تاوێ تر ئەمرم

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  708 بینین
لە سەرەمەرگا ئینسان هەندێ شتی بەخەیاڵدا دێت کە لە هیچ کاتێکدا بەخەیاڵیدا نایەت و بەتایبەتی ئەگەر شاعیربێت لە غەریبی بێت، وا مامۆستا ا.ب هەوری پێشانمان ئەدات چۆن لە ساڵی 1935 لە دارالمعلمینی ئیبتدائی لە بەغدا بێکەس لەسەر سەرینی نەخۆشی بەتەمای خۆی نەماوە و ئەم چەند شیعرەی نووسیوە:
تا ژیام ژینم وتت زەبوون بی
گەردوون مەرگیشم هەر ئەبێ ون بی
بێ نەخۆش کەوتن بێ وەی بێ ناڵە
«بێ دەرمان خواردنی کاغەز و پیاڵە»
بێ دکتۆر هێنان بێ چاوەڕوانی
بێ گەرما و نرکەی دەمی بەیانی
بێ کەس لە ژوور سەر بێ باوک بێ برا
لەم ژوورە تارە بێ مۆم بێ چرا
بێ خوشک بێ دایک لە ژوور سەرینم
بەفرمێسک بشۆن دووتۆی برینم
بێ دولبەر جارێ بێ خۆی بنوێنێ
بەناز پایەی جەرگ لە بنج دەربێنێ
«بێ هەوای فێنکی گۆیژە و بەرانان»
بۆ بەرگەی ئاهـ و وەیشوومەی گیان دان
تاوێ تر ئەمرم لەم دوور وڵاتە
دڵ پڕ لە خۆزگە و ئاخ و ئاواتە
لاشەکەم بێ گیان هەتا بەیانی
لەسەر چەرپایە و لەژێر بەتانی
ئەمێنێتەوە تا جەرەس لێدان
کە زانرا مردووم ئەبێتە سەیران
دەورم لێ ئەدەن قوتابی درشت و ورد
ئاو بێنن خێرا سابوون دەست و برد
ئەمشۆن بەئاوی سارد و سابوونی
تەڕپێچم ئەکەن بێ چەند و چوونی
بێ ئەلحەد کردن لەم خاک و خۆڵە
ئەمنێنە چاڵێ لەم دەشتە چۆڵە
کە جێیان هێشتم بەگریە و زاری
گیان پەرواز ئەکا بۆ خزمەت باری
ئەڵێ نووسراوە لە قەبرم بەخوێن
من لە قەومێکم بێ ڕێگە و بێ شوێن
دەردی دوودڵی زەبوونی کردووین
قازانجی خۆیی و زەم و شەڕە جوێن
خوایە تۆ لەبەر پیاوچاکانی خۆت
ڕزگاریان بکە لە زنجیر و کۆت
زنجیر و کۆتێ زۆری نەزانی
نایدۆزنەوە ڕێی زیندەگانی