٥

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 8 خولەک  648 بینین

پێم وایە لە وەختی خۆیا کە باوکم لە خزمەت مەلای پێنجوێن خوێندوێتی، دەرسی بە ئەحمەد ئاغای قزڵجە زۆر وتبوو. بەو موناسبەتەوە چووینە قزڵجە ئەحمەد ئاغا باوکمی ئیزن نەدا و خزمەتێکی یەکجار زۆری کرد. لاموایە مانگێک یا زیاتر لە قزڵجە ماینەوە. لەوێ دەستەکەم چاک بووەوە. ئینجا هاتینەوە پێنجوێنشوێن. کوڕانی مەلا هەرسێکیان هاتبوونەوە پێنجوێن، دایکیان کاغەزی بۆ نووسیبوون. کوڕەکان لە پێنجوێن چاویان بە باوکم کەوت. باوکم پێی وتن وەختێ کە زانیتان لە بیاوێڵە نەقڵم کرد، زانیتان لە کوێم وەرن بۆ ئەوێ بێ پرس، جێ ببێ و نەبێ جێگەی ئێوە هەر ئەبێت. لە پێنجوێن گەڕاینەوە بۆ بیاوێڵە بە دەشتی شارەزوورا. لاموەهایە ئەو سەفەرە پەنجا ڕۆژێکمان پێچوو.

جارێکی ‌تر دیسان کە ماڵمان لە بیاوێڵە بوو باوکم لە بیارەوە چوو بۆ لای شێخ عەلائەددینکەس لە دووڕووە. بە کەیمنەدا لە شاخی هەورامانەوە بە دەربەن کەڵەوێدا ڕۆیشتین. کە نەجاتمان بوو بە لای ڕاستا باماندایەوە، بە قەراخی سیروانا ڕۆیشتین بە بناری کێوێکدا، سیروان لای ڕاستمان و کێوەکە لای چەپمان کەوت. میقدارێک ڕۆیشتین گەیشتین بە عەجایبی سەنعەت و قودرەت و سەتوەتی باری تەعالا کە ئینسان دیهشەت و حەیرەت ئەیگرت، لەبەینی کێوەکە و سیروانا ئەرزەکە هەڵگەڕابووەوە، شاخ و بەرد و دار و بەرز و نەوی بەسەر یەکا ڕووخابوو، سەرەوژێر بووبوو، ئەو بەردانە توێ توێ ئەنجن ئەنجن بووبوون، ئەدوت خورییە شی کراوە یا لۆکەی هەلاجی کراوە، بەردەکانی هەموو وەک تووتیایان لێ هاتبوو، هەرەس و جمکە بە نەوعێک بەسەر یەکا تێکەڵ و پێکەڵی کردبوو. سامدار سامی لێ ئەنیشت. جێگە جێگەی بە بەرد و دار و غەیرە بووبوو بە ژێرەوە، سەری دارەکە بەدەرەو بوو یا سەرەوژێر بووبوو، بنی سەرکەوتبوو، لق و پۆیی ژێر هەرەس کەوتبوو، تازە خەڵقی هاتوچوویان پیا کردبوو، ڕێگای کۆنی نەمابوو، بەعاستەم شوێن پێی ڕێبواری لێ پەیدا بووبوو، باوکم موتەحەییر ما، لاموایە لە زەمانی فەقێیەتیا ئەو جێگایەی دیبوو.

زۆر نەڕۆیشتین گەیشتین بە قەڵەباڵغێ ژن و پیاو، ئەرزیان هەڵئەگێڕاوە و شتومەکیان دەرئەهێنا. باوکم فەرمووی ئەمە لە پێشا دێ بوو، مەعلووم دێکە بووە بە ژێر هەرەسەوە و ئەو قەڵەباڵغە ئەهالیی دێکەن و شتومەک دەرئەهێنن. وا دیار بوو تازە تووشی ئەو موسیبەتە بووبوون، وەختیش ئاخری بەهارە. هەر وەها ڕۆیشتین کە گەیشتینە ڕاستی کۆمەڵەکە، باوکم بۆ ئیستراحەت و تەماشا کردنی ئەو عەجایبە دانیشت. پیاوێک لە دوورەوە باوکمی دی هات بۆ لامان، بەخێرهاتنی کرد و دانیشت. باوکم پرسی: ئەمە چییە؟ وتی: قوربان، بڵێم و چیت بۆ بگێڕمەوە؟ ئەمە فڵان دێیە، لەم شەوانەدا پیاوێکمان شەو خەبەری ئەبێتەوە، گوێ ئەگرێت گرمەگرم و شریخە شریخە و سەدای غەریب دێت. مانگە شەوێکی خۆش بوو. پیاوەکە بەرەو دەنگەکە ئەڕوات بۆ ئەولای دێکەوە بەلای کێوەکەدا، لە گرمەگرمەکە سام ئەیگرێت، زۆر ئەترسێ. تۆزێکی تر ئەچێتە پێشەوە بەرەو کێوەکە، کە بە دیققەت تەماشا ئەکات، بە شەوقی مانگەشەوەکە لە دوورەوە ئەبینێ وا لە بناری کێوەکەوە وردە وردە هەرەس و جمکە ئەرز و شاخ و کەنەک و دەوەن و دار و بەرد و بەرز و نشێو بەسەریەکا تێکەڵ ئەکات و هەڵیئەگێڕێتەوە و هەر دێتە پێشەوە. پیاوەکە کە تێیئەگات هەرەسە و وا وردە وردە دێتە پێشەوە بۆ دێکە، هەڕا ئەکات و بە هەموو هێزی خۆی هاوار ئەکات: کورە ئاوایی هەرەس هات، سەر دەرکەن. بە هەموو سەربانەکانا بانگ ئەکات و ئەقێڕێنێت. دێکە بە جارێ خەبەری بۆوە، حەیوانی زیندەماڵ و خاوخێزانیان دایە پێش خۆ بۆ ئەوبەری سیروان و هیچکەس مەردەماڵ و هیچی بۆ دەرنەچوو. سبەی کە ڕۆژ بووەوە تەماشامان کرد دێکە هەڵگەڕاوەتەوە سەرەوژێر بووە. ئیستە وا خەریکین شتومەک ئەوی مومکین بێت لەژێر ئەرز بە پاچ و قولۆنگ و بێڵ و خاکەناز دەری ئەهێنین. کابرا بەنەوعێک ئەم سنعەتی خودایییەی بۆ باوکم گێڕایەوە تەحەیور گرتی. لەو سەرەوا کە گەڕاینەوە دێکە گواستبوویانەوە ئەوبەری سیروان، هەموو خانوویان کردبوو. وا بزانم ناوی دێکە تفڵییە. کابرا لەگەڵمان بە ناو هەرەسەکەدا هات تا سەر ڕێگای کۆن و چووین بۆ دووڕووە لەوێ خۆشمان رابوارد.

شێخ عەلائەددین، ڕەحمەتی خوای لێ بێت، باوکمی ئیزن نەدا، لەگەڵ خۆی بردی بۆ کوێستان، لە پشتی سەوڵاوا بە دەستە و دائیرەوە هاوینان لەوێ کەپریان بۆ ماڵی خۆی و بۆ خانەقای و بۆ خاسسە مەنسووبان لە عولەما و خولەفا و بۆ فەقێ ئەکرد. مەخسووس حاجی میرزا ڕەحمەتۆڵڵای تاڵشی لەلا بوو، ئەوی مەشهوور و مەعرووفە بە سەدای خۆش و لەحنی داوودی. بەڕاستی وەختە بڵێم ئیستەش ئاوازەی چریکەکەی لە گوێمدا ماوە. لەززەتمان لێ دی. هەتا موددەی مانگێک هەر لە خانەقای دووڕوو ماینەوە هەتا ماڵی شێخ چوو بۆ کوێستان. کەپرێکیان بۆ حاجی ڕەحمەتوڵڵا کردبوو لەسەر بانی خانەقا، کەپرەکە ئاگری تێبەربوو، بوخچەی باوکم، دەلائیل و فەرایزە تەسنیفەکەی خۆی تێدا بوو، دەلائیلەکە قەراخی هەموو سووتابوو و فەرائیزەکە پەکی کەوتبوو. لەم ساڵانەدا ئەم حیکایەتەم گێڕایەوە بۆ شێخ عوسمانی شێخ عەلائەددین، خوا دەوامی بدات پێکەنی و وتی: ئەوە من ئاگرم بەردایە ئەو کەپرە، ئاگرم بەردایە پووشی قەراخ سەربانی خانەقا، پووشەکان بسووتێنم، هەرچەن هاواریان کرد کوڕە مەکە گوێم نەدایێ، ئاخری ئاگرەکە پەرەی سەند، چوو بۆ کەپرەکە، کەپرەکەی سووتان. باوکم بە ڕۆژ لەو کەپرەدا ڕایئەبوارد.

کوڕانی حاجی شێخ مستەفای سەقز، شێخ حامید و شێخ ڕەئووف کە کچەزای شێخ زیائەددین بوون ئەوانیش لە دووڕووە بوون. بە کۆمەڵی لەبەینی چەن ڕۆژێکا ئەچووین بۆ ئەو دێهاتەی دەشتی سەوڵاوا، شەوێ ئەماینەوە. زۆر خۆشمان ڕائەبوارد. تەقریبەن دوو مانگمان پێ چوو لەو سەفەرەدا. وە شێخ عەلائەددین لە دووڕووە عەجەب داب و دەستگاهێکی بوو. کە گەڕاینەوە بەلای دێکەدا هاتینەوە. دێکە لەوبەر سیروان بوو. هەر بە دەربەند کەڵەوێدا هاتینەوە، بە شاخی هەوراماندا هەڵگەڕاین، هەر نەئەبڕایەوە. لە کەیمنەوە هاتینەوە بیارە.

ساڵێکیان ئەنوەر و شێخ جەمیل هاوین باریان کرد بۆ بیارە. ماڵی باوکیشم بە فەقێوە لەگەڵ خۆیان بردیان بۆ بیارە و کەپریان بۆ کردین. ڕابواردنێکی خۆش. زەمانی شێخ نەجمەددین بوو، زەمانێکی خۆش. سەڵتەنەتی عەبدولحەمید بوو. تەئریخەکەی نازانم، مەعلووم بە سێ چوار ساڵ پێش عەزڵی عەبدولحەمید بوو کە تەئریخەکەی ١٣٢٦ی هیجرییە پڕتەو پاشا هاتە بیارە، ئیزهاری ئیخلاسی زۆر کرد درەحەق بە بیارە. جەنابی مەلای بیارە مەلا عەبدولقادری مەرحووم لەگەڵ شێخ نەجمەددین، غەرقی رەحمەتی خوا بن، لەسەر تاتەبەردی بەردەمی خانەقا دانیشتبوون. پڕتەو پاشا پێیەکی لای ئەوان بوو و پێیەکی لە مەرقەدی شێخ عومەرا بوو. هاتوچووی ئەکرد. پڕتەو پاشا داوای تەبەڕڕوکی لە شێخ نەجمەددین کرد. دەسەسڕێکی بچکۆلە، شینە خومییەکانی قەدیم، چڵکن بووبوو، کردبووی بەقەدیا، لە پشتێنەکەی کردەوە و دای بە پڕتەو پاشا، ماچی کرد نایە سەر سەری، چەن جارێک وتی: ئەمەیە تەبەڕڕوک. داوای تەبەڕڕوکم لە شێخ حیسامەددین کرد، شێخ عەلی تەوێڵە پڕتەو پاش لە تەوێڵەوە هاتبوو، کەچی بایی دووسەد لیرەیەک ماڵ و ئەشیای عەجەمی بە قیمەتی نایابی بۆ ناردبووم، ڕەدم کردەوە، وتم: بابا! من داوای ئینعام و خەڵات ناکەم، داوای تەبەڕڕوک ئەکەم. بەڕاستی ئەمەیە تەبەڕڕوک بە دەسەسڕەکەی ئەوت هەر ماچی ئەکرد. وا دیار بوو ئیخلاس و شەوقی مەقامەکە و مەدرەسەکە و شێخ نەجمەددینی یەکجار زۆر بوو. ئیتر تەفسیلم بەبیر نییە و ئەم سەرگوزشتانەی ڕابواردوون تەئریخیان نازانم بۆیە نەمنووسیوە.

لەو موددەیەدا ژنێکیان لە سنەشوێنوە بۆ شێخ نەجمەددینی بیارەکەس هێنا، شایی و زەماوندێکیان کرد بەناوبانگ بیگێڕێتەوە. ماڵ و دەوڵەت و سەڵتەنەت و دنیایێکی بێشوماری لەگەڵ بوو. قەتارێک هێسربار هەر جیهازی عەجایبی لەگەڵ بوو. قەڵەباڵغێکی بێشومار بوو. سوارێکی زۆری لەگەڵ بوو. هەرچی فەقێ و مەلای دەشتی شارەزوورە هاتبوون. حەتتا لە سولەیمانییەوە بەعزێ فەقێ هاتبوون. ئەوەی لە هەموو خۆشتر بوو حاجی بابا و حاجی میرزا ڕەحمەتوڵڵای تاڵشی بە سواری لەگەڵ شاییکەرانا بوون بە سواری بە جووتە و یەکە یەکە ئەیانگوت، ئەمما چ گوتنێک،یا خوا خوا عەفوویان کات. ژنە سنەیییەکە مەحرەمێکی شیری خۆی لەگەڵ بوو، دەرگەوان بوو، فەقێیەک نازانم بۆچی ئەچێت، لەگەڵ ئەو دەرگەوانەدا ئەبێ بە شەڕیان. ژنەکە دەرئەپەڕێت و قسە بە فەقێکە ئەڵێت و دەنگی بەرز ئەڕوات. شێخ نەجمەددین کە ئەوە لە ژنەکە ئەبینێ ئەینێرێتەوە بۆ ماڵی باوکی و چی هێنابوو گەلێکی تریشی ئەخاتە سەر، بە حورمەت حەواڵەی سنەی ئەکاتەوە، لەسەر فەقێیەک یا لەسەر ئەوە کە دەنگی لە ماڵەوە هاتووەتە دەرەوە دەستی لێ هەڵگرت، تەڵاقی دا. شێخ نەجمەددین زاتێکی بەقیمەت بوو.