فەزای باز

لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  635 بینین
ئەڵێن ئیتر هەوا سازە و فەزا باز
لە خۆشیدا منیش کەوتوومە سێباز
ئەڵێن ئیتر کە جوڕە و کۆتر و کەو
نییە باکی لە شاهین و لە شاباز
ئەڵێن ئیتر لە هێستر جووتە ناخات
ئەڵێن ئیتر کە سپڵۆت ناگرێ گاز
قەڵەم ئازاد ئەبێ بۆ دەردەدڵنووس
ستەم ناکا قەڵەو ئیتر لە لاواز
ئیتر ناپرسێ زۆرداری لە بێ تین
ئیتر ناترسێ بازاڕی لە سەرباز
بڵێی ڕاس بێ خودایە ئەم قسانە
بڵەی شەیتان بەرەوژێر بێ لە هەوراز؟
بە کوێریان وت چییە مەیلت وتی من
بە غەیرەز چاوی ڕۆشن نیمە دڵخواز!