بزنەکەی ئەخفەش

«بەبۆنەی دانی مافی نوێنەرایەتی مەجلیس بە ژنان لەلایان ڕژیمی پاشایەتییەوە»
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
 1 خولەک  808 بینین
پەریوەش بێرە نێو مەجلیس بە لێوی ئاڵ و چاوی گەش
بە دیقی چاوی لاشخۆر و ئیرتیجاعی ڕەش
وەرە دەر ئەی ژنی چارشێوبەسەر تاکەی لە تاریکی
ئەبێ تۆ بۆ لە ماف و حەقی مەشرووعت ببی بێبەش
زەمانی هەوڵ و ئیقدام و خەبات و کۆشش و کارە
ئەبێ بمرێ لەناوچێ موفتەخۆر و تەممەڵ و بێلەش
لە هەر لا هەر یەکێ سەر بەرز ئەکاتۆ هەر ئەڵێ من من
دەبا ئێمەیش بەجارێ سەر حەوا خەین و بڵێین ئێمەش
لەمەوپێش یەک برای هەورامی فەرمووی زۆر وەشی تاتۆ؟
لەلام وابوو جنێوم پێئەدا فەورەن وتم وەش وەش
بەڵام شوکری خودا ئێستا ڕەقیب تەنیایە دەنگ ناکات
مەگەر هەر هەڵتەکێنێ ڕیشی خۆی وەک بزنەکەی ئەخفەش
نە تەنیا سەقز و بانە بەڕێز ئەگرن قسەی نافیعناسناوی ئەدەبی
تەرەفداری کەلامی وین گەورک و مەنگوڕ و مامەش!