٤

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 7 خولەک  644 بینین

لام وایە ساڵ نەگەڕایەوە شێخ مارف باوکمی بردە ئەحمەدبڕەندە، چونکە نەرگسەجاڕ ئاوی کەم بوو و لە خوسووسی مەدرسە و ناودێوە بێویسعەت و تەلان و ناخۆش بوو. ئەمما ئەحمەدبڕندە دەشت و ئاودار و بەویسعەت بوو. نازانم «مەتنە موغنی»ناوی تایبەت یا «مەتنی ئونمووزەج»ناوی تایبەتم ئەخوێند، شێخ مارف، خوا عەفووی کات، چەن دەرسێکی پێ وتم. باوکم لە ئەحمەدبڕندە فەقێیەکی زۆری بوو، و موتەمادی خەریکی تەدریس بوو. نازانم چەند لە ئەحمەدبڕندە ماینەوە، ئەوەندە ئەزانم لەبەردەمی تەکیە و حوجرەی فەقێیاندا حەوزێ بوو ئاوی لە شاخەکەوە بە جۆگەلە بۆ ئەهات، چەن ماڵێکی غەوارەی لێ ‌بوو، ئاوەکە بە پیسی ئەهات بۆ حەوزەکە. فەقێیە چوو بۆ تەحقیقات، تەماشای کردبوو ژنێکی ئەو ماڵە غەوارانە پەڕۆگوو و سیپاڵی پیسی پێیە لە بناوانی جۆگەلەکەدا ئەیشوات و جێگەیش لەوانە نەبوو ژنان ڕووی تێ کەن. فەقێکە جنێو بە ژنەکە ئەدات، سیپاڵەکانی فڕێ ئەدات، مەنجەڵێکی پێ ئەبێت مەنجەڵەکەی تووڕ هەڵئەدات بە سەرەوژێرەدا غل ئەبێتەوە. ژنەکە ئەم حاڵە بۆ پیاوەکان کە کەڕەپیاو بوون ئەگێڕێتەوە. بە تفەنگ و دەمانچە و دارەوە ژن و پیاویان هاتنە سەر فەقێکان، بوو بە جەنگی مەغڵووبە ڕۆژەکەی قەرەوەیسی تیا کوژرا. پیاوەکان باوکێکی چەتەوڵ و دوو سێ کوڕی بوون. فەقێکان کە وایانزانی خۆیان ئامادە کرد بە دار و خەنجەرەوە بۆ شەڕ کردن، یەک تێڵایان دا بە گازی پشتی باوکەکەدا خستیانە چاڵێکەوە، دوو سێ فەقێ تێی بەربوون. لیدان و پیادان لە تەرەفەینەوە، شەلم کوێرم ناپارێزم، دەس پێ کرا. ژنان بە تێڵاوە هاتبوون، کوڕێکیان کە باوکەکەی بەوحاڵە دی دەستی دایە دەمانچە کە بینێ بە یەکێک لە فەقێکانەوە. لەبەردەمی ماڵی ئێمەدا بوو، باوەژنم - خوا عەفووی کات - پوورزای باوکم بوو، دەستوبرد پەلاماری تێڵایەک ئەدات، لەگەڵ کوڕەکە دەس هەڵدێنێتەوە تێڵاکە ئەدات بە باسکیا، کردی بە خڕخاڵ، دەمانچە لەولاوە کەوت، کوڕ لەملاوە، دەمانچەکەی بە بەرد شکان. برای گەورە کە ئەمەی دی تفەنگێکی حسکەی پێ بوو، مەلا ئەحمەدی مەلا قادر مەشهوور بە مەلا ئەحمەدی فازڵ، پشتی لێی بوو، تفەنگەکەی نا بە گازی پشتی مەلا ئەحمەدەوە گڕی ئاگر لەسەر کەوای بەربوو. مەلا ئەحمەد ڕووی کردە کابرا، هەڵات. مەلا ئەحمەد بەرەو دوای ئەنێت، ڕوو ئەکاتە ناو دێ. شەڕەکە پیس بوو. مەلا ئەحمەد کوتەکێکی سەرزلی سەرخڕی بە دەستەوە ئەبێت، هە لێرە هە لەوێ ئەنیشێتە سەری، ئاخری لە حەوشەی ماڵی ئاغا ئەیگاتێ، کابرا کە ئەزانێ لەدەس مەلا ئەحمەد ڕزگاری نابێت، ئەگاتە بن توویەک، لقێک لە توو دادەپەڕێنێ بە هەمووی هێزی خۆی ئەیدات بە بناگوێی مەلا ئەحمەدا، ئەڵێت یا ڕەسوولەڵڵا بە نەجاتی حەق. مەلا ئەحمەد ئەیوت بریسکە لە چاومەوە هات و گوێم کاس بوو، ئەنجا دەستم هەڵبڕی، منیش وتم یا ڕەسوولەڵڵا نۆرە گورزی خۆمە، تەنها یەک کوتەک ئەدا بە تەوقی سەریا، کابرا وەک تەڕاح لەوێ ئەکەوێ، نە ئێستە مردووە نە پار، یەک دەلاقە ئەخانە کاسە سەری. ئەمما مەلا ئەحمەد گاڵتە نەبوو ها، پاڵەوان بوو. مەلا ئەحمەدی مەلا قادر ئابڵاخی بوو، لەگەڵ خاڵم مەلا حەسەن پێکەوە شیری خواردبوو. بەینێ کاری زۆرخانەی کردبوو، زۆر بەقوەت بوو، چونکە گوللەبەندی کاک ئەحمەدی پێوەبوو پشتی بە زەبری گوللەکە سوور هەڵگەڕابوو و هیچی تر. لەم واقیعەیە شێخ مارف کە ئەحمەدبڕندە نەبوو. نازانم باوکم بەهۆی ئەم شەڕەوە بۆ لای کێ چوو، لە ڕێ ئەگات بە شێخ مارف، ئەیگێڕێتەوە. ئەوشەوە ئەو ماڵە لە ترسا بەو بریندار و کەلەلایانەوە باریان کرد. بۆ سبەینێ چووینە سەر ماڵەکەی، بەعزێ قاپ و قاچاخ شکاو نەبێ هیچی تیا نەمابوو. نازانم ئەو فیلەتەنە کە مەلا ئەحمەد لێی دا ما یا مرد. وا بزانم باوکم کە ئەحمەدبڕندەی جێ هێشت سەبەبی هەر ئەم شەڕە بوو.

سەرەتای ڕشانەوە پەیدا بوو کە لە ساڵی ١٣٢٢ بوو. وا بزانم ئاخری بیست و یەک پەیدا بوو و بیست و دووی بردە سەر. کوشتارێکی زۆربەی کرد، حەتتا ئەڵێن لە سولەیمانییە حەوت هەزار و حەوتسەد و کوسووری پێ مردووە. واقیعە و کوشتاری ڕشانەوە کتێبێکی سەربەخۆ و تەحقیقاتی تاممەی ئەوێت. نازانم ئەحمەد بەگی ڕیشێنی چۆن لەگەڵ باوکما موخابەرەیان کەوتە بەینەوە، وەڵاغی نارد بە دوای باوکما نەقڵی کرد بۆ ڕێشین کە حوجرە و مەدرەسەی بۆ درووست کات و فەقێی بۆ ڕاگرێت. ڕشانەوە زۆربەی سەند و بڵاو بووەوە بە دنیادا. وا بزانم حەبیبە خانی ژنی ئەحمەد بەگ - خوا عەفوویان کات - بە ڕشانەوە ڕۆیشت. شارەزووری پێیان ئەوت «چاوەقووڵە»شوێن. کەی نەیئەوێرا بچێت یاسینی نەخۆش بخوێنێت لە ترسا. من بێسەلیقە بووم پێم خۆش بوو بانگم کەن کە یاسینی ئەوانە بخوێنم کە دەڕشانەوە. دەسم ئەدایە قورئان، لە یاسین خوێندا ئەبووم لەسەر نەخۆشی ڕشاوە، هیی وا بوو کە بەسەر نەخۆشەکەوە ئەگریا قڵپ ها ئەڕشایەوە، پرشەی ڕشانەوەکەی لە دەموچاوم ئەکەوت، قێزم لێ نەدەکرد، عەقڵم پێ نەدەشکا. کابرای شیوەنکەر وەک تەڕاح لەوێ ئەکەوت. ئیتر دونیا زۆر عەجایب بوو، کەس بەهیوا نەبوو شەو بگاتە سبەی یا ڕۆژ بگاتە ئێوارە. باوەژنە فاتمم ڕشایەوە، سارد بووەوە بە مردوویان ئەزانی، ئاویان بۆ گەرم کرد، کەچی ڕۆحی تێدا مابوو نەمرد، خەلەست چەند ساڵ ما. باوکم زستانێک لە ڕیشێن مایەوە. ئەسبابێک بۆ ئەحمەد بەگ پەیدا بوو لە خوسووس بەگزادەی جافەوە بوو یا لە خوسووس حوکوومەتی عوسمانییەوە بوو کە ئەحمەد بەگی مەجبوور کرد بە فرۆشتنی دێکانی و کۆچی کرد بۆ ئێران بۆ تەرەفی سنە. ئیتر باوکم چووە باوێڵە لای شێخ ئەنوەر و شێخ جەمیل کوڕانی شێخ عومەری بیارە، لەوێ موددەیەک مایەوە و مەدرەسەیێکی عومدە و تەدریسێکی باشی بوو.

لەو بەینەدا کە لە باوێڵە بووین، لاموایە بەنیازی تەعزییەی مەلای پێنجوێن، ڕەحمەتی خوای لێ بێت باوکم چوو بۆ پێنجوێن. لەو سەفەرەدا من و مەلا یەحیای برای لە خزمەتیا برد. لە بیارەوە بە هانەگەرمەڵە و کەیمنەدا سەرکەوتین بۆ ئەودیو شاخی هەورامان بە دەربەند کەڵەوێدا ڕۆیشتین، ئەمما چە دەربەند کەڵەوێ؟ مەسافەیەکی دوورودرێژ هەردوو تەرەفی شاخی بەرز، و بیست تا سی جار ئەبێ بۆ ئەمبەر و ئەوبەری ئاوەکە بپەڕیتەوە و جێ جێ پلەی سەختی تێدایە. کە لە دەربەند نەجاتمان بوو بەلای چەپا باماندایەوە، گەیشتینە مەریوان. شکڵە عەجایب و سەیرەکەی گۆلی زرێبار دەرکەوت و بەلایا ڕۆیشتین و بە ولەژێر و دەرەتفێدا چووین بۆ پێنجوێن. لەو سەفەرەدا زۆر عەزابم چێشت چونکە هەر لە بیارەوە لەپی دەستی چەپم بەورەشینکەیەکی لێ هاتبوو، لەپی دەستم وەک پشتی کیسەڵی لێ هاتبوو. لە ولەژێر جەراحێک بە نەشتەر هەڵیدڕی و وەکوو دەستی شکاو بە ملما بە جامانەکەم هەڵمئاواسیبوو. تەقریبەن مانگێکی پێ چوو ئەنجا چاک بووەوە.

خولاسەی کەلام چووینە پێجوێنشوێن لە مزگەوتی پاشا، مزگەوتەکەی مسەلای پێنجوێن میوان بووین. لە حوجرەکەی مەلادا بووین. باوکم نەچوو بۆ ماڵی مەلا، خەبەری دا جەنابی حەرەمی مەلا تەشریفی هات بۆ حوجرە، باوکم تەعزیەی لێ کرد. باوکم عوزری نەچوونی ماڵەوەی بۆ حەرەمی مەلا هێنایەوە. لەبەر ئەوەی مەرحوومی مەلا سەغیری هەیە، بۆیە نەهاتمە ماڵەوە. بەبیرم ماوە مەلاژن فەرمووی خۆم زانیم هەتیومان هەیە، بۆیە نەهاتیتە ماڵەوە. کوڕانی مەلا، مەلا ئەسعەد و مەلا ئەحمەد و مەلا سدیق - خوا عەفوویان کات - هەر سێکیان بە فەقێیەتی لە بانە بوون. مەلاژن فەرمووی مەلای پێنجوێن وەسیەتی کردووە کە کوڕانی من هەتا دەرسیان لای مەلا عەبدولڕەحیمی چروستانی دەس کەوێت، لای کەسی تر نەخوێنن. باوکم فەرمووی هەر وەختێک کوڕانی جەنابی مەلا هاتنە لای من، فەقێم زۆر بێت یا کەم بێت جێگەی ئەوان هەر ئەبێت، مەدرەسەی خۆیان ئەبێت و من بە چاوی کوڕی خۆم تەماشایان ئەکەم.