خەیاڵی ژێر لێفە

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 1 خولەک  1387 بینین
عیلم و نەزانین بخەرە لاوە
هەر پشتت ببێ کارت تەواوە
خزم و خوێش قسەی پیرێژنانە
ڕەفیقی دڵسۆز ئێستە جزدانە
ئافرەتی بێ وێل ئەزانی چۆنە
بەخوا هەر وەکوو گوڵی بێ بۆنە
ئەوی بییەوێ عالەم مەمنوون کا
ئەبێ هەوڵ بدا خۆی بە مەیموون کا
داخی هەندێ کەس لە سینەمایە
ڕۆژی ڕەنگێکە وەک «سینەما»یە
قەت بە زەبر و زەنگ ئیش ناچێتە سەر
مار بە فیکەیەک لە کون دێتە دەر
جوانی بە من چی کە نەفام دەرکەوت
مۆمێک چاترە لە چرای بێ نەوت
جوانێ لە پیرێ گەر مارە بکرێ
بێ شک زەربەیە لە ئەخلاق ئەدرێ
ئەمڕۆ دنیایە و سبەی مردنە
تێشووی هەردوو لا چاکە کردنە...