بەشارەت بێ لە قەومی کورد

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 2 خولەک  1122 بینین
بەشارەت بێ لە قەومی کورد فەلاکەت شوێنی مەفقوودە
لە سایەی خواوە ئەمڕۆژە خەلایق جوملە مەسعودە
چرای ئاسایشی هەڵکرد، حکوومەت حوکمی مەحدوودە
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە
عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە
***
زەمانێ بوو لەژێر باری مسیبەتدا ئەمان ناڵان
بەدایم گوێچکەمان پڕ بوو لە باسی کوشتن و تاڵان
لە سایەی فەزڵی موتەسەڕیف بەسەر چوو ڕۆژی شوومیمان
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە
عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە
***
کە زاتی پاکی موتەسەڕیف تەعین بوو بۆ سولەیمانی
نەما لەو ڕۆژەوە ئیتر نیفاق و جەهل و نادانی
مونەووەر بوو هەموو لایەک بەنووری عیلم و عیرفانی
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە
عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە
***
سەعادەت بوو بە بەرگێک و کرایە بەر هەموو فەردێ
نەما ئەخباری ناخۆشی، لە دڵ دەرچوو هەموو دەردێ
دوعا گۆی زاتی عالیتانە ئێستاکە هەموو کوردێ
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە
عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە
***
عەجایب بەهرەیەک بوو خوا کە دای بەم قەومی کوردانە
شەوی دەیجووری لێ لاچوو، جەهالەت وا لە فەوتانە
ئەگەر چی نووستووین هەڵساین، وەتەنمان ڕوو لە عیمرانە
ئیلاهی سەد شوکر ڕۆژێکی چەند پیرۆز و مەحموودە
عەدالەت، ئەمنیەت، ڕاحەت سەراسەر ئێستە مەوجوودە