گەرم و ناخۆش بوو. هاوین بوو چووین بۆ تۆپزاوای لای دووکان. چەن ڕۆژێک لەوێ مامەوە. هەوای شاری کۆیێ کەوتە سەرم. فەقێ مەحموودی دووکانی کە ئیستە لەسەر قەیاغەکەی دووکانە، وتی: منیش لەگەڵتان دێم. هەرچەن هاوارم کرد، وتی: هەر دێم. لە چەمی دووکان پەڕینەوە، شەو چووینە نزارە. لەسەر بانی مزگەوتەکە بووین، مەلاکە گوێی نەداینێ. خاڵم و فەقێ مەحموود نان و دۆیان ئەخوارد. من وتم فەقێ مەحموود من برسیم نییە، ماندووم. لێفەکەم لەودوورەوە بۆ داخە، با ڕاکێشم ئیستراحەت بکەم. دوور کەوتمەوە. مەلاکە لەگەڵ خاڵم و فەقێ مەحموود کەوتە قسە کە خەڵقی کوێن؟ ئەوانیش جوابیان ئەدایەوە. ئاخری باسی منیان کرد، پێیان وت: ئەوە کوڕی مەلا عەبدولڕەحیمی چروستانییە. وتی: کامیانە؟ وتیان: محەممەد. مەلاکە بەپڕتاو هات بۆ لام، ڕاست بوومەوە، موسافەحەمان کرد، مەعزەرەتی خواست وتم: تۆ چۆن من ئەناسیت؟ وتی: کوڕە، بەقوربانت بم بەخوا بیست جار میزت کردووە بەم ملەما، دەستی دا بە پشت ملی خۆیا. وتی: تۆ هەر بە قەڵاندۆشکانی منەوە بوویت. تۆ مناڵ بوویت، منیش سوختە بووم لە ئابڵاخ، وەکوو لەلە وابووم بۆ تۆ. زۆر قسەی خۆشی کرد. پاش نوێژی عیشا هێلکەوڕۆنێکی دەرخوارد دام. سبەینێ نەیهێشت بڕۆم هەتا گیسکێکی بۆ سەربڕین. زۆر خزمەتی کردم. کە زانیان ئەچین بۆ کۆیێ، وتیان: لە دۆڵی خەلەکان چنارانەوە بڕۆن چونکە دەشتی کۆیێ جەردەی هەیە، نەوەکوو ڕووتتان بکەنەوە. ئێمە گوێمان نەدانێ، بە کەلکەسماقا سەرکەوتین چووینە ئەودیو. بە ڕێگای دەشتا ڕۆیشتین، هەر سێکمان بە ناشارەزایی کەوتینە دەشتی کۆیێ، بەرەو کۆیێ ڕۆیشتین لەسەر تەرتیبات و ناونیشانێ کە خەڵق پێمانیان گوتبوو.

گەرمایە، دەشتێکی پان و دوورودرێژ. نزیک بووینەوە لە نیوەڕۆ. خاڵم وتی: ها ها تەماشا، حەمەی خوشکەزام، وا سێ تفەنگچی لە شاخەکەوە بۆمان هاتنە خوارەوە، بریسکەی تفەنگەکانیان دیارە. کە تەماشام کرد بەچاوم کردن، لابەلایی ئەهاتنە پێشەوە کە بەرەو پیریمان بدەن. هەی پێمان لێکرد. فەقێ مەحموود پەکی کەوت. یەکێکمان بوخچەکەمان لێ وەرگرت، یەکێکمان لێفەکە. کڵاشەکەمان پێ داکەن، دامانە پێش خۆمان. بە گورگەلۆقە و ڕەوت ئێمە ئەڕۆیشتین. جەردەکان تاویان ئەدا و تینیان ئەدایە خۆیان بمانگەنێ، تا نیوەڕۆ لای دا. دوو سەعات زیاتر ئێمە لەگەڵ جەردە موقابەلە و بەربەرەکانێمان بوو. ئەوان گورج بڕۆیشتنایێ، ئێمەیش گورج ئەڕۆیشتین. ئەوان سووک بڕۆیشتنایێ ئێمەش لەسەرخۆ ئەڕۆیشتین وەکوو گاڵتە پێ کردن. ئاخری گەیشتینە گردۆڵکەیەکی بچکۆلە و دێیەک دەرکەوت. دزەکان زانییان نەمانگرتن و لە دێ نزیک بووینەوە، وازیان هێنا، دانیشتن. ئێمەیش لەسەر گردەکە بەرانبەریان دانیشتین تا ماندوومان حەسایەوە. جەردەکان بە هەناسەساردی بە کێوەکەدا هەڵگەرانەوە. ئێمەیش چووینە دێکە.

وا بزانم ناوی دێکە هەواوان بوو، لە کەپرا بوون شەقە جۆگەیەک بەناو کەپرەکاندا دەهات. لەپەڕەوە ڕوومان کردە کەپرێک. من لەپێشەوە بووم، ڕووم کردە دەرگای کەپرەکە. ژنێک هێلکەوڕۆنی بۆ پیاوێک درووست کردبوو خەریک بوو بۆی دانێت. نازانم پیاوەکە میوان بوو یا چی بوو؟ ژنەکە بەرەوپیرمان هات. وتی قوربانتان بم، لەودیو دانیشن. لبادێکی لەبەر سێبەری کەپرەکە بۆ داخستین، دانیشتین. داوای نانمان کرد. هیلاک بووین لە برسا. ژنەکە نیوە سەبەتەیەک نانە ڕەقەی بۆ هێناین، هیی جۆ بوو. ڕەق بووبۆوە. بەعزێکی کەڕووی پێوەبوو. وتم: فەقێ مەحموود بە سەبەتەکەوە بیبە بیخەرە بەر جۆگەکە. فەقێ مەحموود نانەکەی جوان ششتەوە. خووسایەوە بە دۆکەوە خواردمان. ئەمما چ خواردنێک؟ وەختە بڵێم ئێستەیش لەززەت و خۆشیی ئەو نان و دۆیە لەبن ‌ددانما ماوە. یاخوا هەزار مرەبا و ڕۆنەکەرە و گۆشت و مریشک و پڵاوی موستەشفای عەبدولئیلاهی بە قوربان بێت کە ئێستە لە توێسە بە دەستیانەوە موبتەلام و بەقێز و بێز دەستیان بۆ ئەبەم و بۆم ناخورێن. و ئەمە سێ و چوار ڕۆژە بە تۆزە تۆزە نانەڕەقەی تیریی سولەیمانییە ڕائەبوێرم کە فەریدەی کچم لە سولەیمانییەوە بۆی ناردووم و کردوومە بە کوولەکەی ڕۆحم و شاردوومەتەوە، هەر ژەمێ تۆزێکی لێ ئەخۆم نەوەک مەجبوور بم بە سەموون و چێشتەکەی موستەشفا. ئێستە کە پاش نیوەڕۆی ڕۆژێ سێشەممەی دووی مانگی ڕەجەبی هەزار و سێسەد و حەفتا و پێنجە، ڕەفێقەکانم نان ئەخۆن، وەک پاڵەوان باد ئەدەن، ئەیپێچنەوە، ئەڵێ گوڵێنە لە دەمی کەندوو دەئاخنن. منیش ئەم کەلیمانە ئەنووسم.

خۆلاسەی کەلام نان و دۆکەمان زۆر بە ئارەزوو و ئیشتیهاوە خوارد، ئەنجا دەستنوێژمان ششت، نوێژمان کرد، لێی نووستین تا پاش عەسر. خەبەرمان بووەوە، شاری کۆیێ دیار بوو، ماڵئاواییمان خواست. دەگەڕاین بۆ چەمەکەی ئەمدیو کۆیێ، دەموچاو و دەست و پل و قاچ و قولمان پاک پاک کردەوە. نوێژی عەسرمان کرد. پیا هەڵگەڕاین بۆ شار، نیوسەعاتێکی مابوو کە گەیشتنە قەراخ شار. سوئالمان کرد: برا ئێمە ناشارەزاین، لەم نزیکەوە مزگەوتێکمان پێ بڵێن. وتیان: لەم کۆرانە بڕۆن ئەچنە مزگەفتی کۆنە جومعە. بە پرسیار مزگەوتی کۆنە جومعەمان دییەوە، چووینە سەر سەکۆی جەماعەت کە هاوینان نوێژی لێ ئەکەن، کۆڵ و بوخچەمان دانا. ئەهلی جەماعەت لە بەرەوە ئەهاتن بۆ جەماعەتی مەغریب. ئەو وەختە شاری کۆیێ لە دوورەوە مەشهوور بوو بە «دارالعلم»عەرەبی.

تا نزیکی مەغریب قەڵەباڵغێکی زۆر لەسەر سەکۆکە گردبووەوە، ئیمامێک پەیدا بوو بە دارشەق هات، یەک قاچ بوو. لە میحرابەکە دانیشت. لە دڵی خۆما وتم: برا ئەم ئیمامە بە دانیشتانەوە ئیمامەتی ئەکا یا بە پێوە؟ لە پاشا وتم بە فەقێ مەحموود: لە پاش جەماعەت و ویرد کە شەش حەوت کەسێک مایەوە یەکێکتان بڵێن: ئەهلی جەماعەت ئێمە غەریب و ناشارەزاین، ئێستە گەیشتووینەتە جێ، لە ماڵی خۆتان نان و چێشتمان بۆ بنێرن. وتیان: ڕوومان نایێت. لەپاشا فەقێ مەحموود قەراری دا پێیان بڵێت. وتم: کەیفی خۆتانە، من باکم نییە. بانگ درا، قامەت کرا، مەلای یەک پێ ڕاست بووەوە، لەسەر یەک قاچ ئیمامەتی کرد. خەڵقی بڵاوەیان کرد. مایەوە سێ کەس لە ئەهلی جەماعەت. یەکێکیش عەبا بە شان لە قەراخەوە سوننەتی ئەکرد. فەقێ مەحموود و خاڵم تەماشای یەکتریان ئەکرد. دەستیان بە پێکەنین کرد. لە سێ کەسەکە یەکێکیان سوئالی کرد. قسەکە ئاشکرا بوو، هەر سێ پیاوەکە وتیان: وەی بەسەر چاو. ڕۆیشتنەوە بۆ ماڵی خۆیان. پیاو عەبا بە شانەکە شکڵ و قیافەی وا دیاربوو کە غەریب و موسافیر بێت. لە نوێژەکەدا گوێی لەم کەین و بەینە بوو، سەلامی دایەوە، بە گورجی ڕۆیشت. تمەز ئەو پیاوە میوانی جەمیل ئاغا ئەبێت و ئەچێتەوە بۆ دیوەخان، ئەم قسانە ئەگێڕێتەوە بۆ جەمیل ئاغا. ئێمەیش لە ماڵی سێ پیاوەکەوە سێ کاسە چێشت و حەفدە نانمان بۆ هات.

دەستمان نەکردبوو بە خواردن پیاوێک هات وتی: ئێوەن فەقێ غەریبەکان؟ وتمان: بەڵێ. وتی: فەرموون بۆ دیوەخان، ئاغا داواتان ئەکات. وتمان: ئاغا کێیە؟ وتی: جەمیل ئاغا. وتمان: ئەگەر بۆ نان خواردنە، تەماشاکە ئەو هەموو نان و چێشتە. عەرزی بکە خوا دەوامی بدات. فەرقی نییە. ئیجاب بە هاتن ناکات. خزمەتکارەکە وتی: کوڕە چۆن ئەبێ؟ ئاغا گوتی هەتا نەیانهێنی نەیەیتەوە. بە خودای نابێ، ناچار سێ زەرفە چێشتەکەمان دا بە مجێورەکە و نانەکەمان هەڵگرت نەوەکە سبەی برسیمان بێت. چووین بۆ دیوەخانی ئاغا، سەرکەوتین، مەجلیسێکی موهیم و پیاوانەی بوو، لە دوورەوە لەبەرمان هەڵسا: فەرموون، فەرموون، بەرەوژوور. پیاوە عەبا بە شانەکە لە مەجلیسا بوو، زانیمان ئەو خەبەری داوە. ئاغا زۆری حورمەت گرتنی و باشی بەخێر هێناین. سینییە پڵاو هات، شەرە تفەنگت لەپەنادا بکردایێ، ئەنواعی خۆرشت لەسەر. لەپاش نان خواردن و دەس ششتن دەستی کرد بە پرسیار لەگەڵمان: لە کوێوە دێن؟ خەڵقی کوێن و چی ئەخوێنن؟ منیش جوابم ئەدایەوە. وتی: وادیارە تۆ مامۆستای ئەو دوانەیت. وتم: هەتا ئێرە بەڵێ. لەمەودوا نازانم چۆن ئەبێت. ئەگەر خوا بکات دابمەرزێین و جێگامان دەس کەوێت، هەر یەکی لە مزگەوتێکیش بێت، مەمنوونین. ئەگەر من لە مزگەوتی گەورە دابمەرزامایێت ئەوانیشم لە مزگەوتەکانی تر دائەمەرزان. ئاغا خوا لێی خۆشببێت، فەرمووی: ئەگەر ڕایاننەگرتیت وەرە بۆ لای خۆم خەبەرم بدەرێ و ئەوا پێتان ئەڵێم هەتا جێگاتان دەس ئەکەوێت ئێرە قۆناغتانە. سبەینێ، نیوەڕۆ، ئێوارە وەرنەوە ئێرە، لە مزگەوتان بەند مەبن، قەرزارم بن، ئێرە ماڵی خۆتانە. زۆر بەئیلحاح ئەیوت نەکەن شەرم بکەن. لە مەجلیسەکە، تەحقیقم کرد کە برنجی موستەعیدی مەلا محەممەدی کۆیێ کێیە. هیی شارەزای تێدا بوو، وتیان: مەلا سابیری نازەنینییە. حیکایەت و قسەی ئەو شەوە لە مەجلیسی ئاغادا حەسر بوو لەسەر ئێمە. زۆر دڵی خۆش کردین. غەم و خەفەت و ئێشی ڕێگا لە بەدەنمان باری کرد. درەنگێک هەڵساین. فەرمووی چی ئەکەن، لێرە نانون؟ وتمان: لەبەر بوخچە و ئەسبابمان بچینەوە سەر سەکۆی مزگەوت باشترە. دیسان تەکراری کردەوە، وتی باشە، ئەمما کوڕە سبەی هەتاو کەوتنێ بێنەو بۆ دیوەخان، ئاخر نەنێرم بە دواتانا. ڕاست بووەوە سەرپێ. چووینەوە مزگەوت، لەسەر سەکۆکە لێی ڕاکشاین تا سبەینێ نوێژیان. دانیشتبووین، هەتاو کەوتن هەر ئەوەندەمان زانی خزمەتکارەکەی ئاغا هات. وتی: فەرموون ئاغا چاوەنواڕی ئێوەیە. چووینەوە بۆ خزمەتی. ئاخ داخی بەجەرگم، پیاوی دنیایی ئەو زەمانە کە تەقریبەن چل و نۆ ساڵ لەمەوپێش بووە، ئەخلاق و فەزائیل و هونەریان ئەم نەوعە کردەوانە بوو. بەناشوکری ناڵێم ئێستە کردەوە و هونەریان چاولێکەری غەربی و ئەفرەنجییەکانە و لە هونەری ئەو مەردانەی پێشوو سەربڕاو و ئاوەڕووت کراون، خوا خراپتر نەدات.