٦

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 9 خولەک  666 بینین

جارێک باوکم لە بیاوێڵە فەرمووی: حەمە، ئەتوانی ئەم کاغەزە ببەیت بۆ بیارە بۆ شێخ نەجمەددین و گورج بیتەوە؟ وتم: بەڵێ. فەرمووی ئەگەر زوو هاتیتەوە ئافەرینێ باشت ئەکەم. کاغەزەکەی دامێ، وتی: حەمە لە باسکە درێژەوە بڕۆ، لە چەمەوە مەڕۆ. مڵومووش نەکەیت. لەو ڕۆژانەدا لە بیارەوە لە چەمی خواجایییەوە هاتمەوە، پاییز بوو، لە ڕێدا گوێزێکی زۆرم چنییەوە و هێنامەوە. لە ترسی ئەوە وتی مڵومووش نەکەیت، کاغەزەکەت لێ دائەکەوێت، فەقیانەم خستە ملم، چاکم کرد بە لادا، ڕۆیشتم، زوو گەیشتمە بیارە. لە حەوشی خانەقا پرسیم: شێخ لە کوێیە؟ وتیان ناساغە، لە ماڵەوەیە. موعتەل دامام و خەفەتی ئافەرینەکەم بوو، پاڵم دا بە شۆڕەبیی بەردەمی حەوزە گەورەکەوە. دامام، ئەوەندەی پێنەچوو شێخ تەشریفی هاتە دەرەو، چەن کەسێکی لە خزمەتا بوو پاڵی دا بە سەکۆی بەردەمی مەرقەدەوە، قەڵەباڵغ دەوریان دا، کەغەزیان ئەدایێ. چاوی بە من کەوت، وا بزانم بانگی کردم، چووم دەسم ماچ کرد. کاغەزەکەم دایێ، دەسبەجێ جواب و مەزموونی کاغەزەکەی دامێ، نازانم چی بوو. کە دەسم ماچ کردەوە، دەسی گرتم، فەرمووی بە زەردەخەنەوە: حەمە لە باسکەدرێژەوە بڕۆ، لە چەمەوە مەڕۆ، مڵومووش مەکە، کاغەزەکەت لێ نەکەوێ، عەینی عیبارەتی باوکم. وتم: چاکە قوربان. بە هەڕا کردن هاتمەوە بۆ بیاوێڵە. نەبێ بە درۆ وا بزانم، وام بەبیرە بەمسەر و بەوسەرەوە سێ سەعاتم پێ چوو. کە کاغەزەکەی شێخم دا بە باوکم و خوێندیەوە، بە تەعەججوبەوە بۆ باوکم گێڕایەوە، وتم: باوە باوە تۆ لێرە چیت پێ وتم، شێخ نەجمەددینیش عەینی قسەی پێ وتم، وەڵڵا ئەڵێی گوێی لێ بووە. باوکم زەردەخەنەیێکی کرد، فەرمووی: ئەنجا ڕۆڵە ئەوە چییە بۆ شێخ نەجمەددین؟ شێخ نەجمەددین پیاوێکی گەورەیە. غەرقی ڕەحمەتی خوا بێت.

باوکم لە بیاوێڵە فەقێی زۆر بوو. بەبیرم ماوە پاش نوێژی سبحەینێ و تەواو کردنی ئەوراد و مەشغووڵی وەختی هەتاو کەوتن، دەرسێکی ئیبنوحەجەری بە حەڵقە ئەوتەوە، ئەچووە ماڵەوە، چی حازر بوایە ئەیخوارد، ئەهاتەوە خانەقا دەرسی ئەوتەوە تا پاش عەسر. ئەنجا ئەچووە لە ماڵەوە قورئان و دەلائیلی ئەخوێند. بەینێک نۆ موستەعیدی تیابوو. سوختەیش چەن کەسێ. نان و چێشتی فەقێیان و شەکر و چایان و پڵاولفێ سێشەممە و جومعەیان هەموو، لەسەر ماڵ شێخ ئەنوەر و شێخ جەمیل بوو، خۆشیان ڕائەبوارد. لە فەقێکان مەلا عەلی پاشا تاڵشی و مەلا محەممەدی دەڵگەیی و مەلا عەبدولخالقی تەوێڵەیی و مەلا یۆسفی سەقزی و مەلا یۆسفی گەورکیم بەبیر ماوە، حەق تەعالا بە ڕەحمەتی خۆی دایانگرێت.

ساڵێکیان فەقێکان پاشایان کرد، مەلا عەلی تاڵشییان کرد بە پاشا. زۆر موهیم و عەجایب بوو. فەقێی بیارە و مەدرەسەکانی ئەو دەورە هاتن. جەنابی مەلای بیارە و شێخ نەجمەددین و مەحموود پاشای جاف و زۆر لە بەگزادەی جاف و پیاوی گەورە گەورە حازری ئەو پاشایەتییە بوون. تەختی سەڵتەنەتیان بۆ پاشا دروست کردبوو، خێوەتێکی موهیمیان لە دەشتەکەی پشت خانەقاوە بۆ هەڵدابوو، ئیحتیشام و قەڵەباڵێکی بێشومار بوو و ماجەرای سەیر و عەجایب لەو سەیرانی پاشایەتی فەقێیانەدا ڕووی ئەدا. بەبیرم نەماوە تا بینووسم. من مناڵ بووم و ڕێ و ڕووی بارەگام نەبوو، ئەمما ئەیانگوت شێخ نەجمەددین و جەنابی مەلا و مەحموود پاشای جاف و سائیری خەڵق دەستەونەزەر ڕاوەستابوون. پاشا ئەمری فەرمووبوو تەنها جەنابی مەلا لەسەر ئەرزەکە بە چۆکا هاتبوو. ئەڵێن واریداتێکی زۆر لەو سەیرانەدا لە پارە و حەیوانات و بارەد زەخیرە و شتومەکی تر ئەیانهێنا. تەفسیل و ماجەرای ئەو پاشایەتییە جزوێکی تەواوی ئەوێ، ئەمما من چی بنووسم، هەر نەمئەوێرا توخنی ئەو هۆردووگایە بکەوم. مەلا عەلی سمێڵێکی پێوە بوو و شکڵ و قیافەت و قەد و باڵا و سەروکەلەیەکی پێوە بوو سامدار سامی لێ ئەکرد و زۆر کەم پێکەنینی ئەهات، ئەیانوت چەن جارێک پاشایەتی کردبوو. شتی عاجایبم ئەبیست لە ئەوامیر و ئیجرائات کە ئەمری فەرمووە و نوانووێتی، ئەمما بە مەزبووتی و ڕێکوپێکی بەبیرم نەماوە تا بیانووسم.

من لە بیاوێڵە فێری کێشانی جگەرە بووم. ئیستە لێم بووە بە تیراوی و ماکی گولی لە کۆڵم نابێتەوە. باوکم زۆری هەوڵ دا و زۆری لێدام بۆ ئەمە تەرکی بکەم. حەتتا جارێک لەسەر جگەرە عەسایەکی دا بە قۆڵما باڵم شکا، فائیدەی نەبوو، تەرکم نەکرد. وائەبوو لە ترسی باوکم جگەرەم بە ئاگرەوە ئەخستە گیرفانم، گیرفانم ئەسووتا. ئیستە بەم ئاخریی عومرەوە کە من زەعیف و بێقوەتم مەراقی جگەرەش هەر بە شیددەت ئەبێ و پەرە ئەستێنێت، هەرچەن زۆرانی لەگەڵ ئەگرم دەرەقەتی نایەم، ئەو من ئەدا بە ئەرزا و زاڵ ئەبێت بە سەرما. ئاخ داخەکەم! سەد بریا و کاشکی - ئەگەرچی کاشکی و... تازە بێفائیدەیە- بە قسەی باوکم بکردایێت و ئەم مڵۆزمەم تووشی خۆم نەکردایێت، ئەگەر چی باوکیشم لە ئاخرا لە سولەیمانییە فێری جگەرە بوو، نازانم لە چییەوە فێر بوو.

کوڕگەل سا ئێوە لە خۆ وریا بن
بێن ئامۆژگاری لە پیر وەرگرن
قەت نەکەن فێری جگەرەکێشان
خۆ تووش کەن دەرد و سەرئێشان
موبتەلا تووتن خوار و زەلیلە
من کردم ئێوە نەیکەن دەخیلە!
تا گەنجی بە خۆت نازانی، کاتێ
کە پیر بوویت ئەنجا دەردت ئەداتێ
بێ چارەسەری خۆت کە هەووەڵ جار
مەیخۆ، نەک وەختێ بتکا دەردەدار
وای دانێ عومرت ئەزەڵ حەفتایە
بە جگەرە کێشا شەست و پەنجایە
بێن خۆتان لادەن لەو شتەی کە وا
گەلێک موبتەلا و داماوە لەوا

باوکم دوو ساڵ زیاتر لە بیاوێڵە مایەوە. لام وایە دێی بیاوێڵە کە بە دەس کوڕانی شێخ عومەرەوە بوو، وا بزانم بە ناوی خانەقای بیاوێڵەوە، کەوتە گێچ تەڵەوە و بەگزادەی جاف شەڕیان تێ ئاڵاندن. لەو ڕووەوە گوزەرانی باوکم کەوتە کزی و گوڵۆڵەی مەدرەسە و فەقێ کەوتە لێژی.

لەو سەردەمەدا حاجی شێخ محەممەدی زەردەلیکاو، خوا لێی‌خۆشبێت، ناردبووی بۆ لای باوکم و قەرار و موقاوەلەیان بڕا بووەوە. وڵاغ و کوڕی خۆی و پیاوی نارد باری کردین بۆ زەردەلیکاو. لە زەردەلیکاو مەدرەسەیەکی عومدە و موهیم و فەقێی باش و قەڵەباڵغی بوو. ئیدارە و مەسرەفی فەقێ بە نان و پێخۆر و شەکر و چاو و شتی ‌تر هەموو لەسەر ماڵی حاجی شێخ محەممەد بوو. حاجی شێخ حورمەتی باوکمی زۆر ئەگرت. بابا ڕەسووڵی بێدەنی، ڕەحمەتی خوای لێ بێت، گێڕایەوە: لە زەردەلیکاو لە خزمەت مامۆستا مەلا عەبدولڕەحیم بووم، من دەرسم ئەخوێند و حاجی شێخ محەممەد بە دیارمانەوە دانیشتبوو. پاش دەرس هەر وا قسە کرا. باسی ئیدارە و گوزەران کرا. حاجی شێخ محەممەد فەرمووی: مامۆستا هەتا من بمێنم ئینشەڵا پەکت ناکەوێ. مامۆستا فەرمووی: بەخوا حاجی تۆش نەمێنی پەکم ناکەوێ. حاجی پێکەنی، وتی: بەخوا ڕاست ئەکەیت، وایە. بابا ڕەسووڵ ئەیوت: جارێک مامۆستا فەرمووی بەخوا بابا ڕەسووڵ زۆر ئەترسم دنیا زەفەرم پێ ببات. دەوڵەمەند بووم، بڕۆم باشە، لە زەزدەلیکاو بار کەم. وتم: کوا مامۆستا تۆ چیت هەیە؟ وتی: ئەوە نییە، بە فکرم فەرمووی مانگایەک و چوار مەڕمان هەیە، یا دوو مانگا و هەشت مەڕی فەرموو من خۆم قسەکەی بابا ڕەسووڵم باش بەبیر نەماوە. وتم: مامۆستا ئەوە کەی بووە بە دەوڵەت بەوەندە ئینسان پێی ناڵێن دەوڵەمەند. فەرمووی: بەخوا بابا ڕسووڵ دنیا کەم و زۆری غەزەبە. مەقسەدی بابا ڕەسووڵ بەیانی زوهدی باوکم بوو کە تەعەللوقی دڵی کەم و زۆر بە دنیاوە نەبوو و بۆ دنیا و لەبەر خاتری دنیا تەمەللوق و مەرایی لەبەر عەبدا عەبد نەئەکرد.

لە زەردەلیکاو کتێبی تەسریفی مەلا عەلیم ئەخوێند. مەلا محەمەدئەمینی چیچۆرانی، خوا لێی خۆش ببێت، لای شێخ حسەینی چرچەقەڵا بوو، خوا عەفووی کات. شێخ حسەین هاوینان بە خۆی و دائیرە و مەلایەوە ئەچوو بۆ کانی بەکر و کانی توو کە بەسەر دەشتی شارەزوورا ئەنواڕن. ئیزنم لە باوکم خواست کە بچم بۆ کانی بەکر بە فەقێیەتی، هاوین لەوێ ‌بم. ئیزنی فەرموو. چوومە کانی بەکر. مەلا خۆی دەرسی پێ ئەوتم. چەن فەقێیەکی لە خزمەتا بوو. فەقێکان لەگەڵ دەروێشا هەڵیاننەدەکرد و زۆر هەرایان ئەبوو. لە حەقیقەتا قەباحەتی فەقێکان بوو شەڕیان بە دەروێش ئەفرۆشت. خۆلاسە دانوویان پێکەوە نەدەکوڵا. جارێک شێخ حسەین حەیوان و برنج و ڕۆن و شەکر و چای ناردبوو بۆ زیافەتی فەقێ. لەپاش درووستکردنی تەعام و تێر خواردن، یەکێک لە فەقێکان قڕقێنەی دێتەوە، بۆ ئەمە کە دەروێش ڕقی پێ هەڵسێت ئەڵێت: ئەلحەمدولیللا، خوایا لە شێخ نەجمەددینی بیارە بەزیاد کەیت. دەروێش گوێ لێ ئەبێت، بە فەقێکە ئەڵێت: ئێوە پڵاو و گۆشتی شێخ حسەین ئەخۆن و دوعای خەیر و بەزیاد بوون بۆ شێخ نەجمەددینی بیارە ئەکەن. ئەبێت بە هەرایان. شێخ حسەین ئەزانێت، ئەنێرێت بە دوای دەروێشەکانا ئامۆژگارییان ئەکات کە واز لە فەقێیان بهێنن، کەیفی خۆیانە چی ئەکەن وە چی ئەڵێن حەقتان نەبێ بە سەریانەوە. ئەڵێن قوربان چۆن ئەبێت پڵاو و گۆشتی تۆ بخۆن وە بڵێن لە شێخ نەجمەددینی بیارە بەزیاد بێت؟ ئەڵێ: کورە ئامین، خوا لە شێخ نەجمەددینی بیارە بەزیاد کات، ئەنجا ئێوە بۆچی ڕقتان پێ هەڵئەسێت؟ ئاخر فەقێکان ئەزانن ئێوە بێعەقڵن و ڕقتان پێ هەڵئەسێت بۆیە وا ئەڵێن. توزێک عەقڵتان ببێت. زۆریان بە سەرا دێت و ئامۆژگارییان ئەکات. نەتیجە، ئێوارەیەک کە فەقێ ئەچێ بۆ تەکیە بۆ نان لەگەڵ دەروێش ئەبێ بە شەڕیان و لە یەکتر ئەدەن. شەو فەقێکان شتومەک و ئەسبابی خۆیان ئەپێچنەوە. سێ کەپریان بوو ئاگر بەر ئەدەنە کەپرەکان و کۆڵ و بوخچە ئەدەن بە شانا و بۆی دەرئەچن. لە خەو خەبەرم بووەوە لە هەرا و گرمەی خەڵق. تەماشام کرد مەشعەلی ئاگر ئەچێ بە هەوادا. مەدرەسە چۆڵ بوو، بەتەنها مامەوە موددەیەک. لەپاشا حاجی شێخ محەممەدی زەردەلیکاو بە دیدەنیی شێخ حسەین هات، کە گەڕایەوە لەگەڵ خۆیا بردمیەوە بۆ زەردەلیکاو سواری بارگەکەی خۆیان کردم. ئەمە ئەووەڵ فەقێیەتیم بوو.