یاری من

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  839 بینین
یاری من غەددارە بۆیە ڕەحم و ویجدانی نییە
چاو مەستە زۆر بەدەستە دین و ئیمانی نییە
حیلە بازە، زۆر بەنازە، عالەمی گیرۆدەیە
وەسلی خۆی کرد کەچی هەر وەعد و پەیمانی نییە
بێ وەفایە، پڕ جەفایە ڕۆحی خۆیی بۆ فیدا
کەم، کەمە هێشتا لەکن ئەو تەبعی ئینسانی نییە
موددەتێ تا ئیشی پێم بوو ئیلتفاتێکی هەبوو
سەیرەکەم ڕووی گرژە ئێستاکە مەیلی جارانی نییە
نادروستە پوول پەرستە کەس نەویستە بۆ تەماع
عاشقان تێک بەرئەدات و باکی دۆستانی نییە
خوێن ڕژێنە، دڵ شکێنە، سەر بەفیتنە و شۆڕشە
هەردەمەی دۆستی یەکێکە و یادی یارانی نییە
بەسیە مردم ڕەنگی زەردم شاهیدی ئەم حاڵەیە
نۆکەری ئەم شۆخە ناکەم لوتف و ئیحسانی نییە