جەژنی چی؟
«بەبۆنەی ڕووداوەکانی ١٩٤٦ و ١٩٤٧ەوە»
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
2 خولەک
1101 بینین
جەژنێ بەشێوەی پەشێوی و بەشین
بە ئاهـ و ئۆف و بەناڵە و گرین
بەئاوازی دڵ، دڵانی غەمگین
بەئاهی سارد و بەبرژەی برین
ڕازابێتەوە، جەژنی من کوانێ!
کوا شادی، کوانێ، کوا کامەرانی!
***
جەژنێ بەرزانی دیل و دەربەدەر
ڕێکانیی دڵسۆز مات و قوڕبەسەر
خوشکان لە خوێنا چەقیو تا کەمەر
بۆ هەرلا بڕۆی شین بێ سەراسەر
ئەو جەژنە کۆڕی شین و شەپۆڕە
دڵ پڕ لە زام و ژیان سەرشۆڕە
***
جەژنی نوێ جەژنی قارەمانان بێ
یادی خۆشناو و کاکە حەمەگیان بێ
بۆ خەیری و عیززەت شین و گریان بێ
کوا جەژنە؟ شینە ڕۆژی گریانە
کوردستان ماتەم، هەر قوڕ پێوانە
***
جەژنی خوشکانی بەرزانیی کڵۆڵ
لێ قەوماو، بێ کەس، لەشیو و لە دۆڵ
یا لە تەل بەندا لە «دیانە»ی چۆڵ
خواردنیان بەرد و دڕک و داڵ و خۆڵ
ئەو جەژنە ڕۆژی قاتی و قڕانە
قڕانی کۆرپە و کچی کوردانە
***
جەژنێ جێی بینین ژووری زیندان بێ
جەژنانەی لاوان کۆتی گران بێ
میللەت هەژار و ڕووت و بێ نان بێ
شادی و بەزممان جگەرە کێشان بێ
یاخوا ئەو جەژنە بەزەهری مار بێ
گیانم بێ بەخاک، لەڕ اگوزار بێ
***
جەژنێ جەژنمە خاکی نیشتمان
ژێر چەپۆک نەبێ و بژی کامەران
میللەت تێر و پڕ بەرز و شادمان
دایکان بیسڕن فرمێسکی چاوان
کاتێ جەژن ئەکەم بگەم بەمراد
میللەتم شاد بێت، نیشتمان ئازاد
***
تۆڵەی لاوانی لە دار دراوم
خوێنی گەنجانی کوردی کوژراوم
بسێنم ئەوسا نانی بڕاوم
دەستگیرم ببێ تابی هەناوم
ئەوسا پڕ بەدڵ ئەڵێم شادییە
ئەڵێم وا جەژنی گەل ئازادییە