تەرکی پەیوەندی
لە کتێبی:
گرد و کۆ
بەرهەمی:
نافیع مەزهەر (1913-1998)
2 خولەک
969 بینین
بەم هەیئەت و شکڵە کە دەڵێی وەحشیی کێوم
کەی لایقی مزگەوت و قسەی شەرع و کتێوم
ئێستا کە عەوامم و ئەگەر هاتوو مەلایش بم
چی داوە لە ئەو مەرتەبەیە حەق و حسێوم
چۆن پێم ئەکرێ مەنعی شەڕاب کەم لە شەڕابخۆر
چوون هەمدەمی ئەقداحی مەیە دایمە لێوم
قەت بۆم ئەکرێ نەهیی نەزەربازی لە خەڵکی
خۆم لۆتی و لوسبازم و مەشغووڵی هەتێوم
چوون ڕووم هەیە بێژم کە مەکەن غەیبەت و بوختان
خۆم غەیبەت و بوختانکەر و ئەربابی جنێوم
چۆن پێم ئەکرێ مەوعیزەیی تەرکی عەلاقە
خۆم ڕۆژ و شەوان هەر لە خەیاڵی زەڕ و زێوم
چۆن ئەمری سەلیمی بکەم و ئەمری حەلیمی
خۆم توڕە و سەرکێش و غەزەبناک و بزێوم
مەر جا بە کەرەم بێ لەگەڵم حەزرەتی داوەر
ڕەحمێک و نەزەر کات بە حاڵاتی پەشێوم
لەم حاڵەتە بمباتە ئەسەر حاڵەتێکی تر
عەرز و فەلەک و عەڕش بەیەک ختوە بپێوم
ئەمجارە دەبا مەسنەدی بابم نەدەنێ و جێی
با مێسر و حەڵەب بێت چ لە ئێرە چ لەوێ بم
قازانجی سەروماڵمە ئیبتالی عەلاقە
چەن خۆشە کە خوێش هیچی نەکا خۆشی بەخێوم
«نافیع»ناسناوی ئەدەبی لە سەقزدا بەڕەڵایەکی فەقێیە
حەیفێ کە دەبن گاهێ لەبۆ مەسخەرە نێوم!