٣

لە کتێبی:
یادداشتەکانی مناڵی و بەشێکی سەردەمی فەقێیەتی
بەرهەمی:
مەلا محەممەدی چروستانی (1895-1963)
 9 خولەک  659 بینین

باوکم کە ئابڵاخی بەجێهێشت چوو بۆ تەرەفی هەڵەبجە، خانوویەکی تازەی لە ئابڵاخ درووست کردبوو زۆر گەورە بوو، ڕایسپاردبوو کە چەن فەقیرێکی تیا دانیشن و خزمەتی بکەن نەڕووخێت. لە پاشا یەکێ لە هەمەوەندەکان، نازانم بە ئاغایەتی یا چ نەوعێک، ماڵی دێتە ئابڵاح، خانوویەکی وای دەس ناکەوێت کە تێدا بحەوێتەوە. فەقیرەکان دەرئەکات و لە خانووەکەی ئێمەدا دائەنیشێت. لە پاش گەلێ ساڵ لە کتێبێکی خاڵمدا کاغەزێکم دی خەتی باوکم بوو، نووسیبووی لە پارچەیەکی بچکۆلە لە کاغەزە ئاغزە جگەرە تەنکە زبرەکەی کە جاران پێش سەفەربەر ئەیانبڕی بۆ ئاغزە جگەرە، بۆ ئەو هەمەوەندە کە لە خانووەکەمانا بە زۆر دانیشتبوو، نووسیبووی بە هەڕەشە و گوڕەشە بە فارسی مەزموونەکەی ئەمە بوو: تۆ کە بێ پرسی خاوەند خانوو بە هۆی سەرکەشی و گەورەیی دەسەڵاتێکی دنیاییەوە لە خانووی ئێمەدا دانیشتوویت، بزانە کە یەقین دەسەڵاتی بزورگانی دین بەرەوژوورترە لە دەسەڵاتی تۆ. بە گەیشتنی ئەم کاغەزە ئەو خانووە چۆڵ کە و بیدەرەوە بە فەقیرەکان و ئەگەر وا نەکەیت و بە قسەم نەکەیت «باخبر باش که‌ سر میشکند دیوارش»فارسی یەعنی باخەبەر بە لە خۆت چونکە دیواری خانووەکە سەر ئەشکێنێ.

کاغەزەکەم زۆر لەلا سەیر بوو، لە خاڵم پرسی، وتی: لەگەڵ کاغەزەکەی پێ گەیی ترس و دەهشەت سواری بوو نەیوێرا شەوی تیا ڕۆژ کاتەوە، چۆڵی کرد.

باوکم بوو بە مودەڕڕیسی مەجید بەگی وەسمان پاشا - خوا عەفوویان کات - لە دێی پریس کە جەنووبی هەڵەبجە هەڵکەوتووە، تەقریبەن یەک سەعاتە ڕێ ئەبێت. وەسمان پاشا مودەڕڕیسی خۆی ئەبێت لە مزگەوتی پاشا لە هەڵەبجە و مەسرەف و پێویستی مزگەوت و مودەڕڕیس و گوزەرانی فەقێی مەدرەسە لەسەر پاشا ئەبێت. خانمی حەرەمی - خوا عەفووی کات - مزگەوتی خۆی ئەبێت مەشهوور بە مزگەوتی خانم، مەسرەف و پێویستی مزگەوت و مودەڕیس و فەقێکانی هەموو لەسەر خانم ئەبێت، مەساریف و گوزەرانی مودەڕڕیس و مەدرەسە و فقێیانی دێی پریسیش لەسەر مەجید بەگ ئەبێت. ئیتر ڕاتبە و عادەتی جێیان نابێت. مناڵ بووم نازانم جومعە و جومعە زەخیرە لە هەڵەبجەوە ئەهات بۆ پریس یا مانگ و مانگ، نان و چێشتی فەقێ لە ماڵی مەلا ئەکرا. دەفعەیەک وا بزانم ناردنی زەخیرە لە هەڵەبجەوە تەئخیر ئەبێت، فەقێی پریس مەجبوورەن چەن ڕۆژێ ڕاتبەی ناو دێ ئەکەن. لەو ڕۆژانەدا کە باوکم بۆ جومعە ئەچێت بۆ هەڵەبجە، پاش نوێژی جومعە بۆ ئەو مەوزووعە ئەچێت بۆ لای مەجید بەگ. بەحاڵم بەبیرە من نەچوومە ژووری دیوەخان، لە بەرهەیوانی باڵاخانەکە سەیری حەوشە و دام و دەسگام ئەکرد، بابا ڕەسووڵی بێدەنی، خوا بە ڕەحمەتی خۆی دایپۆشێت، فەقێ بوو لە خزمەتیا بوو بۆ لای مەجید بەگ. بابە ڕەسووڵ گێڕایەوە: مامۆستا لە خوسووسی تەئخیر نەخستنی زەخیرە بۆ فەقێیانی پریس لەگەڵ مەجید بەگ قسەیان هێنا و برد. موددەیەک قسە کرا. منیش دانیشتووم و گوێم گرتووە، ئاخری مامۆستا بە مەجید بەگی وت: میرم، میرم! ئەوەی پێ ناوێت. ئەگەر پیاوی وەک وەسمان پاشا، ئەگەر ژنی وەک خانم. ئەگەر نە پیاویت نە ژنیت، مەلا و فەقێ بە خۆڕایی دەسخەڕە مەکە. بابە ڕەسووڵ وتی: کە مامۆستا ئەم قسەیەی کرد من زۆر ترسام و دڵم ڕاچەنی. ئاخری مەجید بەگ وتی: بەڵێ بەسەر چاو مامۆستا ئەگەر لەمەولا زەخیرە ناردن هیچ تەئخیر بوو بزانە نە پیاوم نە ژنم.

ئەوەی بەڕاستی هەر خوای خۆی ناسی
لە میر و ئاغا نابێ هەراسی
ئەوی خوانەناس ڕووی لە دنیایە
مارمێلکەی لەلا وەک ئەژدەهایە

ئاخری باوکم لە پریس زۆر نەمایەوە، شێخ مارفی نێرگسەجاڕ، خوا بە ڕەحمەتی خۆی شادی کات، نەقڵی کرد بۆ نێرگسەجاڕ. شێخ مارف خوا عەفووی کات زۆر موخلیس و خزمەتگوزاری باوکم بوو، خەلیفەی شێخ عومەری بیارە بوو و مەلا و فەقێ پەرەست بوو، لە شارەزوورا موخلیسی زۆر بوو. لە سەرگوزەشتەی نێرگسەجاڕ ئەوی بەبیرمە فەقێی زۆر تیا بوو. فەقێیەک شێخ ڕەسووڵی ناوی بوو، منی نارد بۆ لای فەقێیەکی تر بۆ کتێبێک یا بۆ شتێکی تر. کە چووم ڕاسپاردەکەم پێ گەیان، وتی بچۆ بڵێ ڕەسوول گووی خوارد (ڕەسووڵ بە فرستادە ئەڵێن و من عەقڵم پێ نەدەشکا). چوومەوە لای شێخ ڕەسووڵ، وتم: بەخوا وتی شێخ ڕەسووڵ گووی خوارد. وتی: کوڕە وای نەوتووە، ڕەنگە وتبێتی ڕەسووڵ گووی خوارد. وتم: نە، هەر وای وت. فەقێکان قاقا دەستیان کرد بە پێکەنین. هەڵکەوتێکی سەیر بوو.

فەقێکان گەلێ سێشەممە و جومعە ئەچوونە سەر چەمی تانجەڕۆ بۆ مەلە کردن. سوختەیێکیان بوو خەڵقی سنە بوو، دەستی چەپی نەبوو، خەتێکی فارسی زۆر خۆشی بوو، وریا و زرینگ بوو، ناوەکەیم لەبیر چووەتەوە. جامی ئەخوێند. فەقێکان مەلەیان ئەزانی، ئەو فەقێ سنەیییە نەیئەزانی و حەزی ئەکرد فێر بێت. جارێکیان کوولەکە ئاوێکیان لەگەڵ خۆیانا هێنا بۆ ئەمە فەقێکە پێی فێری مەلەکردن بێت. فەقێکە کوولەکەکەی ئەگرت بە دەستەوە و مەلەی پێ ئەکرد و قاچی ڕائەوەشاند، بەسەر ئاوەکەدا هاتوچووی ئەکرد، ئەمما نەیئەوێرا توخونی جێگای قووڵ بێت. دەی دەی بەو نەوعە هەتا ڕاهات. جارێک بە کوولەکەکەوە ڕووی کردە نێرەوەی ئاو، خەریک بوو بگەڕێتەوە نەیتوانی، ترسا و دیهشەت گرتی، ئاویش بە شەپۆل بردی بەولاوە، ئاخری کوولەکەکە لە دەستی بەرەڵڵا بوو و نوقم بوو وەک بەردی بن گۆم. کوولەکەیش ئاو بردی. فەقێ مەلەوانەکانیان بەجاڕێ خۆیان فڕێدایە ناو ئاو، بە مەلە ڕوویان کردە ئەو شوێنەی کە فەقێکەی تیا نوقم بوو و پەلە پەلیان پێ کەوت. وا منیش لە دوورەوە ڕاوەستاوم سەیریان ئەکەم، بە مەزەننە بیست خوتوە زیاتر بە ژێر ئاوا ڕۆیی، تەسادوف تووشی قەدی دارێک ئەبێت، لەژێر ئاوەوە دارە ئەگرێت و پیا هەڵئەگەڕێت. دارەکە لق و پۆیی بەدەرەوە بوو، لەپڕێکا سەرکەوت، خۆی بە دارەکەوە قایم کردبوو، نیوەی لەشی لەناو ئاوەکەدا بوو، لە پشتەوە بەرەوژووری بە دەرەوە بوو، توند دارەکەی گرتبوو، شکڵێکی سەیری بوو.

وەکوو مەیموونی لۆتی چۆن لەبەر ترسی پلارێکا
وەیا کتکێ بەرەودوای نابێ سەگ هەڵچێ بە دارێکا

ئەوەندە ئاو چووبووە سکیەوە بەحاڵ قسەی بۆ ئەکرا و لەوحاڵەدا هاواری ئەکردە فەقێکان: کورە کویلەکە.. کویلەکە.. ئاو بردی، بیگەنێ. بە لەهجەی سنەیییانە. کوولەکە دوور کەوتبۆوە، ئیشارەتی ئەکرد: کورە فەقێکان! بگەنە کویلەکەکە. فەقێکان خەمی ئەویان بوو، ئەو خەمی خۆی نەبوو، خەمی کوولەکەی بوو. فەقێکان قاقا دەستیان کرد بە پێکەنین، سەر بە قۆڕ پێی پێئەکەنی. پێیان ئەوت: سا چونکە تۆ خەمی کوولەکەکەتە خەمی خۆت نییە ئەبێ هەر بەوێوە بیت. ئاخری لەپاش قەدەرێ فشە گاڵتە چوون بە مەلە نجاتیان دا، تا موددەیەک پێکەنین لەسەر ئەم قسەیەی گۆجە بوو. وا ئیستە من کە ئەینووسم بە پێکەنینەوە ئەینووسم تیمسالی واقیعەکە دێتە بەرچاوم. بەهاری ئەو ساڵە کە لە نەرگسەجاڕ بووین فەقێی هەڵەبجە و عەبابەیلێ و پریس و بیاوێڵە زۆر قەڵەباڵغ بوون هاتن بۆ نەرگسەجاڕ بە مەقسەدی سەیرانی کەژی زمناکۆ. مناڵ بووم، بەبیرم نییە، لەسەر مەسرەف و دەعوەتی شێخ مارف بوو یا بە نەوعێکی تر بوو، وام بەبیرە کە پەنجا شەست فەقێ ئەبوون. کەژی زمناکۆ لەوبەر سیروانە، لە نەرگسەجاڕەوە بە نیو سەعات ئەگەنە سیروان، ئەپەڕنەوە، لە شەمێرانەوە بۆی ئەچن. بەهار بوو ئەرغەوان سوور، سیروان هاتبوو، مالامال، کڵاوەی ئەکرد. من و مەلا یەحیای برام خوا عەفووی کات، لەگەڵ ئەو فەقێیانە بووین، چووین بۆ ئەو سەیرانە حەقیقەتەن زۆر خۆش بوو، خواردن لە گۆشت و برنج و شەکر و چایی و پێویستی سەیران بە تەواوی لەگەڵیان بوو. فەقێی شاخەوانیان لەگەڵ بوو. کە گەیشتە سیروان، لە بوارە پانەوە لە پشت عەرەبەکان کە بوراێکی زۆر پانە و مەسافەی ئەمبەر و ئەوبەری ئاوەکە زۆرە، پەڕینەوە. ئەمما من شکڵی پەڕینەوەم لەبەر چاو ماوە، پیاوێکی کەڵەگەت کە ئەیناسیم کردمیە قەڵاندۆشکان، جلەکانی خۆی خستە دەرپێیەکەی، لەسەر سەری قایمی کرد، لە بندەستیەوە هەردوو ڕانی منی شەتەک دا، دەستی چەپی منی بە دەستی چەپی گرت، وتی هیچ مەترسە خۆت قایم بگرە، قەدبڕ ڕۆیی هەتا گەیشتە نێرەوەی ئاو. لە ناوەڕاستی سیروان پێ لە ئاو بڕا، بە دەستی ڕاست مەلەی ئەکرد، بە پێ مەلە. جار جار ئاو ئەگەیشتە چەناگەی، پفی ئەکرد لە ئاوەکە و زوو بە منی ئەوت خۆت قایم بگرە. دەستی ڕاستم بە پەتەکەی سەریەوە بوو، هەر ئەیوت دەست بەرنەدەی، دەستم نەگریت. بە مەزەننە لەپاش دوو سێ دەقیقەیەک پێی گەیشتەوە ئەرز. ماشەڵا ئەدوت بە سەر ئەرزا بێپەروا و بێباک ئەڕوات. پەڕانمیەو. زۆری لەسەر نەڕۆین، چووینە شەمێران. چەن کەسێکی شەمێرانی بۆ شارەزایی و شاخەوانی لەگەڵ فەقێکان هاتن و ئەسبابی لازمەیان هێنا. لەوێوە چووینە بناری کەژی زمناکۆ، سەر کانی و ئاوێک، دەشتکێی سەوز و شین ئەیڕوانی بەسەر گەلێ مەملەکەتا، بە شایی و یاری و سەیران ڕایانبوارد. تەفسیلی ڕابواردنم بەبیر نەماوە، چونکە دوو سێ ساڵ پێش ڕشانەوە بوو. ئەمەندە ئەزانم تەشوێیان هێنابوو، شاخەوانیان لەگەڵ بوو بە شاخا هەڵگەڕابوون، بڕیبوویان، هەنگوێنێکی زۆریان دەرهێنابوو کردبوویانە تەشتەوە، ئەوەندە زۆر بوو فەقێ و قەڵەباڵغەکە لێیان بێزرابوو نەیانئەخوارد، فەقێ بڵاو ئەبوونەوە بەو شاخانەدا گژوگیای بەهاریی خواردنیان ئەهێنا و داری وشکی سووتەنییان ئەهێنا؛ زەلام زەلام شەو ئاگریان ئەسووتان. ئەبوو ئینسان دە خوتوە یا زیاتر لەدوورەوە دانیشێت، داری وا گەورەیان ئەخەستە سەر! سەیرانێکی عەجایب و خۆش بوو، نازانم چەن شەو لەوێ مانەوە. کە گەڕاینەوە بە کەڵەک پەڕێمەوە.