ساقی لە پەردە دەرهات

«پێنج خشتەکی لەسەر غەزەلێکی سالم»
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  4922 بینین
گەرد و گوڵی بەیان بوو سەبا کیتابی هێنا
لەو یارە نازدارەوە ڕاز و عیتابی هێنا
لە خۆشییا کە قاسید هات و جەوابی هێنا
«ساقی لەپەردە دەرهات جامی شەرابی هێنا
دڵ خیرە ما لە حیرەت مەهـ ئافتابی هێنا»
***
بیستومە ئیمڕۆ دولبەر تەشریفی چۆتە سەیران
هەستام و چوومە سەحرا منیش بەیادی جاران
هۆشم نەما کە بیینم لۆمەم مەکەن ڕەفیقان
«یەک زەڕە عەکسی پڕتە و دەرکەوت و تووری سووتان
ئایینە سەخت ڕووبوو لەو عەکسە تابی هێنا»
***
واقەوم و خۆیش تەبیبیان هێنا و هاتن بەدەستە
دەستێکی دا لە دەستم فەرمووی کە چیتە هەستە
وتم دەرمانی دەردم لای تۆ نییە مەوەستە
تیماری چاکی سینەم ڕاجیع بەچاوی مەستە
«بەختیش موافیقی عەشق بۆ من خرابی هێنا»
***
لە کۆڕی بەزم و ڕەزما، لە حاڵەتێکی مەستا
دانیشتبووم لەناکاو عوود و کەمانە وەستا
لە حیرەتا سەراپا مەجلیس عوموومی هەستا
«یارم لە ئەندەروون هات دەستی ڕەقیب لە دەستا
غەمناک و شادمانم، ڕەحمەت عەزابی هێنا»
***
دەستم لە بادە هەڵگرت ساز و نەیم فڕێ دا
ترسی قیامەتم بوو ڕوو ڕەش نەبم لەوێدا
بەرماڵم گرتە کۆڵ و توند لە ملم گرێ دا
«بۆ تۆبە سوویی مەجلیس هاتم بچم، لە ڕێدا
بۆ کۆیی مەی فرۆشان قیسمەت شیتابی هێنا»
***
جەمالی تۆیە فکری بەئێمە بەخشی نەشمیل
دڵ بەندی تۆم و دائیم غەمبار و پەستم و دیل
مەحروومی دیدەنیتم دووچاری عیللەتی سیل
«ڕوو هەر لە من ئەپۆشی و، حاڵی یەکە جیبریل
هەر خاسە بۆ من و ئەو ئایەی حیجابی هێنا»
***
بەئاخ و داخی تۆوە شەو تا سەحەر ئەدەم تل
نەختێ لە خوا بترسە ئەی چاو ڕەشەی شل و مل
ئۆباڵی من بەئەستۆت بەسیە نەما تەحەممول
«وەی وەی چ مەجلیسێ بوو، بەهـ بەهـ لە دیدە و دڵ
دولبەر شەرابی گێڕا، سالمناسناوی ئەدەبی کەبابی هێنا»