بژی ئازادی و سەرەبەخۆیی و کار
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
2 خولەک
793 بینین
عەریزەی نۆکەر بۆ ئاغای گەورە
کە سایەی بۆ گشت بچووکان چەورە
من نەگۆڕیاوم وەک بەعزێ ئەشخاس
بێوەفا بێم و سپڵە و ناسپاس
با تۆش تووڕە بی و لە منت دابێ
بە جنێو داک و بابمت گابێ
بەڵام من بە تۆم جنێو نەداوە
ئاغە و گەورەیی تۆم لە پێش چاوە
ئەزانم بۆیێ حەزناکەی بڕۆم
ئەڵەی خۆشم ئەوێیت هەر وەک کوڕی خۆم
نۆکەر نازارە و خەستە زوو ئەبێ
کاری لێنایە و زوو مانوو ئەبێ
فێری خواردنی گۆشت و پڵاوە
لە نانەڕەقە و دۆڵ و سۆڵ چیداوە
ناتوانێ لەنێو لێفەی کۆنایی
بخەوێ وەکوو باقی ئاوایی
ئەزانم هەموو لووتفە بەڕاسی
دڵسۆزی باوکێ بۆ کوڕی خاسی
سپاسگوزارم بەڵام ئەمەوێ
بۆخۆم ئازاد بم چەن ڕۆژ و شەوێ
ئەگەر لە بەیان تاکوو ڕۆژاوا
عارەق بڕێژم لە قوڕ و ئاوا
خۆم و مناڵ و ژنم گش ڕووت بین
لە کەلاوایێ بم کرێنشین
بە دە ڕۆژ جارێ سێ چوار نانی لەت
خۆم و مناڵم بیخۆین بە ڕەحەت
لەش و گیانی من هیچ خەستە نابێ
چوونکا بە هیچ کەس وابەستە نابێ
کەس ناڵێ زووکە وەرە دەر سەگباب
نەتوانم فەورەن نەیدەمۆ جەواب
ئاغا و گزیر و کوێخا هەر خۆمم
هەر بۆخۆم ئاغای عەجەم و ڕۆمم
لێمگەڕێ بە زۆر مەمخەرە ژێر بار
بژی ئازادی و سەربەخۆیی کار
تۆ بە ڕێگەی خۆت من بە ڕێگەی خۆم
کەس وەک خۆم دڵی ناسووتێ بۆخۆم!