باسی ڕەمەزان

لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
 3 خولەک  1628 بینین
خەڵقە پێم بڵێن کە چی قەوماوە
ئەم خەڵقە بۆ چی ئەڕۆن ڕۆژاوە؟
هەر غەڵبە غەڵبی خەڵکە و تێ ناگەم
هەر ئەڵێن هەورە و فەرقی پێ ناکەم
یەکێ هات وتی چۆن تۆ نازانی
لە سایەی خواوە خۆ موسوڵمانی
ئەمڕۆ سی و یەکە وا ڕەمەزانە
مانگێکی گەورەی موسوڵمانانە
ئەم خەڵقە بۆیە گردن لێرانە
بزانن دیارە مانگ یا پەنهانە
خۆم پێ نەگیرا زوبانم نەسرەوت
وتم ئەی هاوڕێ ئەوا ناوکم کەوت
خوا بتان گرێ بۆ چ منتان تۆقان
بۆچ لەم کاتەدا لێم بوون بەشەیتان
حاسڵی لێم دا چوومە ماڵەوە
بەدڵێکی زۆر پڕ خەیاڵەوە
هێندەی پێ نەچوو زرمەی تۆپ هەڵسا
عالەم لە دەنگ و ناڵەی ئەترسا
هەرا پەیابوو لەناو خاس و عالەم
ڕێ بەر نەئەکەوت لەبەر ئیزدحام
خوایە کەرەمت هەر بۆ من غەمە
سەد شوکر خوایە من ڕازیم بەمە
خۆ داخی ڕۆژوو هێندە گرانە
لەسەر دڵی من ئەڵێی باتمانە
توشی گون ڕەشی خۆم ئەوا هاتم
نازانم چی بکەم، کوا ڕێی نەجاتم
بەڕۆژ بەڕۆژوو گێژ و بێ هۆشم
لاکەی سەرم دێ چەشنی سەرخۆشم
ئەوقاتم لەبەر بێ هێزی وەک تر
دەڕوات و کەوتووم وەک ئێشکی کەر
دەی چاوەڕوان بە تا وەختی ئیفتار
سەیری سەعات کە و بکە ئینتیزار
کاتێ ئەزانی تۆپ ئاگر درا
ناوساجی و شفتە و ماستاو دانرا
بەڵام پێم بڵێن هەی داد و بێداد
بۆ چی پێم ناخورێ لە دوو پاروو زیاد
خۆ لە پێش تۆپدا من لە دڵی خۆم
ئەموت قەت مومکین نییە تێر بخۆم
کەچی کەوەختێ هاتمە سەر سینی
ئەوە خواردنمە کە ئەبینی
لە دوای نان خواردن نۆرەی گەڕانە
یان چاخانەیە یان دیوەخانە
چاخانەش هەروەک حەمامی ژنان
دەنگ و قیڕەیان ئەگاتە ئاسمان
لە شەق و هووڕی دۆمینە و قومار
ئینسان لە ژینی خۆی ئەبێ بێزار
ئەمجا بام سەرێ لە دیوەخان دەین
بزانین چییە و هەواڵ تێ بگەین
ئەگەر هەواڵی ئەوێیش ئەپرسی
هیچ نییە غەیرەز باسی مەبعووسی
یەکێکیان ئەڵێ فڵان کەس باشە
ئەوی تر ئەڵێ ئەحمەق و جاشە
کۆمەڵێکی زۆر بێ زەوق و سروور
دایم هەرایە پڕ لە گرم و هووڕ
ئەوا بەم حاڵە شەویشمان ڕابوورد
چوینە ماڵەوە پارشێویشمان کرد
هیچی تر نەما جا نۆرەی خەوە
بەسەر خواردندا وەرە پاڵ کەوە
کە نیوەڕۆ بوو عالەم هەستاوە
دەم وشک و بۆگەن چاویان ئاوساوە
دەروونیان گەرمە هەروەک ئاگرن
دایم بۆ شەڕ و هەرا حازرن
لە جێی ڕۆژباش و قسەی پیاوانە
هەر شەڕەجوێنە لەیەک هەڵدانە
ئەمە تەعریفی مام ڕەمەزانە
لەبەری بکە و چاکی بزانە!...
یا ڕەب بە دوورمان بکەی لە ئافات
لادەی لە سەرمان دەرد و مجافات