مەلا و شێخەکان
لە کتێبی:
دیوانی فایق بێکەس
بەرهەمی:
فایق بێکەس (1905-1948)
1 خولەک
1681 بینین
لای مەلا وایە کە جەننەت تەکیە و لات خانەیە
جێی موردید و شێخ و سۆفی، مەلجەئی دێوانەیە
غەیری ئەم قیسمانە باقی کافری بتخانەیە
موختەریع، عالم، مونەووەر پەشمە لای، ئەفسانەیە
***
شێخ ئەگەر سەد کەس بەخەنجەر لەت بکا بەئسی نییە
«....» بکا، تاڵان بکا، کوشتار بکا، ترسی نییە
چونکە ئەولادی ڕەسوولە قەتعییەن پرسی نییە
خائین و بێ دین لەکن ئەو عاشقی پەیمانەیە
***
مامە سۆفی وای تەمایە هەر بەڕیشی پانەوە
قەسری بۆ حازر کرابێ پڕ بە حۆری جوانەوە
ئەو ئەڵێ جەننەت بەڕیشە، نەک بەهۆی عیرفانەوە
***
سەد «صلاح الدین» و «دارا» قیمەتی یەک ئانەیە
گەر بەهەشت هەر بێتە جێگەی جاهیل و شێت و کەران
دۆزەخیش مەخسووسی پیاوی فازیل و ساحێب نیشان
خوایە بمخەیتە جەهەننەم نەچمە ڕیزی وەحشییان
جەننەتی چی گەر وەها بێ عەینی تیمارخانەیە
***
چاوەکەم بەخوا خەیاڵتان خاوە چاکی تێ بگەن
خوا یەکێکی خۆش ئەوێ دانابێ ساحێب فیکر و فەن
ئیستفادەی بۆ بەشەر بێ، خادیمی موڵک و وەتەن
های هوویی بێ سەمەر هەر کردەوەی شێتانە