کەتان کەتانە

بەبۆنەی هەڵمەتی دابەشکردنی زەوی «تەقسیمی ئەرازای»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 2 خولەک  927 بینین
کەتان کەتانە، کەتان کەتانە
جەژنی ئازادی فەلای کوردانە
موژدە بێ لێتان ئەی کاکی جووتیار
ڕزگاربوون لەدەس جەریمە و بێگار
ئیتر لەمەولا ناتوانێ ئاغا
دەسدرێژی کا لەنا وەتاغا
کچ و ژن و کوڕ بێنێتە ناو کۆڕ
هەڵپەڕن لەبۆ ئاغای شەل و قۆڕ
ناتوانێ ئاغا کەچەڵی بێ تووک
جوێن بدا و بڵێ قسەی سارد و سووک
ئیتر نادزیت بزن و گاجووت
تا ئاغا جنێو بدات بە مردووت
ئیتر لەمەولا بە ئەمری ئاغا
دزیەتی ناکەی لە مەزرا و باغا
ئیتر لەمەولا بۆ خۆت هەوڵ ئەدەی
لەش نەبی و تەممەڵ، دوژمنت شادکەی
هەوڵ و تەقالات هەر بۆخۆتانە
ناڵێیت کردەی من بردەی شەیتانە
کەتان کەتانە، کەتان کەتانە
ئەمجار کوردستان جا ئاوەدانە
هێجانان خاڵخاڵ بەفری ناچێتۆ
کردەوەی ئاغا لە بیر ناچێتۆ
کەتان کەتانە، کەتانی مەرغووب
یاخوا هەر بژی شاهەنشای مەحبووب
کەتان کەتانە، کەتانی بێ تۆز
یاخوا هەر بژی شاهەنشای دڵسۆز
کەتان کەتانە، کەتان کەتانە
خۆشی ڕووی کردە سەقز و بانە
جەژنی بەشبوونی گیاجاڕە و زەوی
بە پشتیوانی زاتی پەهلەوی
پشتیوانی شایش خوای جەببارە
کە پشتیوانی گەلی هەژارە
ئومێدەوارم بە خۆشی و شادی
فەلایان بگرن جەژنی ئازادی
هۆنەر بۆخۆیشی جنسی ئاغایە
بەڵام لەمێژە لەنێو داغایە!