دیسان جەژنە و قوڕپێوان
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
1 خولەک
719 بینین
ئەی خوا هاوار وا جەژنێ تر هات
جا با دانیشم دەس بە ئەژنۆ و مات
وا دیسان جەژنە و قوڕپێوانە و شین
جەژنیش مەینەتە بۆ پیاوی بێ تین
ژن و کوڕ و کچ دەورەیان داوم
وا لەم بەینەدا منیش داماوم
داوای لیباس و زەرد و سوور ئەکەن
ئارەزووی درێژ، بیری دوور ئەکەن
ئەڵێم ڕۆڵەگیان ئامووزگارم
حقووقم کەمە و زۆریش قەرزارم
حقووق هەر تەنیا بەشی نان ئەکا
کەی بەشی کەیف و پێ ژیان ئەکا
جارێ وام لە بیر برینج و ڕۆنا
وام لە خەیاڵی قەرزەکەی کۆنا
جەژنانەی ئێوە و خزمان و یاران
بارێکی تری نایە سەر باران
دزیش ناتوانم بێ دەس و بێ پێم
زندان جێگەمە گەر بزانن پێم
دەوڵەت بە ماددە و تەبسەرە و قانوون
ئەڵێ مناڵت ئەتۆپێ بە توون
ئێوەیش نافیع بن گەر بەشتان کەم بێ
دۆعا کەن خەڵکی عەقڵیان جەم بێ!