شینی عەتا

«بۆ مەرگی برازا سەربازەکەی عەتا ئەفرووزە کە لە شەڕی ئێران و ئێراق گیانی لەدەست داوە نووسیوێتی»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 2 خولەک  652 بینین
داخی گرانم عەتا بۆ مەرگت
بۆ جوانی و فام و ئازایی و جەرگت
بە کوژانەوەی گڕی چراکەت
سووتا باوک و دایک خوشک و براکەت
پێکەوە لەگەڵ مامەی قوڕبەسەر
داغدارن هەموو فامیلی مەزهەر
ئەزانی چۆنن ئامۆزاکانت
لەگەڵ ڕفێقە دڵسۆزەکانت
خاڵۆ و خاڵۆزا، مەتی و مەتییەزا
ئەگرین و ئەڵێن ڕەزاین بە قەزا
هەموو بۆت غەمبار مەلوول و عاجز
نەک ئەقوام بەڵکوو تەواوی سەقز
ڕفێقەکانی تارانییەکان گشت
لە ئێمە زیاتر فرمێسکیان ئەڕشت
چوونکا کوڕێ بووی لە دۆس و دوژمن
ئەتۆی خۆش ئەویست بە ئەندازەی من
داخی زیاترم گرێی سەر دڵە
بۆچی کەوتیتە ناو ئەم قافڵە
ئەمما تۆ شەڕت لەبۆ ئینسان کرد
لە بۆ تیماری زەخمی ئینسان کرد
ئەتۆ بۆ بەشەر فیداکاریت کرد
بۆ خزمەتی خەڵک بۆ بێهداریت کرد
خۆت کرد بە قوربان بۆ نەجاتی خەڵک
بۆ جنسی بەشەر بۆ کاری بەکەڵک
خزمەتت بۆ گشت نەوعی بەشەر بوو
نەبۆ تەماع و ترس و زەرەر بوو
شەهیدی ڕێگای ڕاسی ئیسلام تۆی
کوڕی نەبەزی کوردی خۆشنام تۆی
ئەی خاک بەسەر خۆم لەبۆ جوانیەکەت
بۆ ویجدانی پاک بۆ زۆرزانیەکەت
بۆ جەرگی سووتاو باوکە پیرەکەت
بۆ دایک و برا و بۆ مونیرەکەت
بۆ ڕەش پۆشین و دڵی سووتاویان
بۆ کەفوکوڵی جەرگ و هەناویان
لەبۆ مەسعوودی دوور لە خاک و مەرز
لەبۆ گریان و شین و ڕۆڕۆی بەرز
بۆ سەرشێواوی ڕفێقەکانت
لە خیابان و باخ و سەیرانت
داخی گرانم زۆر چەوسایتەوە
نە زۆر خۆشیت دی و نە حەسایتەوە
بە ناکام ڕۆییت هەروەک ناکامان
هەر یادی خێرت ماوە لە لامان
ڕەحمەتی باریت ببارێ لەسەر
فیردەوسی ئەعلات ببێتە مەقەر
ساڵی هەزاروسێسەدوشەش بوو
ڕۆڵەی خۆشەویست عەتا لەدەس چوو
ئەمە بزانە ڕۆڵەی نووری عەین
لە بیرمان ناچێ هەتا ئێمە هەین
ئینتیقامی کەس لای خوا نامێنێ
بێژی عەتاگیان حەقمان نەسێنێ؟