حۆقەی ئەسرار

«لە تەزکیرەتولئەولیای عەتار وەرگیراوە»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 2 خولەک  655 بینین
سەبر و حەوسەلە ڕوکنی ئیمانە
کەسێ ڕاڕا بێ هەر سەرگەردانە
پیاوێ هاتە لای شێخێکی بەڕێز
قدس الله و سرة العزيزعەرەبی
وتی ئەی شێخی پاکی پاک پاکدامان
دەسمە دایەنەت ئامان سەد ئامان
سڕڕی تەریقە و نموونەی ئەخلاق
نەختێ حاڵیکە بە منی موشتاق
فەرمووی زۆر باشە سبحا سەعات حەوت
بێ بۆ دیدەنم لە حوجرەی مزگەوت
پاش ڕۆیینی ئەو شێخ ئەمری فەرموو
مشکێکی ساخیان خستە ناو قتوو
سبێنێ وەختێ کابرا هاتە ژوور
پیر شرووعی کرد بە پەند و دەستوور
فەرمووی کە هەرگیز دەم هەراش نەکەی
ئەسراری برای دینی فاش نەکەی
ئەمانەتت بێ سڕڕی خودایی
ئاشکرا نەکەی بۆ خوودنمایی
وتی قوربان قەت وامەڵێ بە من
ڕازم پەنهانە لای دۆس و دوژمن
شێخ فەرمووی بڕۆن یەک حۆققەی ئەسرار
بێرن بۆ برای دینی تازەکار
قتوویان هێنا بۆ مامەدەروێش
بە شەوق و ئیخلاس دەسی هێنا پێش
پیر فەرمووی ئیتر مەیێرە حزوور
یا یەک مانگ بڵێ زیکری یا سەبوور
نەخڵەتی دەس بەی لە حوقەی ئەسرار
لە ئەسراری ئەو ببی خەبەردار
وتی جا قوربان ئەمانەتی تۆ
چۆن ئەبێ کەسێ بکا جستوجۆ
سۆفی دی قتوو خرتەخرتی دێ
لە هیچ جێگایێ ئارام ناگرێ
سەری سڕمابوو لە ئەسراری شێخ
دەری نەهێنا سەر لە کاری شێخ
خودایە ڕۆحی پێغەمبەرانە
یاخۆ جنۆکە و پەری و شەیتانە
خولاسەی کەلام تاقەتی تاق بوو
سەبر و خودداری پاک لە دەس دەرچوو
ئوستادی ئەعزەم شەیتانی لەعین
تەشوێقی ئەکرد بۆ کەشفی یەقین
ئاخری وتی هەرچی بادا بادفارسی
خوا دەوامی با شێخ لوتفی زیاد
ئەبێ بزانم کەی حوقەی ئەسرار
لە خەوی غەفڵەت چۆنم ئەکا بێدار
بە ترس و لەرز و وەهم و ئیزتیرار
کونێکی کردە ناو حوققەی ئەسرار
دی بەچکە مشکێ چاوزیت و وریا
بازرەقەی بەست و دەرچوو لە دریا
ئەو شەوە نەخەوت هەتا بەیانی
لە داخی حوقەی پیری ڕەببانی
سبحا بە شۆخی ڕایگەیان بە پیر
حۆقەی ئەسرار بوو یا حوقەی تەزویر
منت فریب دا بە گوفتاری وشک
مناڵ ئەخڵەتێ بە چۆلەکە و مشک
سەری تەکان دا پیری نوورانی
وتی من لە تۆم باشتر ئەزانی
پیاوی بێ سەبر و حەوسەڵە و تەدبیر
کاری ئەساسی چۆن ئەبێ دەسگیر
تۆ کە بۆ مشکێ وا بێقەراری
چۆن ڕاگیر ئەکەی ئەسراری باری!