حەمەگاخۆر

«یادێ لە ئیخلاس و عیشقی سۆفیانی ڕابردوو»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  813 بینین
بە چلەی زمسان وەک چلەی هاوین
بەفر ئەکا بە ئاو شەرارەی ئەوین
لە کەچەڵمیان حەمەگاخۆر بوو
زمسان بە ڕووتی بۆ ناو بەفر ئەچوو
سۆفی موحەممەد عاشقێ ڕاس بوو
بۆ شێخەکەی خۆی زۆر بە ئیخلاس بوو
بە شەو و بە ڕۆژ هەر حەیلاحووی بوو
گۆرانی و هاوار ڕەفتار و خووی بوو
وەختێ گەرم ئەبوو سەر و میزەری
بازرەقەی ئەبەست لە تەوقی سەری
بە هەر دوو دەسی سەری ئەخوران
گۆرانی ئەوت جارجار ئەیناڵان
«هۆ موعین موعین، هۆ موعینەددین
چیبکەم چی بێژم خوا چارەم چین»
عەوام بوو بەڵام عاشق و ژیر بوو
شیعری زۆر جوانی کوردی لە بیر بوو
ئاهەنگەکانی نەوعی هۆرە بوو
شیعرەکانیشی هەر بەم جۆرە بوو
هی خۆی و خەڵکی و مەولەوی کوردی
بیرم نەماوە غەیرەز یەک فەردی:
«کز کز دانیشن لە پای دیواران
زنجیر لە گەردن وەک گوناباران»